ڕۆماتیزم - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

السبت، 19 مايو 2018

ڕۆماتیزم

نەخۆشی ڕۆماتیزم بریتیە لە ئیلتیهابی درێژخایەنی جومگە كە بەشێوەیەكی سەرەكی كاردەكاتە سەر جومگە بچوكەكانی دەست و قاچ. نەخۆشی ڕۆماتیزم كاردەكاتە سەر دیوی ناوپۆشی جومگەكان و ئازار و ئاوسان لە جومگەكاندا درووست دەكات و دوای تێپەڕبونی چەندین ساڵ دەبێتە هۆی تێكچونی شێوەی جومگەكە. نەخۆشی ڕۆماتیزم كاتێك روودەدات كە كۆئەندامی بەرگری لەش بەهەڵە پەلاماری خانە و شانەكانی لەشی خۆت دەدات و دەبێتە هۆی درووستبونی گرفت لە جومگەكاندا. نەخۆشی ڕۆماتیزم كاردەكاتە سەر هەموو ئەندامەكانی لەش و دەبێتە هۆی درووست بوونی بێهێَزی و تا ئەم نەخۆشیە زیاتر تووشی ئافرەتان دەبێت بەبەراورد بە پیاوان وە عادەتەن لەنێوان تەمەنی ٤٠-٦٠ ساڵیدا ڕوودەدات.
نیشانەكانی نەخۆشی ڕۆماتیزم:
نیشانەكانی نەخۆشی ڕۆماتیزم ووردە ووردە دەرئەكەوێت خراپ دەبێت و ئەم نیشانانە دەگرێتەوە:
١- ئازار: جومگەكە تووشی ئازار دەبێت لەكاتی جوڵاندن و ئیش پێكردن
٢- بوونی ئازار لەكاتێكدا بە دەست پەستان بخەیتە سەر جومگە تووشبووەكە وە گەرم بوونی جومگەكە و ئاوسانی جومگەكە
٣- ڕەق بوون: ڕەقبوونی جومگەكان بەتایبەتی لەبەیانیاندا یا دوای ماوەیەكی زۆر لە ئیسراحەت و ئیش پێنەكردنی جومگەكە كە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەردەوام دەبێت.
4- نەمانی جووڵە ی جومگەی تووشبوو بەشێوەی ئاسایی پێشوی خۆی.
5- درووستبوونی هەڵاَوسانێك لەژێر پێستەوە بەتابەتی لە قۆڵدا كە پێی دەوترێت گرێی ڕۆماتیزمی.
6- بێتاقەتی , ئازار , تا , دابەزینی كێشی لەش.
نەخۆشی ڕۆماتیزم لەسەرەتادا تووشی جومگە بچووكەكانی دەست و قاچ دەبێت بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی نەخۆشیەكەو و بە تێپەڕبونی كات كاردەكاتە سەر جومگەكانی (ئانیشك , شان , ئەژنۆ , سمت یان حەوز و جومگەی پاژنەی پێ ).
هۆكارە هاندەرەكانی تووشبون بە نەخۆشی رۆماتیزم
یەكەم/ تەمەن: نەخۆشی ڕۆماتیزم لەهەموو تەمەنێكدا ڕوودەدات بەڵام زیاتر لەنێوان تەمەنی ٤٠-٦٠ ساڵیدا روودەدات. . دووەم/ ڕەگەز:  ئافرەتان زیاتر تووش دەبن بە نەخۆشی ڕۆماتیزم بەبەراورد بە پیاوان.
سێیەم: بۆماوەیی: بوونی نەخۆشی ڕۆماتیزم لە مێژووی خێزاندا: ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ڕۆماتیزم زیاترە لەوكەسەی دایكی یا خووشكی یا باوكی یا پووری یا نەنكی یان كەسی تری خێزانەكەی نەخۆشی ڕۆماتیزم ی هەبێت
چوارەم: جگەرەكێشان: ئەو كەسانەی جگەرە دەكێشن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی ڕۆماتیزم زیاتر دەبێت.
هەروەها تووشبوون بە هەندێك ڤایرۆس و بەكتریاش دەوریان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشی ڕۆماتیزم.
دەست نیشانكردنی نەخۆشی ڕۆماتیزم:
١- پشكنینی سەرەتایی  Physical Examination : هەرچەندە دەست نیشانكردنی نەخۆشی ڕۆماتیزم ئاسان نیە لە قۆناغە سەرەتاییەكانیدا، چونكە نیشانەكانی ئەم نەخۆشیە لێكچوونی لەگەڵ نیشانەكانی زۆر نەخۆشی تر هەیە، پشكنینێكی تایبەت نیە بۆ دیاریكردنی نەخۆشی ڕۆماتیزم. لەكاتی پشكنینی سەرەتایی جومگە توش بوەكەدا پزیشكەكەت دەگەڕێت بۆ بوونی ئاوساوی، هێزی ماسولكەكان، جوڵەی جومگەكە، سوربونەوە، ئازار.
٢- پشكنینی وێنەی تیشكی Imaging Test :  تیشكی ئێكس: بۆ دیاریكردنی نیشانەكانی نەخۆشی ڕۆماتیزم لە جومگەدا. - تیشكی ئێم ئاڕ ئای: تیشكی ئێم ئاڕ ئای زۆر ووردترو دەقیقترە لە دیاریكردنی نیشانەكانی نەخۆشی ڕۆماتیزم لە جومگەدا.
٣- پشكنینی تاقیگەیی Laboratory Test : پشكنینی خوێن: بۆ دیاری كرن و جیاكردنەوەی هۆكارەكانی تری ئازاری جومگە واتە بۆئەوەی جیای بكاتەوە كە ئایا ئەم جۆرە ئازارەی جومگەیە هۆكارەكەی نەخۆشی ڕۆماتیزمە یان نەخۆشیەكی تری ئێسكە وەك نەخۆشی سەوەفان. لە نەخۆشی ڕۆماتیزمدا ڕێژەكەیان بەرزدەبێتەوە: (ESR, Anti CCP). شیكاری شلەی ناو جومگەكە: بە هۆی دەرزیەك شلەی ناو جومگە تووشبووەكە وەردەگرێت بۆ پشكنین بۆ دەركەوتنی هۆكاری تووشبون بەو ئازار و ئاوسانە كە ئایا ڕۆماتیزمە یان سەوەفانە یان ئیلتهاباتی ترە.
چارەسەری نەخۆشی ڕۆماتیزم:
لەڕاستیدا چارەسەرێك نی یە بەتەواوی نەخۆشی ڕۆماتیزم بنەبڕ بكات , چونكە نەخۆشی ڕۆماتیزم نەخۆشیەكی درێژ خایەنە , بەڵام ئەو چارەسەرانەی دەدرێت تەنها بۆ كەمكردەوە و نەمانی ئازار و ئاوساوی و گەڕانەوەی جوڵەی ئاسایی جومگە توشبوەكەیە, لەو چارەسەرانەی هەیە بۆ نەخۆشی ڕۆماتیزم ئەمانەن:
١- پاراسیتامۆڵ: ئەم دەرمانە دەدرێت تەنها بۆ كەمكردەوە و نەمانی ئازار نەك بۆ كۆنترۆڵی ئیلتهابەكە.
Nonsteroidal anti-inflammatory drugs (NSAIDs)- 2
ئەم دەرمانە دەدرێت بۆ كەمكردەوە و نەمانی ئازار یش و بۆ كۆنترۆڵی ئیلتهابەكەش. نمونە ی ئەم دەرمانە وەكو (حەپی ناپرۆكسین ,حەپی پرۆفین ) بەڵام ئەوكەسانەی قورحەی مەعیدەیان هەیە نابێت ئەم دەرمانە بەكار بهێَنن.
٣- دەرمانی ستیرۆید: ئەم دەرمانە دەدرێت بۆ كەمكردەوە و نەمانی ئازار یش و بۆ كۆنترۆڵی ئیلتهابەكەش.
دەرزی ستیرۆید بە دەرزیەك مادەی ستیرۆیدەكە دەكرێتە ناو جومگە تووشبوەكە و ئازارەكەی نامێنێت . بەڵام پێویستە بزانیت دەرزی جومگە نابێت، سێ جار زیاتر بكرێت لە ساڵێكدا بۆ ئەو جومگەیە.
٤- چارەسەری سرووشتی ( علاج تەبیعی): ئەم چارەسەرە زۆر گرنگە بۆ جومگە تووشبوەكە لەلایەن كەسی شارەزاوە ئەنجام دەدرێت.
٥- گۆرینی جومگە بە نەشتەرگەری: نەخۆشی ڕۆماتیزم نەخۆشیەكە كە ڕۆژ بەڕۆژ بە تێپەڕبوونی كات بەرەو خراپبوون دەچێت , بوونی ڕەق بوون و ئازارێكی زۆر لە جومگە تووشبوەكە وا لەو كەسە دەكات نەتوانێت ئیشەكانی ڕۆژانەی بەتەواوی جێ بەجێ بكات . لەهەندێك كەسدا وای لێ دەكات توانای ئیشكردنی هەر نامێنێت كە گەشتە ئەم ڕادەیە پزیشكەكەت پێشنیاری گۆڕینی جومگەكەت بۆدەكات.