ھەندێک زانیاری لەسەر زەردووی مناڵی تازە لەدایک بوو:
زەردووی بریتیە لە زەردبوونی سپێنەی چاو و پێست بەھۆی کۆبونەوەی ماددەی بیلیروبین(Bilirubin) کە لە ئەنجامی تێکشانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە(Red blood cells)دروست دەبێت،جگە لە مناڵانی تازە لەدایک بوو لە ھەموو تەمەنێکا دەرکەوتنی زەردووی بە نەخۆشی دادەنرێت.لە مناڵی تازە لەدایک بوودا زۆرینەی کات بارێکی ئاساییە لە ٢ ھەفتەی سەرەتای تەمەندا توشی دەبن و بە بێ ھیچ کێشەیەک چاک دەبنەوە بەڵام لە ھەندێ باردا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی مناڵان بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە زەردووی مناڵە تازە لەدایک بووەکە لەبارە ئاساییەکەیە یاخوود بەھۆی نەخۆشیەکەوەیە.
*چ کاتێک سەردانی پسپۆڕی مناڵان بکرێت لە کاتی بوونی زەردووی لە مناڵە ساوەکەماندا:
ڵەم حاڵەتانەدا سەردان پێویستە:
١-ئەگەر لە یەکەم ڕۆژی لەدایک بوونەوە زەردووی لە مناڵەکەدا دەرکەوت.
٢-ئەگەر بەزوویی زەردویەکە لە زیادبونا بوو بۆ نموونە: تۆختر بوو یان گەیشتە سنگ و سکی مناڵەکە.
٣-ئەگەر باری گشتی مناڵەکە ئاسای نەبوو واتە لە جوڵەو چالاکی یان شیر خواردن،وە ئەگەر تای ھەبوو.
٤-ئەگەر ڕەنگی میزو پیساییەکەی ئاسای نەبوو بۆ نموونە سوور بوونی ڕەنگی میز یاخوود ڕەنگی پیسایی قاوەی بێت کە خۆی زەردێکی کاڵە بە ئاسایی.
٥-ئەگەر ماوەی زەردوویەکە زیاتر لە ٢ ھەفتەی خایاند.
*ئەمانەی سەرەوە پێیان ئەوترێ زەردووی نائاسایی(نەخۆشی).
چارەسەر:
١-زەردووی ئاسایی پێویستی بە ھیچ چارەسەرێک نیە تەنھا بە شیر پێدانی مناڵەکە زەردوویەکە لەڕێگەی پیسای فڕێ دەدرێت و مناڵەکە دوای دوو ھەفتە یان کەمتر ڕەنگی ئاسایی دەبێتەوە.
٢-زەردووی نائاسایی(وەکو ئەوەی لە خاڵەکانی سەرەوەدا باسمان کرد) پێویستە لەلایەن پزیشکی مناڵانەوە بپشکنرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.
بە ھیوای تەندروستیەکی باش
ئامەدەکردنی: د ئومێد علی سعید
پسپۆڕی نەخۆشیەکانی مناڵان و تازە لەدایک بووان
ناونیشان:سلێمانی،یاڵەکەی خەبات،نزیک کۆمیتەی خەباتی یەکێتی
ژ.م:٠٧٥٠١٢١٢١٩٥
