هەوکردنی بۆریچکە هەواییەکان (قەسەبات)
بریتییە لەهەوکردنی ڤایرۆسی بۆریچکەی هەوای سنگ، کە دەبێتە
هۆی هەڵاوسانی ئەو بۆریچکانە و تەسکبوونەوەیان.
لە دوو ساڵى یەکەمى تەمەندا 50%ى منداڵان تووشى دەبن. زۆرتر ئەو منداڵانە تووش دەبن، کە تەمەنیان لە نێوان 2 – 6 مانگە، بەڵام دواى تەمەنى دوو ساڵان بە دەگمەن روودەدات.
ئەم جۆرە ڤایرۆسە زۆرتر لە وەزرى پایز و زستان بڵاوە. منداڵەکە لە رێگەى کەسێکى گەورەى ماڵ کە پەتاى گرتبێ، یان منداڵى دیکە کە ئەم نەخۆشییەى هەبێت، ڤایرۆسەکە وەردەگرێ. 10%ى ئەو منداڵانەشى تووشى دەبن پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
هۆکارەکان:
هۆکاری سەرەکی، ڤایرۆسێکە بەنێوى (RSV)و هەندێ ڤایرۆسی دیکە بەکەمی، نەخۆشییەکە زۆر دەگوازرێتەوە، بەتایبەت بەهۆی پرژەی دەم و بەهۆی دەستەوە (نزیکبوونەوەی راستەوخۆ)
دەرکەوتەکانی:
- رۆژانی سەرەتا وەک پەتایەکی سادە دەردەکەوێت: کۆکە، ئاوی لووت و لووتگیران..
- دوای 3 – 7 رۆژی دیکە: هەناسەتووندی، هەناسەدانی ناڕەحەت، خیزەی سنگ (بە گوێ هەستی پێدەکەیت)، تایەکی کەم و هەراسانی.
- ئەگەر بە سەختی تووش ببێت: نێوان پەراسووەکانی بەناودادەچن کاتی هەناسەوەرگرتن، نرکە نرک کردن (گرەنتین)، شینبوونەوە.
* منداڵی زۆر بچووک (1- 3مانگ): تەنیا دەرکەوتەی بریتییە لە وەستانی ناوە ناوەی هەناسەدان (ئەپنیا).
پشکنین:
- پێوانی رێژەی ئۆکسجینی خوێن (ئۆکسیمێتری)
- وێنەی تیشکی سنگ: هەڵاوسانی سییەکان (سییەکان تاریک دەردەکەون، ناوپەنچک تەخت دەبێت، ئاسۆییبوونی پەراسوەکان)، دەرکەوتنی هەندێ پەڵەی هەوکردن.
پێویستە ئەم نەخۆشییە لەگەڵ هەندێ باری دیکەدا جیابکرێتەوە، وەکو: رەبۆ، سستبوونی دڵ، گەڕانەوەی خواردن بۆ دەم، نەخۆشیی رەقبوونی کیسەکان، قوتدانی تەنێکی نامۆ. هەموو ئەمانە خیزەی سنگ دروست دەکەن بەبێ تا.
خەواندن لە نەخۆشخانە
- تەمەن: خوار 6 مانگ.
- هەناسەی ناجێگیر بێت: وەستانی هەناسە، هەناسەدانی زۆر خێرا بێت، ئۆکسجینی خوێنی خوار 92% بێت..
- توانای شیرخواردنی نەبێ.
- ئەوانەی بە سەختی تووشدەبن: نەخۆشیی زگماکیی دڵ، نەخۆشیی درێژخایەنی سنگ، کەمی بەرگریی لەش، نەخۆشیی دەماری/ماسولکەیی...
ئاڵۆزییەکان:
- سستبوونی سییەکان.
- وەستانی ناوە ناوەی هەناسە.
- هەندێکیان لە داهاتوودا تووشی تەنگەسی (رەبۆ) دەبن، بە تایبەت ئەوانەی بە سەختی گرتوویانە.
- مردنى 1%ى تووشبووان.
رێگریکردن بۆ ئەوانەی مەترسییان لەسەرە: کوتانی مانگانە لەو مانگانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە، کوتانی (پالیڤیزوما- Palivizumab).
#Aram_Nariman