ناسوری کلێنچکە Pilonidal Sinus
ناسوری کلێنچکە کونێکە یان تونێڵێکە لە ژێر پێستی سەر کلێنچکە لە بەشی سەرەوەی نێوان سمت. لەوانەیە پڕبێت لە شلە یان جەراعەت کە دەبێتە هۆی دروست بوونی کیس یان دوومەڵ.
کیسی ناسور مووی تیایە لەگەڵ پیسی و جەراعەت، کە لەوانەیە توشی هەوکردن بێت، ئەو کات خوێنی لێدێت و بۆنی ناخۆش دەبێت.
ناسور زیاتر لە ڕەگەزی نێردا باوە ، وە لە گەنجدا زیاتر ڕوودەدات وە زیاتر باوە لەوانەدا کە زۆر دائەنیشن وەك شۆفێری تاکسی.
جگە لە کلێنچکە، ناسور لە ناوك و نێوان پەنجەی دەستدا ڕوودەدات.
----------------------------------------------------------------------
هۆکاری تەواوەتی توشبوونی ئەم نەخۆشیە نەزانراوە، بەڵام وا پێدەچێت کۆمەڵە هۆکاری گۆڕانی هۆرمۆنەکان (چونکە لە کاتی کامڵ بووندا باوترە) گەشەی موو، وە لێك خشان لەگەڵ جلەکان بە تایبەت لەو کەسانەی کە زۆر دادەنیشن.
----------------------------------------------------------------------
لە سەرەتاوە لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەبێت جگە لە بەرزبوونەوەیەکی وەك زیبکە بەڵام هەر کە توشی هەوکردن بوو دەبێت بە کیس یان دوومەڵ کە ئەم نیشانانەی دەبێت:
١- ئازار لە کاتی دانیشتن یان بە پێوە وەستان
٢- هەڵئاوسانی کیسەکە
٣- سوربونەوە
٤- خوێن لێهاتن و جەراعەت کە بۆنێکی ناخۆشی دەبێت
٥- دەرچونی تۆپەڵێك موو لە دەمی ناسورەکەوە
٦- بوونی چەند کونێك لە پێستەکەدا
----------------------------------------------------------------------
خۆپاراستن لە تووش بوون بە ناسوری کلێنچکە یان لە سەرهەڵدانەوەی بەوە دەبێت کە هەمیشە شوێنەکەی پاك بێت و ووشك بێت و مووی پێوە نەبێت، وە دوور بین لە دانیشتنی زۆر.
----------------------------------------------------------------------
چەند ڕێگا چارەسەرێك هەیە بۆ ناسوری کلێنچکە، وەك:
١- لە کاتی زوو پێزانین لە سەرەتای نەخۆشیەکەدا، بە پێدانی دەرمانی دژە هەوکردن.
٢- کردنەوەی ناسور کە دەبێت بە دوومەڵ وە پاكکردنەوەی لە موو و جەراعەت بە بەنجی موضعی.
٣- نەشتەرگەری، بۆ زۆربەی نەخۆشەکان باشترین چارەسەرە، وە دەبێت نەخۆشەکە فێر بکرێت چۆن دوای نەشتەرگەری تەداوی برینەکە دەکات وە کە دەبێت ئاگای لێبێت شوێنەکەی هەمیشە پاك بێت، ووشك بێت وە مووی پێوە نەبێت.
دکتۆر- نەورۆز انور فەقێ محمود
پزیشکی ڕاهێنراوی نەشتەرگەری گشتی
