ناسور - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الثلاثاء، 24 أبريل 2018

ناسور

نەخۆشی ناسۆر چیە؟
فەرموون خوێنەری ئەم بابەتەبن لەسەر نەخۆشی ناسور..

ناسۆر بریتی یە لەدروستبوونی كیسێك یا بۆشایی یەك كە موو یا پیسی تێدا كۆدەبێتەوە، زۆربەی كات لەكۆتایی پشت لەنێوان هەردوو سمت كەپێی دەڵێن كلێنچكە دروست دەبێت، نزیكەی 5 سم دەكەوێتە سەرووی كۆمەوە، دەكرێت لەچەند شوێنێكی تری وەك بن بال, نێوان پەنجەكان, ناوك و سەر سنگیش دروست ببێت ، ئەم نەخۆشی یە بۆیەكەم جار لەساڵی 1833 لەلایەن (هێبرتمایۆ) وە باسكراوە, باوەڕوایە لەئەنجامی لوولبوونی مووەكان و چوونە ناوەوەی بۆ ناو پێست لەو شوێنانەی كە باسكران دروست بێت پاشان نیشانەكانی دەردەكەون.

ڕێژەی توشبوون
• ڕێژەی توشبوون بەنەخۆشی ناسۆر نزیكەی % 0.7
• زیاتر لە ڕەگەزی نێرینەدا ڕوودەدات وەك لەڕەگەزی مێینە بەجۆرێك تا 1 كەس لە ڕەگەزی مێ‌ تووش دەبێت 4 كەس لە ڕەگەزی نێر تووش دەبێت.
• بەتایبەت لەوكەسانەدا ڕوودەدات كە پێستیان سپی یە.
• لەنێوان تەمەنی 15 بۆ 25 ساڵی دا بەڕێژەیەكی بەرچاو دەردەكەوێ، لەدوای تەمەنی 25 ساڵی یەوە ئەو ڕێژەیە بەرەو داكشان دەچێت، لەدوای تەمەنی 40 ساڵی یەوە زۆر بەكەمی دەبینرێ ئەمەش بەهۆی كەمبوونەوەی بەرگری لەش و گۆڕانكاری لە سیستەمی هۆرمۆنی لەش.
.
هۆكاری توشبوون بەنەخۆشیەكە :
هۆكاری توشبوون بەنەخۆشی ناسۆر تائێستا بەتەواوی نەزانراوە، چەند قسەو باسێكی لەسەرە، سەرەتا باوەڕ وابوو كە پەیوەندی زۆری هەیە بەهۆكارە بۆماوەییەكانەوە، بەڵام لەئێستادا چەند هۆكارێكی تریش هەن كە باوەڕ وایە ببنە هۆكار, لەوانە:
1) زۆری موو (واتە لەو كەسانەی كەمویان زۆرە) .
2) لولی و ناڕێكی موو یان گەشە كردنی موو بە پێچەوانەی لەش .
3) پێستی سپی (واتە لەسپی پێستەكان دا زیاترە).
4) ئارەق كردنەوەی زۆر و بەردەوام (لەوانەدا زیاد ئارەقە دەكەنەوە) .
5) ئەو كارانەی پێویستیان بە دانیشتنی زۆرە بەتایبەتی ئەوانەی كەشۆفێرن و بۆماوەیەكی زۆر شۆفێری دەكەن و سمتیان تووشی ڕوشان و برینداربوون دەبێت, لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمانیش دا ئەوانەی كە هۆگری بەكارهێنانی كۆمپیوتەرن و زۆر بە دیارێوە دادەنیشن.
6) ڕانەگرتنی پاكوخاوێنی
7) قەڵەوی
8) نەخۆشی شەكرە
9) تەمەنی گەنجی و ڕەگەزی نێر
10) قوڵی چاڵی نێوان هەردوو سمت (لەوانەی تووشی ناسۆری كلێنچك دەبن)
نیشانەكانی :
لەقۆناغەكانی سەرەتای نەخۆشیەكە پێش ئەوەی ببێتە دوومەڵ تەنها سوربوونەوە یا هەوكردنی سەلكی موو یا دەردانی درێژخایەن تێبینی دەكرێت كە دواتر گەشە دەكات و دەبێتە دومەڵا ئنجا نەخۆشەكە هەست بەئازارێكی زۆردەكات.
نیشانەكانی بە دوومەڵ بوون :
1- سوربوونەوە .
2- ئاوسان.
3- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش . (تا)
4- هاتنە دەرەوەی خوێن و كێماو بەشێوەی شلەیەكی زەردباو .
5- بۆنێكی ناخۆش لە برینەكە
6- دروستبوونی چەند كونێك یان بۆشایی تر لە تەنشتی بۆشایییە سەرەتاییەكەوە.

پشكنین ودەستنیشانكردنی نەخۆشی ناسۆر :
دەست نیشانكردنی نەخۆشییەكە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەنیشانەكانی دەبەستێت، زۆرجار پێویست بەپشكنینی تاقیگەیی و تیشك ناكات مەگەر بۆ جیاكردنەوە لەنەخۆشیە هاونیشانەكانی وەك ناسۆری دەوری كۆم ئەنجام بدرێن .

خۆپاراستن لەنەخۆشی ناسۆر :
بە چەند ڕێگەیەك دەتوانین لە نەخۆشی ناسۆر خۆمان بپارێزین.
1- پاك و خاوێن ڕاگرتنی ئەو شوێنانەی كە موو یان زۆرە وەك كلێنچكە و بن باڵ و ناوك، لانی كەم ڕۆژانە جارێك بە ئاوو سابوون بشۆردرێن و پاك بكرێنەوە .
2- لابردنی موی زیادەی لەش و تاشینی ئەو شوێنانەی ئەگەری توشبوونیان هەیە بەنەخۆشی ناسۆر .
3- دووركەوتنەوە لەدانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر .

كێشەو گرفتەكانی نەخۆشی ناسۆر:
1- هەوكردن و دروستبوونی دومەڵ، كەدەبێتە هۆی دروست بوونی ئازار و بێ تاقەتی و تا لێهاتن .
2- دەردانی خوێن و پیسی لەشوێنی ناسۆرەكە كە نەخۆش پێی بێزاردەبێت، ناو بە ناو ئەم دەردراوە نامێنێ و دواتر سەرهەڵدەداتەوە .
3- سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی یەكە دوای نەشتەرگەری ( لەهەندێ باردا تەنانەت دوای نەشتەرگەریش نەخۆشی یەكە سەرهەڵدەداتەوە)

 

 

 

چارەسەر :

1- چارەسەر بەبێ نەشتەرگەری :
ئەم چارەسەرە كاتێك دەكرێت كەنەخۆشییەكە تەشەنەی نەكردبێ و دومەڵی دروست نەكردبێ ئەویش بە پاك و خاوێن ڕاگرتنی شوێنی نەخۆشیەكە و شۆردنی بە ئاووسابون، وەلابردنی مووەكانی نزیك ناسۆرەكە لەگەڵا ئەوەشدا نەخۆشی چارەسەری ئازارشكێن و دژەبەكتریا بەكاربێنێ، بەمەش نیشانەكانی نەخۆشیەكە ون دەبن و ئازارەكە نامێنێ بەڵام ئەگەری دووبارە توشبوونەوەی نەخۆشییەكە هەر هەیە .

2- چارەسەر بە نەشتەرگەری :
ئەگەر ناسۆرەكە تەشەنەی كردبێ و دومەڵی دروستكردبێ، پێویست بە نەشتەرگەری دەكات لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە، ئەویش لەژێر بەنجی گشتی یان نیو بەنج.
برینێك لەسەردومەڵەكە دەكرێ و ناسۆرەكە بەتەواوی پاكدەكرێتەوە لەخوێن وپیسی و موەكانی ناوی، وە برینەكە بەكراوەیی بەجێ دەهێڵرێ تاخۆی یەك دەگرێتەوە و چاك دەبێتەوە، لەو ماوەیەدا پێویستی بە پاككردنەوەی بەردەوام هەیە (لانی كەم دوو ڕۆژ جارێك) تابەتەواوی برینەكە یەك دەگرێتەوە.
ئەم نەشتەرگەریەش ئەگەری دوبارە توشبوونەوەی هەیە، لەوانەیە پێویست بكات لەقۆناغەكانی دواییدا نەشتەرگەری تەواوی بۆ بكرێت بۆئەوەی بەتەواوی بنەبر ِبكرێت و ناسۆرەكە سەرهەڵنەداتەوە .
دەتوانرێ نەشتەرگەری ناسۆر بەشێوەی جوانكاری ئەنجام بدرێ كەدوای نەشتەرگەرییەكە ڕاستەوخۆ برینەكە دابخرێتەوە، بۆپیاوان بەشێوەی (پاقلاوەیی) وئافرەتانیش بەشێوەیپیتی ( Z ) دەكرێت، ئەم جۆرە نەشتەرگەریی یە چەند سودێكی هەیە وەك :
1- كاتێكی كەمتری پێویستە بۆچاكبوونەوەی برینەكە و نەخۆشەكە زووتر دەتوانێ بچێتەوە سەركاری خۆی .
2- دوای چاكبوونەوە شوێنێكی جوانتر دەبەخشێت بەشوێنی نەشتەرگەرییەكە بە بەراورد بە جۆرەكانی تری نەشتەرگەری نەخۆشی یەكە.

هاوڕێیان دکتۆر عبدل واحید یەکەم کەسە کە چارەسەری ئەم نەخۆشییەی کردبێت بە بێ نەشتەرگەری .. جاران هەر کورد قەرزاری ئەم پیاوە بەڕێزە بوون و ئێستا هەموو جیهان .. خودای گەورە نموونەی زیاد بکات