گرێی چەوری چییە؟
گرێی چەوری Lipoma بریتییە لە كۆبوونەوەی چەوری بە شێوەی تۆپەڵی توند لەژێر پێست یان لەناو شانەكانی ماسوولكەدا. بەگشتی گرێی چەوری ژێر پێست پاكە و بێ ئازارە، بەرە بەرە گەشەدەكات تا دەگاتە قەبارەیەكی دیاریكراو ئینجا دەوەستێت. گرێی چەوری نەرمە، تیرەكەی دەگاتە 1- 3 سانتیمەتر، بەگشتی مەترسی نییە، چونكە ئەگەری گۆڕانی بۆ شێرپەنجە لێناكرێت.
لەوانەیە كە زیاتر لە یەك گرێ لە لەشدا بەدی بكرێت، بۆ نموونە لە مل، شان، قۆڵ، پشت، دیواری سك، ران. هۆكاری گرێی چەوری بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام زیاتر بە خێزان دەبینرێت واتە مەیلێكی زگماكی هەیە، هەندێك جاریش پاش برینداربوونی شوێنێك پەیدا دەبێت.
یەكەم هەنگاوی چارەسەركردن بریتییە لە بەكارهێنانی 1-2 دەرزی ستیرۆیدی Steroid خۆجێیی، ئەگەر بەكارهێنانی دەرمان سوودی نەبوو، ئامێری هەڵمژینی چەوری (لایپۆسەكشن(Liposuction لەژێر بەنجی خۆجێییدا هەنگاوێكی تری چارەسەركردنە، بەڵام پاش ئەم 2 چارەسەركردنە، گرێیەكی شانەیی بچووكی چەوریی لە شوێنەكەدا دەمێنێتەوە.
رێگای سێیەمی چارەسەركردن بریتییە لە لابردنی گرێی چەوری بە نەشتەرگەری لەژێر بەنجی خۆجێییدا كە گرێیەكە بە تەواوی لادەبرێت.
بەگشتی پاش هەر 3 رێگای چارەسەركردن ئەگەری دووبارە گەشەكردنەوەی گرێی چەوری دەگاتە تەنیا 2%.