مەڵاشو کەوتن - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

السبت، 23 فبراير 2019

مەڵاشو کەوتن

مەڵاشوو چیە؟ ئایە مەڵاشوو کەوتن هەیە؟

لە کاتی لە دایک بوونی منداڵدا کۆمەڵێک کون لە ئێسقانی سەردا هەیە کەدیارترین و گەورەترینیان ئەوەیە کە لە بەشی پێشەوەی سەردا هەیەو پێ ی ئەڵێن مەڵاشوو.
مەڵاشوو قەبارەیەکی دیاری کراوی هەیەو لەماوەیەکی دیاری کراودا دائەخرێت(۹ -۱۸) مانگ، پێویستە مەڵاشوو تەخت بێت و نیمچە نەرم بێت ، هەندێ جار لێدانی هەیە وەک لێدانی خۆین بەر.

سودەکانی مەڵاشوو:

۱-لە کاتی لەدایک بوونی منداڵدا یارمەتیدەر ئەبێت بۆ تێپەربوونی کۆرپەلە بەناو لەشی ئافرەتدا چونکە ئێسقانەکانی سەر ئەچنە سەریەک بەهۆی بوونی ئەو کونانە لەسەردا.

۲-یارمەتیدەر ئەبن بۆ گەورەبوون و گەشەی مێشک ، واتە ئەگەر ئەم کونە زوو دابخرێت و ئێسقانەکان یەک بگرن ، مێشک ناتوانێت لەوە زیاتر گەورە بێت و گەشە بکات.

۳-لەڕێگەی ئەم کونەوە زانیاری لەسەر مێشک لەڕێگەی سۆنەرو ئامێری تری دیاری کردنی نەخۆشی بە ئاسانی وەرئەگیرێت.

٤-پزیشک لەڕێگەی دەست لێدانی ئەتوانێت زانیاری دەست بکەوێت لەسەر پەستانی ناو مێشک، بۆ نمونە ئەگەر چاڵ بوو بێت واتا نەخۆشەکە لەوانەیە ووشک بووبێتەوە، یان ئەگەر دەرچووبێت لەوانەیە پەستانی ناو مێشک زیادی کرد بێت .

٥-ئاگاداربن لەکاتی گریان و پاڵ کەوتن و ڕشانەوە مەڵاشوو بۆ دەرەوە دەرئەچێت.
هەندێ کەس لە کاتێکدا کە مەڵاشوو ئەچێت بەناوەوە و چاڵ ئەبێت لەکاتی ووشک بوونەوەدا پەستان ئەخەنە سەر بەشی سەرەوەی ناو دەم ،وا ئەزانن مەڵاشووی منداڵەکەیان کەوتووەو بەوە ئەیهێننەوە،بەڵام نازانن کە ئێسقانێکی زۆر پتەو لەنێوان دەم و مێشکدا هەیە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو پەستانە کاریگەری نیە ، بەڵکوو تەنها ئازاری منداڵەکە ئەدات.

مەڵاشوو بە هیچ شێوەیەک ناکەوێت.

تکایە شەیری بکە بۆ ئەوەی زۆرترین هاوڕێکانت سوودی لێ ببینن

ئامادەکردنی :

د. پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان