غازاتی مناڵ - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأربعاء، 6 فبراير 2019

غازاتی مناڵ

غازاتی منداڵ چییه‌؟
هۆكاری غازات چییه‌ و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟

به‌ گشتی زۆربه‌ی منداڵان له‌ ماوه‌ی 4 مانگی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیان تووشی غازاتێكی زۆر ده‌بن ئه‌مه‌ش زۆر هۆكاری هه‌یه‌. تاكو چاره‌سه‌ری غازاتی منداڵه‌كه‌ت بكه‌یت پێویسته‌ زانیاریت هه‌بێت كه‌ غازات چییه‌ و چۆن درووست ده‌بێت؟

كاتێك منداڵ شیر ده‌خوات و ده‌چێته‌ گه‌ده‌وه‌، به‌ كرداری هه‌رسدا تێپه‌ر ده‌بێت. له‌ ئه‌نجامی هه‌رسبوون و شیبونه‌وه‌ی هه‌ندێك ماده‌دا چه‌ند ماده‌ و غازاتی تر درووست ده‌بێت، ئه‌م غازاته‌ش له‌ گه‌ده‌ و ڕیخۆڵه‌كاندا قه‌تیس ده‌بن، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ كۆئه‌ندامی هه‌رسی منداڵ له‌ گه‌شه‌دایه‌ و به‌ ته‌واوی پێنه‌گه‌یشتووه‌ زه‌حمه‌ت ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌م غازاته‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئاوسانی سك، ئازارێكی زۆر و ناڕه‌حه‌تی منداڵ. 

هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی غازات چین؟

- شیرخواردنی خێرا. گه‌ر بتڵی شیری منداڵه‌كه‌ت به‌ خێراییه‌كی زۆر شیری پێدا بێت یاخود دایك شیری زۆر بێت، منداڵه‌كه‌ له‌ كاتێكی كه‌مدا شیرێكی زۆر ده‌خوات و تووشی غازات ده‌بێت.
- شیرخواردنی خاو. به‌ هه‌مان شێوه‌ گه‌ر به‌ خاوی شیره‌كه‌ بخوات ئه‌وا ئه‌گه‌ری قوتدانی هه‌وای زیاده‌ زۆرتر ده‌بێت.
- بڵقی ناو شیر. كاتێك شیری قوتوو ئاماده‌ ده‌كه‌یت بۆ منداڵه‌كه‌ت، باشتره‌ بۆ ماوه‌ی 1-2 خوله‌ك دایبنێیت پاشان بیده‌یتێ. تاوه‌كو زیاتر بتڵه‌كه‌ ڕابوه‌شێنیت، بڵقی زیاتر درووست ده‌بێت.
- باری شیرپێدانی هه‌ڵه‌. كاتێك شیر ده‌ده‌یته‌ منداڵه‌كه‌ت، هه‌وڵبده‌ سه‌ری به‌رزتر ڕابگریت له‌ ئاستی گه‌ده‌ی. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌و هه‌وا زیاده‌یه‌ی كه‌ قوتی ده‌دات له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ و نه‌هێڵێت بچێته‌ گه‌ده‌وه‌ و قه‌تیس بێت.
- خواردنی دایك. پێویسته‌ دایك زیره‌كانه‌ خواردنه‌كانی هه‌ڵبژێرێت كاتێك شیری خۆی ده‌داته‌ منداڵه‌كه‌ی. هه‌ركات زانی منداڵه‌كه‌ی تووشی غازات ده‌بێت به‌ خواردنێكی دیاریكراو لێی دوور بكه‌وێته‌وه‌.

چۆن چاره‌سه‌ری غازاتی منداڵه‌كه‌ت بكه‌یت؟

- قرقێنه‌ دانه‌وه‌ به‌ منداڵه‌كه‌ت له‌ كاتی شیرخواردن و پاش هه‌موو شیرخواردنێك یارمه‌تی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌وای قوتدراو ده‌دات له‌ كاتی شیرخواردن.
- هه‌ندێك جۆری خۆراك كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر شیری دایك، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ دوای ئه‌و خواردنه‌دا بگه‌ڕێیت كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ت غازاتی بۆ درووست بێت.
- گه‌ر شیری قوتوو به‌كاردێنیت، كه‌متر بتڵی شیره‌كه‌ ڕابوه‌شێنه‌ و تێكه‌ڵێ بكه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیاتر بوونی بڵقه‌كانی غازات.
- ڕۆیشتنی شیر له‌ بتڵه‌وه‌ بۆ ده‌می منداڵه‌كه‌ت خاوتر بكه‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش یارمه‌تی كه‌مبوونه‌وه‌ی قوتدانی هه‌وا ده‌دات له‌ كاتی شیر خواردن.
- منداڵه‌كه‌ت له‌سه‌ر پشت پاڵ بخه‌، پاشان قاچه‌كانی وه‌ك شێوه‌ی پاسكیل بجوڵێنه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رچوونی غازات ئاسانتر ده‌كات.
- هه‌ندێك منداڵ حه‌ز به‌ ڕاژه‌نین ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ژینگه‌ی ناو ڕه‌حمی دایك ده‌بێت و پێی ئارام ده‌بنه‌وه‌.
- به‌كارهێنانی مه‌مكه‌مژه كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئارامكردنه‌وه‌ی منداڵێك كه‌ غازاتی هه‌یه.‌
- مه‌ساجكردن به‌ زه‌یتی زه‌یتوون یارمه‌تی ئارامكردنه‌وه‌ی سیگناڵه‌ ده‌مارییه‌كانی ڕیخۆڵه‌ی منداڵ ده‌دات.
- خستنه‌ سه‌ر پشت و جووڵاندنی قاچه‌كانی وه‌ك شێوازی بایسكیل یارمه‌تی ده‌رچوونی غازاته‌كان ده‌دات.
- گه‌ر هیچ له‌مانه‌ كاریگه‌ری نه‌بوو، ئه‌وا ده‌توانیت قه‌تره‌ی سیمێثیكۆن به‌كاربهێنیت كه‌ بۆ هه‌ندێك منداڵ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ر بێت.