فرمێسک - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الثلاثاء، 12 فبراير 2019

فرمێسک

فرمێسک

🔹 فرمێسکەڕژێن ئەندامێکی بچوکە و شێوەی بادەمی هەیە، ئەکەوێتە بەشی سەرەوەی چاڵی چاو لە تەنیشتی دەرەوەی تۆپەی  چاو.
🔹 لەم گلاندەوە فرمێسک ئەڕژێت بەسەر چاودا و لە ڕێگەی دوو بۆریچکەوە لە چاوەوە ئەڕژێتە ناو لوت.
🔹 ئەو دوو بۆریچەکەیە ئەکەونە لێواری هەردوو پێڵووی چاو ، بەشی هەرەزۆری فرمێسک لەڕێگەی بۆری پێڵووی خوارەوە ڕادەکێشرێت بۆناو لوت.
🔹 درێژیی تێکڕای بۆری فرمێسک نزیکەی ۳ سانتیمەترە.
🔹 لە هەر شوێنێکی ئەم بۆرییانەدا بەربەست و گیران ڕوو بدات ئەبێتە هۆی کۆبونەوەی فرمێسک و نەخۆشی.
🔹 دوای مانگێک لە لەدایکبوون ئینجا چاوی کۆرپە دەست ئەکات بە فرمێسک درووستکردن.

 پێکهاتەی فرمێسک: 

🔸 ئەو فرمێسکەی ئەڕژێت بەسەرچاودا لە لایەن فرمێسکەڕژێن و چەند ڕژێنێکی تر، لە سێ چین پێکهاتووە: چینی چەوری دەرەوە، چینی ئاوی ناوەڕاست، و چینی لینجی ناوەوە کە ڕاستەوخۆ بەر گلێنەی چاوەکە کەوتووە.
🔸 نێوانی پێڵووەکان و ژێر پێڵووەکان جێی ۲۰ نانۆلیتر شلەی تیائەبێتەوە، بەڵام قەبارەی فرمێسکی ناوچاوەکە لەو کاتەدا نزیکەی ۷ نانۆلیترە و ئەوی تری بەهۆی چاوتروکانەوە ئەکرێتە دەرەوە
🔸 فرمێسک ۷٥٪ی لە ڕێگەی بۆری فرمێسکەوە دەرئەدرێتە دەرەوەی چاو و ئەوی تری لە ڕێگەی بە هەڵم بوونەوە ئەڕژێتە دەرەوەی چاوەکە.
🔸 فرمێسک ۹۸٪ی ئاوە، ئەوی تری پڕۆتین و ئەلیکترۆلایت و ڤیتامین A و C و چەندین ماددەی ترە.
فرمێسک پڕۆتینی لایزۆزایم و لاکتۆفیڕینی تێدایە کە دژە بەکتریان. هەروەها ماددەی بەرگری (IgA, IgG) تێدایە
🔸 فرمێسک پڕۆتینی سیستاتین و لایپۆکاڵینی تێدایە کە ڕووکاری دەرەوەی گلێنە ئەپارێزێت.
🔸 فرمێسک بڕێکی باش چەوری تێدایە کە لەلایەن چەوریەڕژێنەکانی لێواری پێڵوەوە ئەڕژێت بەسەر گلێنەدا و وەکو گریس وایە بۆ ئەوەی لە کاتی چاوتروکاندا گلێنەی چاوەکە نەڕووشێت.

ئیشەکانی فرمێسک:
٭ ماددەیەکی چەورکەرە بۆ ئەوەی تروکاندنی پێڵووی چاو گلێنەی چاو نەڕووشێنێت.
٭ وەکو بەربەستێک وایە بۆ ئەوەی هەوای ڕاستەوخۆ زیان بە گلێنە نەگەیەنێت.
٭ ماددەی دژەبەکتریای تێدایە بۆ پاراستنی چاو لە میکرۆب.
٭ هەر چڵک و تەپوتۆزێک لەسەر گلێنە هەبێت ڕایئەماڵێت.
٭ ئۆکسجین ئەگەیەنێت بە گلێنە.

دکتۆر ماکۆک محمد 
پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو