نەخۆشی کاژۆکی (ســــــەدەف)
نەخۆشییەكی درێژخایەنی پێستە، تا ئێستا هۆكارەكەی بە تەواوی نەزانراوە، چارەسەرێكی بنبڕ و یەكجارەكیشی نییە.
نەخۆشی سەدەف زیاتر لە پێستی سەر و پێستی سەر ئەژنۆ و ئەنیشكەكاندا بەدی دەكرێت بە شێوەی قانێكی سوور یان قانێكی وەنەوشەیی كە توێكڵی سپی هەڵدەدات كە وەكو پێستی ماسی دەدرەوشێتەوە و بە ئاسانی هەڵدەوەرێت، هەر لەبەر ئەمەشە كە ئەم نەخۆشیەە بە نەخۆشی سەدەف ناونراوە.
گەلێك پۆلێنكردن و ناوی قۆناغەكانی ئەم نەخۆشییە لەئارادان بە گوێرەی شوێن و گۆڕانەكان لە شێوە و رەنگی قانەكان. نەخۆشی سەدەف مەیلێكی زگماكی هەیە و زۆر جار لە وەرزی هاویندا قانەكان بەبێ هیچ چارەسەرێك بەرەو چاكبوونەوە دەچن.
چەندین دەرمان بۆ كۆنترۆلكردنی نەخۆشی سەدەف لەبەر دەیتدان، بەكارهێنانی هەمان دەرمان بۆ تووشبووان ئەنجامی جیاوازی دەبێت، بە مانایەكی تر ئەنجامی هەمان دەرمان بۆ دوو كەسی تووشبوو بە نەخۆشی سەدەف وەك یەك نابێت. بە شێوەیەكی گشتی، چونكە نەخۆشی سەدەف درێژخایەنە، چارەسەرێكی درێژخایەن و جۆراوجۆری پێویستە، لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا ئەنجامی چارەسەركردنەكە نابێتە جێگای رەزامەندی نەخۆش، چونكە بنبڕكردنی نەخۆشییەكە ئاسان نییە.
چەندین كرێم و مەرهەم و گیراوە لەبەردەستدان بۆ كەمكردنەوەی خورشت و زبری پێست، هەروەها لێدانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی و ڤیتامین A هەنگاوی ترن بۆ كۆنترۆلكردنی نەخۆشی سەدەف.
.
.