✍هەندێک لەناتەواوییە دەروونیەکان (psychiatric disorder ) : -
1. شیزوفرینیا : ڕێژەی کەمتر لە 1%ی خەڵکی پێوەی دەناڵێنن لەئەمریکا، مانای شیزوفرینیا بریتییە لە دوو لەتبوونی مێشک و نەمانی پەیوەندی دروست بە واقیعەوە، ڕوونتر بیستنی هەندێ شت کەلەواقیعدا بوونی نییە و ڕوودانی ئەو شتە هیچ ترس و بیمێکی نییە بەڵام کەسی سەرەتایی تووشبوو لێکدانەوەی نادرووستی بۆ دەکات و وەهمی پێوە دەلکێنێت و خەریکە زراوی ئەچێت لە دەنگێک کە بوونی نییە یا ترسناک نییە ، لە ڕووداوێک کە زیانی نییە یا ئەگەری ڕوودانی مەحاڵە ، لەسەرەتاوە کاریگەرییەکەی تەنها لەناخیدایەو دەتوانێ کۆنتڕۆڵی بکات و تێکەڵ بەکردەوەی نەبێ، بەڵام دواتر کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتی دروست دەکات و ترسەکە تەواو مێشک و جەستەی داگیردەکات.
2.تورێت : توشی کەمتر لە 1%ی خەڵکی دەبێت , کەسی توشبوو لەم حاڵەتەدا بەشێک لە ماسولکەی جەستەی گرژدەبێتەوەو کۆنترۆڵی بەسەریدا نییە ، لەجوڵەو دەنگیدا گرژبوونەوە هەیە وەک جوڵەی جەستەو لەرزینی باڵی ،ملی وەیان شانی ، بەشێوەیەک لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی خودی کەسەکەیە، دەکرێ کاتی بێت یا بەردەوام ، وە ڕوودانی هەراوژاوەژاوەی کۆنتڕۆڵنەکراو یاخود دەرچونی ئەو ئاوە تەڕییە لەدەمی، دەکرێ کە وشەیەک بێت یاخود رستەیەک بێت و دەمی بیگرێ و نەتوانێ بیڵێ ، دەکرێ لەمناڵی یەوە توشی بێت و پاشان لەگەڵ کشانی تەمەندا باش بێت.
3 .سی دی CD: کەئەمەشیان بریتییە لەدروستبوونی خولیای نادروست و زۆر دوبارەکردنەوەی شتێک لەکاتێکدا خۆی بۆخۆی هیچ پێویست نییە و تەنها قەلەقییەکە، وەک بەردەوام دەم و دان شتن و گومان بردن کە پاک نەبۆتەوە ، یاخود لەتاقیکردنەوەیەکدا زۆرباش وەڵامی داوەتەوە ،بەڵام سەعات دوای سەعات بیری لێدەکاتەوە، دواتر وابیردەکاتەوە کەدەکەوێت ، یاخود گرتنی دەرگا کە چەند جار لێنواڕینی بۆ ئەکات تا بزانێ گیراوە یا نا ئەم حاڵەتە بەسنورداری لەهەموو کەس هەیە، بەڵام گەر زیادەڕەوی تیابکرێ ،هەنگاو هەنگاو کارەسات دروست دەکات ، بە کورتی و کوردی خۆمان لێی دەقەومێ .
4.بایپۆلار : تێکەڵەیە لەهیواو بێهیوای ، کەجەوی هەبوو زۆر قسەدەکات و پەیوەندی کۆمەڵایەتی باشە و تێکەڵی هەمووان دەبێت و دڵیخۆشە و هەڵدەپەڕێ ، بەڵام لەپڕ ئیتر گەر خەمێکی هەبێ یاخود بێ هۆکار بێ مەئویس و بێ هیوایی و نامورتاحی یەقەی پێدەگرێ و تەواو لەسەر خۆی نامێنێ و دەڕوخێ و کۆنتڕۆڵی خواردن و خەوتنی تێکدەچێت و ڕۆدەچێ لەو خەمەیە و دەشکرێ دوای ماوەیەک هەم دووبارە سلۆری ساف بێت و جەوی بکرێتەوە .
5.سایکۆس : ئەو حاڵەتەیە کە نەخۆش یا تووشبوو لەواقیعی ژیان دادەبڕێت و توشی وەهم و خەیاڵی نادروست دەبێت و وەڵامی زیاتر بۆ ئەو ژیانە وەهمی یە هەیە ، مەسەلەن کەسی توشبوو واهەست دەکات کەدایکی قسەی بۆ دەکات و گوێی بەدەنگی دایکییەوەیەتی، لەکاتێکدا دایکی مردووە ، یاخود بینینی هەندێ شت کەلەواقیعدا نییە و ئەو پێوەی مەشغوڵ دەبێت و واز لەواقیع دەهێنێ و وەڵامدانەوە و تێکەڵبوونی بەژیانی واقعەوە نامێنێت و بەردەوام لە داڵغەو ئاخافتنە لەگەڵ دەروونی و قسەکردن لەگەڵ دایک و باوکی یا کەسێکی خۆشەویستی کە پێشتر لەدەستی داوە .
6.خواردنی ناتەندروست: وەک ڕەفزکردنی خواردن یا زۆر خواردن ، کەسی تووشبوو وادەزانێ قەڵەوە و ناتوانێ ئیشتهای بەسەر خواردن بشکێ ، یاخود پێچەوانەکەی زۆرخۆری بەشێوەیەک بەردەوامە لەسەر خواردن و بەهیچ تێرناخوات ، دەکرێت کەکەسەکە بڕشێتەوە، جێگەی باسە کەسی توشبوو نزیکە بەس پێستی بمێنێتەوە و هەرچی چەوری ژێرپێستییەتی یا هەر شوێنێکی تری ، جەستەی لە بێ خواردنی بەکاریدێنێ بەڵام نەخۆش هەر ئامادە نییە دەستبکاتەوە بەخواردنی ژەمی درووست و لە قەڵەوی دەترسێ.
7.نیگەرانی anxioty : ئەمیش گەر مەحدود بێ ئاساییە ،بەڵام لەحاڵەتە دەروونییەکە تووشبوو بەردەوام خەفەتی هەیە بۆ هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ڕۆژانە ڕوودەدەن ، ترسان لەداهاتوو، ترسان لەلەدەستدانی ئیش و خەمخواردنی زۆر بۆ پارەو بۆ نەخۆشییەک کە بەسەری نەهاتووە بۆ بەڵایەک کە بەرۆکی نەگرتووە بۆ کەوتنێک کە هێشتا هەنگاوی یەکەمی نەناوە .
8.خەمۆکی depression : خەمۆکی و بەردەوام بێ جەوی و نەبوونی تاقەت لەهیچ شتێک و زۆرجار کەسی توشبوو پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن، یاخود بەردەوام بیری لێ دەکاتەوە و بە چارەسەر بۆ کێشەکانی دەزانێ و گەر هەموو شت لە دەسبات ئاساییە بەلایەوە و ئەو کەسانەشی کە ئامانج و هیوایان هەیە لەژیان ، بە کەسی بێعەقڵ و گەمژەیان لە قەڵەمدەدات و بە کورتی کەسێکی تەواو دۆڕاوە و پێویستی بە دەسگرتن و یارمەتی هەیە.
9. پی تی ئێس دی PTSD: بەرۆکی کەسی تووشبوو دەگریت دوای ئەوەی کەلەژیانیدا توشی ڕووداوێکی بەئازار بووە و شتێکی لەدەست داوە ،یاخود لە ڕوداوێکدا ژیانی کەوتبێتە مەترسییەوە و کەسێکی ئازیزی لە دەستدابێت ، یاخود بەهۆی دەعمی سەیارەوە قاچێکی لە دەستدابێت هەرگیز ئامادەنییە کە بڕواتە ناو سەیارە و باکگراوندێکی مەترسیداری بۆ درووست دەکات و بەردەوام لێی ئەترسێ , نیشانەکانی بریتییە لە توڕەبوون و بیرکردنەوە لەو ڕووداوانەی کە ڕویداوە ، یاخود بینینی خەوی ناخۆش nightmare و حەزکردن بەجیابوونەوە لە کۆمەڵگا و هەست کردن بەتاوان ، ئەم کەسانە بەردەوام کێشەیان لەگەڵ خەو هەیە و خەویان دەزڕێت.
10. ئەی دی ئێچ دیADHD: لەمنداڵدا ڕوودەدات ومنداڵی تووشبوو زۆر دەجوڵێ و توانای کۆنتڕۆلکردنی جوڵەی خۆی نییە، زیاتر لەمنداڵی کوڕدا روودەدات تاوەک لەکچ ،توانای تەرکیزی لەسەر وانەکانی قوتابخانە نییە وە ئیهمالەو تەنانەت دەکرێ توانای دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕەفیقەکانیدا نەبێت ، بەردەوام شتی لەبیر دەچێت و تێناگات لەبابەت و واجیباتی ماڵەوە جێ بەجێ ناکات. بەکورتی کێشەی ڕەوشتی و نەبوونی تەرکیزی هەیە.
#سەرکۆ ئاکۆ