فەقەرات - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

السبت، 19 مايو 2018

فەقەرات

فەقەرات یان بڕبڕەی پشت ئەو ئێسكانەن كە لە 33 بڕبڕە پێكهاتوون ، لەڕووی هەیكەلەوە كاسە دەبەستێتەوە بەحەوزی خوارەوەی مرۆڤ وەك هەموو ئەندامەكانی لەش ئەگەری توشبوونیان بەنەخۆشی هەیە و ئەو نەخۆشیانەی تووشی ئەو بڕبڕانە دەبن پێیان دەڵێن فەقەرات.

(د.هەندرێن محەمەد رەشید) پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشك و دەمارەكان لەنەخۆشخانەی شەهید د.ئاسۆ لەدیدارێكدا لەگەڵ سایتی بەرێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی "dohsuli" هۆكارەكانی توشبوون بەنەخۆشییەكانی فەقەرات ڕووندەكاتەوە و زانیاری زیاتر دەربارەی چارەسەری گونجاو بەو نەخۆشییە دەخاتەڕوو .

Dohsuli: نەخۆشی بڕبڕەی پشت چەندجۆری هەیە ؟

د.هەندرێن محەمەد: نەخۆشی بڕبڕەی پشت چەندجۆرێكی هەیە وەك بڕبڕەكانی ( مل- سنگ - پشت ...هتد ) ، هەرجۆرێكیان بەهۆكاری جیاجیا تووشی مرۆڤ دەبن و ئازارەكان پەل دەهاون بۆ ئەو ئەندامانەی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی فەقرات لێ‌ دەكرێت .

Dohsuli: هۆكارەكانی تووشبوون بەم نەخۆشییە كامانەن ؟

د.هەندرێن محەمەد: هۆكارەكانی بریتین لە ( هەڵگرتنی قورسایی ، جوڵانی لەناكاو ، وەرزش نەكردن ، بەركەوتن ، ڕووداو ، زەبری دەرەكی ، ڕووداوی هاتووچۆ ، لێدان ) و ئەو هۆكارانە بەشێوەك ڕووبەروی مرۆڤ دەبنەوە بەجۆرێك ئەگەری ئەوەی هەیە بڕبڕەكان بشكێن یان دڕكەپەتك ببڕێت و تووشی نەخۆشی شەلەل ببێت ، ئەمە جگە لە بەركەوتن كە كەسەكە تووشی دەرچوونی كڕكڕاگەكانی دیسك دەبێت و بەمەش دەردەكەوێت كە تووشی فەقەرات هاتووە .

Dohsuli: ئایا هەموو بڕبڕەكان تووشی نەخۆشی دەبن ؟

د.هەندرێن محەمەد: بەڵێ‌ هەموو بڕبرەكان ئەگەری توشبوونیان هەیە بەنەخۆشی وەك هەر ئەندامێكی تری لەش لەرێگای ڤایرۆس و بەكتریاوە تووشی هەوكردن دەبێت و بەمەش ترازانی كڕكڕاگەكانی لێ‌ دەكەوێتەوە ، بەجۆرێك (80%) ی نەخۆشییەكان لە بڕبڕەكانی (1،4،5) ی پشتدان كە زۆربەی جوڵاندنەوە و چەماندنەوەی مرۆڤ لەو بڕبڕانەدایەو (15%) ی دیكەی نەخۆشییەكانی دیكەن .

ئەو كڕكڕاگانەشی لەنێوان بڕبڕەكاندان دوو جۆرن و یەكەمیان لەناویدا لینجییەك هەیە وەكو جێڵ وایە و جۆری دووەمیشیان لەدەوری كڕكڕاگەكەدان ، هەموو ئەمانە لەئەنجامی زۆری تەمەن و چەمانەوە و نوشتانەوە ووشك دەبنەوە ئەولینجیەیان نامێنێت ، دواتر دەردەپەڕێت بەناوەڕاستدا یان بەلایەكی بڕبڕەكان و ئەگەر بەناوەڕاستدا بێت پێدەچێت بەر هەردوو دەماری بڕبڕەی پشت بكەوێت ، هەربۆیە زۆربەری جار بەلای ڕاست یان چەپدا بكەوێت ئەوا وا لە مرۆڤە دەكات پێیەكانی تووشی ئازار ببێت .

Dohsuli: زیانەكانی نەخۆشییەكانی فەقەرات بۆ مرۆڤ چین ؟

د.هەندرێن محەمەد: ئەگەر ئازاری بڕبڕەكان زۆر بێت ئەوا كەسی تووشبوو میزی پێ‌ ڕاگیر ناكرێت و ناتوانێت كۆنترۆڵی میز و پیسایی خۆی بكات ، چونكە ئەگەر بەزوویی چارەسەری خۆی نەكات تووشی نەخۆشی شەلەلی هەمیشەیی دەبێت ، بۆیە (100%) ی ئەوكەسانە لەڕێگای وەرگرتنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و نەشتەرگەرییەوە چارەسەر دەكرێن ، بەشێوەیەك نەخۆش لەسەرەتادا فریای خۆی بكەوێت و بەزوویی سەردانی پزیشك بكات ئەوا نەشتەرگەری سووكی دەوێت ، بەڵام لەكاتی پشتگوێ خستنی پەل دەهاوێت بۆ بڕبڕەكانی (2،3،4) و ئەوكات ئەو بڕبڕانە دەخورێن و دەشكێن و كەسەكە پێویستی بەدانانی پلاتین دەبێت .

وەرگیراوە