جیوب چیە؟
جیوب بەوهەوکردنە دەگوترێت کە لەچاڵە هەوایەکانی ناو ئێسکەکانی دەم و چاو ڕوودەدەن. ژمارە و قەبارەی چاڵە هەوایەکان لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دی دەگۆڕێت چونکە هەندێک کەس ئەو چاڵە هەواییانەی هەر نییە کە لەسەر ناوچەوانن (ژمارەیان کەمە). کار و فەرمانی ئەم چاڵە هەواییانە بریتییە لە ڕێکخستنی ژێیەکانی دەنگمان هەروەها وەک نزمکردنەوەی زرنگاندنەوەی دەنگمان کاردەکات. کارێکی دی ئەوەیە کە لەکاتی بەرکەوتندا پارێزگاری لەمێشکمان بکات. هەموو چاڵەهەواییەکان بە ڕێڕەوێکی تەسک بەستراونەتەوە بە لووتەوە کە پڕن لە لینجاو وە هەرکاتێک کە تەنێکی نامۆ دەچێتە ناوەوە ئەوا دەستبەجێ بەرگری لەشمان چالاکدەبێت و لەناویان دەبات بەمەش هەموو لەش دەپارێزن لەو تەنە نامۆیانە (بەکتریا و ڤایرۆس).
کەی جیوب ڕوودەدات؟
چڵک هەڵگرتنی دەرچەکانی چاڵەهەواییەکان (کە ناهێڵن لینجییەکان بکەنە ناو لووتەوە) بەتایبەتی لە وەرزی سەرما و هەڵامەت دا وادەکات کە ببێتە هۆکاری گیرانی تەواوەتی یان بەشی زۆری دەرچەکان و بەمەش دەردراوەکان (لینجییەکان) فڕێنەدرێنە ناو لووت بەمەش فشارێکی زۆر دەخەنە سەر دیوارەکانی چاڵە هەواییەکان کەئەمەش ناڕەحەتی و نالەباری درووست دەکات بۆ کەسی تووشبوو.
هۆکارەکان چین؟
زۆربەی کات هەوکردنەوەکە بەهۆی ڤایرۆسەوەیەو خۆی چاک دەبێتەوە
ئەگەر بەکتریابوو ئەوا پێویستت بە دژە بەکتریا هەیە
گیرانی لووت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ وادەکات بەکتریا گەشە بکات لە چاڵە هەواییەکان دا
هەوکردنی ددان
هەستیارییەکان (حەساسییەت)
جگەرە کێشان
دووگیانی
پژمە و کۆکە دەبنە هۆی گواستنەوەی بەکتریا و ڤایرۆس
نیشانەکانی
هەوکردن لەکاتی هەڵامەت دا
ئازار لە ناوچەوان و سەر ڕوومەتەکان
سەریەشەیەکی مام ناوەند
گیرانی لووت (بەسەختی هەناسەدان لەڕێگای لووتەوە)
لینجی لووت بۆنێکی ناخۆشی لێدێت
ئەگەر سەختتر بوو ئەوا:
جگە لە سەریەشەیەکی تووند، سووربوونەوە ڕوودەدات لە ناو لووت یان هەڵئاوسانی پێڵووی چاو بەمەش لە منداڵدا لەوانەیە هەوکردنەکە بگوازرێتەوە بۆ مێشک و بەرگەکانی مێشک کەئەمەش دەبێت دەستبەجی دکتۆر بیخاتە ژێر چاودێری تووند.
خۆ چارەسەرکردن
بەرزکردنەوەی گۆشەی خەوتن
زیادکردنی خواردنەوەی شلەمەنییەکان
پیاسەکردن لە هەوایەکی پاک دا
وازهێنان لە جگەرەکێشان
نابێت زیاد لە ١٠ ڕۆژ لەسەر یەک سپراکانی لووت بەکاربهێنین وەک Xylometazoline
سپرا لووت کە کۆرتیزۆنی تیایە Mometasone کاریگەریان باشترە بۆ جیوب
ئەگەر هەوکردنەکە بەکتریایی بێت ئەوا پێویستت بە دژە بەکتریاییەکان هەیە
هەندێک جار پێویست دەکات ئەم چاڵانە بەتاڵبکرێتەوە لە لایەن پزیشکەوە لە ڕێگای دەرزییەوە
کەی سەردانی پزیشک بکەین؟
لەرزوتای زۆر
هەستکردن بەلاوازی و ڕەقبوونی مل
ئازاری سەخت لە ناوچەوان و لووتەکان دا
سووربوونەوە لە دەوری چاو