شەکرەی چاو
بەشی یەکەم
د. ماکۆک محمد
٭ شەکرەی چاوی یەکێکە لە نەخۆشییە ترسناکەکان لەسەر بینایی چاو.
٭ تەنها لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە نەخۆشی شەکرەی جەستەیان هەیە.
٭ نزیکەی لەسەدا چلی ئەوانەی شەکرەیان هەیە توشی شەکرەی چاو ئەبن، بەڵام بە ڕێژە و توندی جیاواز.
٭ ئەوانەی شەکرەی یەکەمییان هەیە، واتە شەکرەی مناڵیی، ئەگەری هەیە زیاتر توش بن وەک لەوانەی شەکرەی دوومییان هەیە.
٭ مەرجه نیەئەوەی توشی شەکرەی چاو بوو زیانی گەورە بەر بینایی چاوەکانی بکەوێت، بەڵام ڕێژەی زیاتر لە ۱۰٪ توشی کوێربوون دەبن.
٭ ئەوانەی شەکرەی یەکەمییان هەیە دوای ۳۰ ساڵی ئەگەری زۆرە توشی گرفتی گەورەی بینین ببن.
نەخۆش چۆن هەست ئەکا شەکرەی چاوی هەیە؟
٭ زۆربەی کات شەکرەی چاو لە لایەن نەخۆشەکەوە هەستی پێناکرێت، چونکە ئازاری نیە، هەتا ئەوکاتەی تۆڕەی چاوی تێکدەچێت و بینایی تەڵخ دەبێت و چەند تەنۆلکەیەک بە بەرچاویدا دێت و دەچێت ، وە ئەگەر خوێنبەربوون و جیابونەوەی تۆڕەی چاوی ڕوویدابێت نەخۆش چەند پەڵەیەکی ڕەش لەبەرچاویدا دەبینێت.
٭ هەندێ جار هێڵی زیگزاگی لە بیناییدا درووست دەبێت و خەتی ڕێک لەبەرچاوی خواروخێچ دەبێت.
٭ هەندێ جار ڕەنگەکان کاڵ یان تێک دەچن.
٭ هەندێ کات بە نەمانی توانای لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و شەوکوێری هەستی پێ ئەکرێ.
٭ هەندێ جار بە چاوقورسبوون و سوربوونەوەی چاو و سەرئێشە دەردەکەوێت.
٭ هەندێ جار لەپڕ چاوەکە بینایی لەدەست دەدات.
٭ باشتر وایە پێش ئەوەی هەست بە نیشانەکانی بکەیت خەمی لێ بخۆیت بەوەی لەکاتی خۆیدا پشکنین بۆ چاوت بکەیت، چونکە بە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئیتر گەڕانەوەی چاوەکە بۆ باری پێشووی زەحمەتە.
Makok Muhamad
1/12/2018