بێخەوی - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 6 سبتمبر 2018

بێخەوی

#بێخەوی (insomnia)

هەرگیز خەو لە چاوەکانت تۆراوە و پاش ماوەیەکی زۆر و بەگران خەوت لێکەوتبێت؟
یان شەوانە چەند جارێک بەخەبەر بێیتەوە؟
یان پاش خەوتنێکی زۆریش، هەر هەست بە خەواڵوی و بێزاری بکەیت؟

#خەو بارێکی سروشتی دووبارە بووەی مێشک و جەستەیە کە گۆڕان بەسەر ئاگای مرۆڤدا دێت.
خەو بەشێکی گرنگی ژیانی ئێمەیە، کە نزیکی سێیەکی ژیانمان بەخەو بەسەرئەبەین.

لە ڕابردوو بڕوا وابوو لەکاتی خەودا مێشک و جەستە دەکوژێنەوە و پشوو وەردەگرن بۆ خۆئامادەکردن بۆ ڕۆژێکی نوێ!
بەڵام توێژەران بۆیان دەرکەوت خەو زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بیری لێدەکرێتەوە، وە هەندێ جار مێشک و جەسته چالاکترە لە کاتی خەودا وەک لەکاتی بە ئاگای.

خەو کاردەکاتە سەر هەموو جۆرە خانە و شانە و سیستمەکانی لەش، لەکاتی خەودا خانەکات نوێ دەبنەوە و زانیاریەکان ڕێکدەخرێ، وە دەبێتە هۆی زیاد بوونی بەرگری لەش،
لەبەرئەوە پێویستمان بەخەوێکی باش هەیە بۆ مانەوەمان لە ژیان هەروەک خواردن و خواردنەوە.

توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە  کەم خەوتن یان نەبوونی خەوێکی باش بۆماوەیەکی درێژ، ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی زیاد دەکات لەوانە: بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشیەکانی دڵ، شەکرە، قەڵەوی...هتد.

کەواتە پێویستە خەوێکی ڕێک و تەندروست مان  هەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی کە بەئاگاین چالاک و هۆشیار و بەرهەمدارتربین.

کۆمەڵێک گرفت و نەخۆشی هەن  ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە لەکاتی خەودا کە پێیان دەوترێت (sleep disorders)
کە باوترینیان #بێخەویە insomnia.

#بێخەوی: یەکێکە لە نەخۆشیە باوەکانی خەو، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی توشبوو نەتوانێت بڕی پێویست بخەوێت یاخود خەوێکی باشی هەبێت،

کە یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانەی هەیە:
*بەگران خەولێکەوتن، واتە ماوەیەکی زۆر  ئەمێنێتەوە تاوەکو خەوی لێ بکەوێت.
*چەند جارێک شەوانە بەخەبەردێتەوە، بەگران چاوی دێچێتەوە خەو.
*بەیانیان زوو بەخەبەر دێتەوە.
*پاش خەوتنێکی زۆریش هەر هەست بە خەواڵووی و ماندوویەتی دەکات.

بەپێی ماوەکەی دەکرێت بە دوو جۆرەوە:

۱.بێخەوی کورت خایەن(acute insomnia): ئەم جۆرە ماوەیەکی کورت دەخایەنێت (چەند ڕۆژێک بۆ چەند هەفتەیەک ) کە زیاتر بەهۆی دڵەڕاوکێ ، بیرکردنەوە لە بابەتێکی دیاری کراو، بیستنی هەواڵیکی ناخۆش، گۆڕینی شوێنی نوستن، گەرما، ....هتد   ڕوودەدات.

۲. بێخەوی درێژخایەن( chronic insomnia):ئەم جۆرە ماوەیەکی زیاتر درێژەدەکێشێت کە پێویستە کەسەکە بەلایەنی کەمەوە سێ شەو لە هەفتەیەکدا و بۆ ماوەی سێ مانگ بێخەوی هەبێت.
هۆکارەی زیاتر بە هۆی نەخۆشی، دەرمان، یاخود دڵەڕاوکێیەی زۆرەوە ڕوودەدات.

هۆکارەکانی بێخەوی

*نەخۆشیە جەستەیەکان: وەک زۆر دەردانی هۆڕمۆنی غودە، نەخۆشی هەوکردنی جومگە، تەنگەنەفەسی، ئازار، دڵەکزێ...هتد

*نەخۆشیە دەرونیەکان:وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکی.

*دەرمان(کاریگەری لاوەکی هەنێ دەرمان) 

*خواردن: خواردنی ژەمی قورس، خواردنەوەی  ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تێدایە وەک چا و قاوە، وە بەکارهێنانی نیکۆتین ، ئەلکهول.

*گۆڕان لە شێوازی ژیان یان گۆڕانی ژینگەی دەوروبەر ، مادووبوونی زۆر .

#چارەسەری_بێخەوی😀

زۆر گرنگە هۆکاری بێخەویەکە دیاری بکرێت ، بۆئەوەی چارەسەری گونجاو هەڵبژێردرێت.

٭ئەگەر بێخەویەکە هۆکارەکەی نەخۆشیەکی جەستەی یان دەروونی بوو پێویستە  نەخۆشیەکە چارەسەربکرێت.

٭ئەگەر بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ یاخود هەبوونی گیرو گرفتێکەوە بوو، دەتوانرێت چارەسەربکرێت لە ڕێگەی ڕاوێژ  و ڕێنماییەکان ، هەروەها لە ڕێگەی تەکنیکەکانی خۆ خاوکردنەوە.
٭هەروها چارەسەرکردن  بە دەرمان بەکارئەهێنرێت بەڵام پێویستە لە ژێر چاودێری دکتۆری پسپۆڕدا بێت.

بۆ ئەوەی خەوێکی تەندروستمان هەبێت:

✓ هەوڵبدە شەوانە لەهەمان کاتدا بخەوێت و بەیانیان لەهەمانکاتدا هەستیت، وە خەوی ڕۆژیش کەمبکەرەوە.
✓ شوێنی خەوت ڕێک بخە لە ڕووی پلەی گەرمی و ڕووناکی، با تاریک و کپ و بێدەنگ و فێنک بێت.
✓ڕۆژانە وەرزش بکە، بەڵام چەند کاتژمێرێک پێش نوستن پشوبدە، وەرزشی قورس و تەمرین پێش خەوتن مەکە.
✓دوور بکەوە لە خواردنی قورس، وە بە گەدەی خاڵیش مەنوو، گەر برسیت بوو ژەمێکی سووک بخۆ.
✓لە کۆتای ڕۆژەکەوە  دووربکەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی کە مادەی کافاین و نیکۆتین تێدایە، هەردوەها ئەلکهول.
✓جێگای نوستن تەنها بۆ خەو بەکاربهێنە، تاوەکو خەوت نەیەت مەچۆرە جێگەی نوستن.
✓گەر لە جێگەی نوستن مایتەوە و خەوت لێ نەکەوت، ماوەیەکەی زۆر مەمێنەرەوە، هەستە کردەیەک بکە  بۆنمونە گوێ لەشتێ بگەرە، بخوێنەرەوە ، یان خۆت بشۆ پاشان بەخەوەرەوە.

تەندروست بن .

ساکار ٳسماعیل _خوێنکاری کۆلێژی پەرستاری.

(بۆ هەر ڕاو و سەرنج و پرسیارێک کۆمێنت بنووسە ، یان نامە بۆ پەیج بنێرن )

#تەندروست_بە be healthy