سوتانەوەی شوێنی دایبی مناڵ - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأربعاء، 7 نوفمبر 2018

سوتانەوەی شوێنی دایبی مناڵ

🔴 ((سوتانەوەی شوێنی دایبی منداڵ))

سوتانەوەی شوێنی دایبی منداڵ کە زاراوە زانستیەکەی ( Diaper rash )ە، یەکێکە لە جۆرە باوەکانی سوتانەوەی پیست کە دەبیتە هۆی ڕوشاندنی پیست لەشوێنی دایبی منداڵ کە بەشێوەی رەنگی سوری کاڵ دەردەکەوێت .

بەشێوەیەکی گشتی سوتانەوەی شوێنی دایبی پەیوەندی بە تەڕی و شێداری ناوچەی دایبی و کەم گۆرینی دایبی منداڵەوە هەیە، لەگەڵ هەستیاری پێست و خورانی پێست بەزۆری لەمنداڵی تازە لەدایکبوو دا دەردەکەوێت کەبەزۆری دایبی تەردەکەن.

چارەسەرکردنی ئەم سوتانەوەیە زۆر ئاسانە و پێویست بەدەرمان ناکات زۆرجار. بەشێوەیەکی گشتی ووشک راگرتنی شوێنی دایبی و زۆرگۆرینی  واتە هەر کە منداڵەکە دایبیەکی تەڕکرد پێویستە یەکسەر بگۆردرێت و نەهێڵرێت بەتەڕی بمێنێتەوە.

🔹 نیشانەکانی:

سوتانەوەی شوێنی دایبی دەستنیشان دەکرێت بەرەنگی سوری کاڵی پێست و منداڵ هەست بە ئازارو سوتانەوە دەکات زیاتر لەکاتی گۆرینی دایبی و دەستلێدانی شوێنەکە هەست بەئازارەکە دەکرێت.

🔹کەی پێویستە سەردانی دکتۆر بکرێت؟

١- ئەگەر سوتانەوەکە زۆر توند بوو وە ئاسایی نەبوو .
٢- ئەگەر بەرەو خراپی دەچوو سەرەڕای پاکڕاگرتن  و وشک راگرتنی. 
٣- ئەگەر خوران و برینداربوونی لەگەڵدابوو 
٤- ئەگەر سوتانەوەکە ئازاری هەبوو لەکاتی میزکردن و پیسایی کردن 
٥- ئەگەر تای لەگەڵ بوو.

🔹هۆکارەکان چین ؟

١- روشاندن بەهۆی میز و پیساییەوە : 
بەرکەوتنی میز و پیسایی دەبێتە هۆی روشاندنی پێستی هەستیاری منداڵ بەتایبەت کە توشی سکچون ببێت.
٢- بەکارهێنانی دایبی زۆر توند و بچوک 
٣-روشاندن بەهۆی ئەو بەرهەمانەی کە بۆ منداڵ بەکاردێن .
٤-هەوکردنی بەکتریا و کەڕوو.
٥-گۆرینی خواردنی منداڵەکە کە دەبێتە هۆی گۆرینی پێکهاتەی پیسایی منداڵ.

🔹چارەسەرکردن:

باشترین چارەسەر ئەوەیە کە هەتا بتوانیت شوێنی دایبی منداڵەکە پاک و خاوێن بێت .
ئەگەر بەم شێوەیە چارەسەر نەبوو ئەوا دکتۆری تایبەت دەبینرێت بۆ نوسینی ئەم دەرمانانە:

١- کریمی هایدرۆکۆرتیزۆنی مامناوەند کە سەر بەگروپی ستێرۆیدەکانە .
٢- کرێمی نیستاتین (دژە کەڕوو) ئەگەر هۆکارەکەی کەڕوو بوو .
٣-یان کرێمی دژە بەکتریا ئەگەر هۆکارەکە بەکتریا بوبێت.
کرێمەکانی ستێرۆید پێویستە لەژێر رێنمایی دکتۆر بەکاربێن، چونکە زۆربەکارهێنانی زیانی هەیە بۆ پیستی منداڵەکەت.

🔹پاراستن:
پاراستنی منداڵ لە سوتانەوە دەکرێت لە رێگەی:

١- ئاڵوگۆرکردنی دایبی بەشێوەیەکی بەردەوام 
٢- پاککردنەوەی شوێنی دایبی بە ئاوی شلەتێن لەگەڵ هەردایبی گۆرینێکدا .
٣- وشککردنەوەی شوێنی دایبی بە شتێکی نەرم یان هەوا.
٤-بەکار نەهێنانی دایبی زۆر بچوک، چونکە دەبێتە رێگر بۆ هەوا گۆڕکێ و زیاتر توشی سوتانەوەی دەکات.

٥- هەوڵبدە کاتێکی زۆر تەرخان بکەیت بۆ منداڵەکە بۆ ئەوەی کاتێکی زۆر بەبێ دایبی بسورێتەوە .

٦- بەکارهێنانی مەرهەم بەشیوەیەکی رێکوپێک بەتایبەت هەردوو مەرهەمی زینک و پەترۆلیەم .

٧- لەدوای گۆرینی دایبی بەجوانی دەستەکانت بشۆ بۆ ئەوەی ئەگەر هەوکردن هەبوو بۆت نەگوازرێتەوە.

تێبینی/ ئەم سێ جۆرەی کرێم زۆر باشن:-
① MOLLI cream
② Mustela 1,2,3 cream 
③ Bepanthen ointment
لەگەڵ هەر دایبی گۆڕینێک لێ بدرێت باشە.

+ تێبینی: 
بەکارهینانی پۆدرەی منداڵ کە کاتی خۆی بەزۆری بەکاردەهینرا ، ئێستا لەروی پزیشکیەوە بەباش نازانرێت چونکە دەبیتە هۆی زیان گەیاندن بە سییەکانی منداڵەکە.

Aser S. Pharmacist