وەرزش کردن - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الجمعة، 13 يوليو 2018

وەرزش کردن

سوودەکانی وەرزشکردن:
۱) وەرزشکردن یارمەتیت ئەدات کۆنترۆڵی کێشی لەشت بکەیت و خۆت بەدوور بگری لە قەڵەوی، چونکە لەکاتی وەرزشکردن ووزەیەکی زیاتر سەرف دەبێت و چەوری زیادەی لەش دەتوێتەوە

۲) وەرزشکردن شەڕ لەگەڵ نەخۆشیە درێژخایەنەکان دەکات، ئەو کەسانەی زەختیان هەیە زۆر گرنگە وەرزش بکەن چونکە دڵ بەهێز دەکا و فشاری خوێن دائەبەزێنێ، بۆ نەخۆشی شەکرە بەپێ ڕۆیشتن و ڕاکردن زۆر بەسودە چونکە کالۆری زیاتر ئەسوتێنێ و کاری ئەنسولین باشتر دەکا و شەکری خوێن کۆنترۆل دەکات، بۆ نەخۆشی بەرزی چەوری وەرزشکردن باشترین چارەسەرە چونکە چەوری زیادە لەناو دەبات و قەڵەوی کەم دەکاتەوە، بۆ ئینزیلاقی پشت و صەوەفانی ئەژنۆ مەلەکردن کاریگەرترین چارەسەرە، بۆ نەخۆشی شەقیقە یەکێک لە چارەسەرە کاریگەرەکان وەرزشکردنێکی بەردەوامە.

۳) وەرزشکردنی بەکۆمەڵ(دوو گۆڵی) میزاج و مێشک ساف دەکات چونکە ئەم وەرزشانە هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی وەکو سیرۆتۆنین و ئیندۆرفین زیاددەکەن لە خوێندا، بەتێکەڵاو بون لەخەڵکی کەسەکە دووردەکەوێتەوە لە هەستی تەنیایی و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

٤) بە وەرزشکردن وزە و توانا و چالاکی جەستەییت زیاتر دەبێت، ئەگەر بەیانیەک زوو لە خەو هەستی و بچی بۆ شاخەوانی(بۆ سەر گۆیژە) کە هاتیتەوە و تاقەت و میزاجێکی زۆر باشترت دەبێت بۆ هەڵسوراندنی ئیشی ڕۆژانە.

٥) ئەگەر کێشەی بێ خەوی و خەوزڕاندنت هەیە، بە وەرزشکردنێکی ڕێکوپێک دەمەوئێواران خەوێکی قووڵ و خۆشت لێ دەکەوێ هەر کە چویتە سەرجێگاکەت.

٦) وەرزشکردن ژیانی سێکسیت باشتر دەکا و لاوازی سێکسی ناهێڵێ و توانا و ووزەت زیاتر دەکات لەپێناو ژیانێکی تەندروست.

۷)وەرزشکردن یارمەتیت ئەدات واز لە جگەرەکێشان و مەی خواردنەوە بێنی و دوورکەویتەوە لەو خوە خراپانە و گەنجێتیت بۆ دەگەڕێتەوە.

وەرزشکردنێکی ڕێکوپێک پێویستە ٤ ڕۆژ لە هەفتەیەک کەمتر نەبێ و هەموو ڕۆژێک سەعاتێک وەرزشێکی ناوەندـ سەخت بێت،بەشێوازێک کە وەرزشکارەکە هیلاک بێت و لێدانی دڵی خێرابێت بۆ ئەوەی چەوری زیادە بتوێنێتەوە و سوود لە وەرزشەکە ببینێت، وەکو دووگۆڵی، ڕاکردن،پایسکیل سواری، مەلەوانی ، ریازەی ئاسن و شاخەوانی.

"هیوادارم هەمیشە وەرزش بکەن" 
د.داهات حەوێزی
پسپۆری هەناوی و نەخۆشیەکانی دڵ