ئازاری سنگ:
ئازاری سنگ ناڕەحەتیەکی باوە کە زۆر کەس تووشی ئەبن و زۆر هۆکاریشی هەیە، هەندێ لە حاڵەتەکان مەترسیدارە و ئەبێ زوو چارەسەر بکرێ وەکو سنگەکوژێ (زەبحەی دڵ) هەندێکی تریشیان بێ وەین وەکو تشتنجاتی ماسولکەکان.
ـ سنگەکوژێ(زەبحەی دڵ) یەکێکە لە هۆکارە گرنگ و مەترسیدارەکانی ئازاری سنگ کە بەهۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرە تاجیەکانی دڵ دروست دەبێت بەتایبەتی لەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەکو زەخت و شەکرە و چەوری خوێن و نەخۆشی تری دڵیان هەیە، یان لەو کەسانەی جگەرەکێش یان مەشروب خۆرن.
ئەم ئازارە لەسەر هەموو دەفەی سنگ یان لای چەپی دڵ دروست دەبێت و زۆر جاریش بڵاوئەبێتەوە بۆ ناوشان و پشت و قۆڵی چەپ و تەنانەت مل و شەویلگەش. ئازارەکە وەکو قورسایی یان گوشین وایە کە بەڕۆیشتن و هیلاکی زیاددەکا و بە ئیسراحەت و حەبی ژێر زمان(ئەنجیسید) کەم دەبێتەوە. ئازاری زەبحە هەندێ جار هەناسەتوندی و دڵەکوتێ و ئارەقەکردنەوە و هێڵنج و ڕشانەوەی لەگەڵدا ئەبێت. لەکاتی گومان کردن لە زەبحەی دڵ پێویستە بەزووترین کات لەلایەن پزیشکەوە ببینرێت و پشکنینی تایبەتی بۆ بکرێت وەکو هێلکاری دڵ(تخطيط) و ئیکۆ و ئەشیعەی تەنوری دڵ و قەستەرە.
ـ ئازاری سنگ بە هەندێ نەخۆشی تری دڵ دروست دەبێت وەکو هەوکردنی پەردەی دڵ و تەسکبونەوە یان هەڵگەڕانەوەی زمانەی دڵ و نەخۆشیەکانی شاخوێنبەر و جەڵتەی سیەکان، لەم نەخۆشیانە ئیکۆی دڵ و ئەشیعی تەنوری سیەکان زۆر بەسودن بۆ دەستنیشان کردنی حاڵەتەکە.
ـ هەندێ جار ئازاری سنگ پەیوەندی بە هەوکردنی سیەکان و قەصەباتەوە هەیە بەتایبەتی کاتێک ئازارەکە بە هەناسە هەڵکێشان زیادبکا و کۆکە و بەڵغەم و خیزەی سنگی لەگەڵدابێت. بۆ دەستنیشان کردنی ئەم حاڵەتانە پشکنینی خوێن و ئەشیعەی سنگ پێویستە.
ـ هەندێ حاڵەتی کۆئەندامی هەرس ئازاری سنگ دروستدەکات وەکو دڵە کزێ، قورحەی گەدە و سورێنچک، هەوکردن و تەسکبونەوەی سورێنچک و فتقی ناوەکی. لەم بارانە ئازارەکە دوای ژەمی خواردن زیاددەکا و بە نازووری گەدە حاڵەتە دەستنیشان دەکرێ.
ـ گرژبونی ماسولکە(تشنجات) و هەوکردنی جومگەکانی پەراسوو و شکانی ئێسقان ئازاری سنگ دروست دەکات و بە هەندێ دەرمانی ئازارشکێن تەواو باش دەبن.
ـ حاڵەتی دەروونی و دڵەڕاوکێ و ترسی لەڕادەبەدەر ئازاری سنگ و هەناسەتوندی و دڵەکوتێ دروست دەکات، لەم نەخۆشانە هەموو پشکنینە خوێنیەکان و ئەشیعە و ئیکۆی دڵ ئاسایی دەرئەچێ و نەخۆشەکە بە چارەسەری دەروونی چاک دەبێتەوە.
"دووربن لە نەخۆشی و ناڕەحەتی"
د.داهات حەوێزی
پسپۆری نەخۆشیەکانی هەناو و دڵ