میزی خوێناوی - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الاثنين، 23 أبريل 2018

میزی خوێناوی

میزی خوێناوی ( خوێن لە میزدا )

ئەم جارە باسی هەبوونی خوێن دەکەین لە میزدا.
دوو جۆر میزی خوێناویمان هەیە
۱ـ خوێنەکە بە چاو ئەبینرێت وە ڕەنگی میزەکە سوورە.
۲ـ خوێنەکە بە چاو نابینرێت بەس بە شیکاری میز دیارە کە میزەکە خوێنی تێدایە. واتە ڕەنگی میزەکە ئاساییە.

هۆکارەکان
گەلێک هۆکارمان هەیە کە دەبێتە هۆی خوێن بەربوون لە کۆئەندامی میزەڕۆوە، هۆکارەکان بە گوێرەی بەر بڵاویان ئەمانەی خوارەوەن.

۱ـ التیهابی میزەڵدان
۲ـ بەردی گورچیلە
۳ـ بەردی میزەڵدان
٤ـ شێرپەنجەی میزەڵدان
٥ـ شێرپەنجەی گورچیلە
٦ـ شێرپەنجەی بۆری میز
۷ـ شێرپەنجەی پڕۆستات لە پیاواندا
۸ـ التهابی درێژخایەن یان کتوپڕی گورچیلە
۹ـ ڕوونبونەوەی خوێن 
۱٠ـ وەرزشی زۆرو قورس
۱۱ـ نەخۆشی میزی خوێناوی کە بە بەلهارزیا ناسراوە.
۱۲ـ بەکار هێنانی دەرمان

نیشانەکان

گرنگترین نیشانە سوربونی ڕەنگی میزە، وە نیشاناکانی تر بە گوێرەی هۆکارەکان ئەگۆڕێن. بۆ نموونە ئەگەر هۆکارەکە بەردی گورچیلە بێت نەخۆش زۆربەی کات ئازارێکی کتوپڕی لێ پەیدا دەبێت لەو لایەیی کە بەردەکەی دابەزیوە. لە وانەیە زوو زوو بچیت بۆ سەرئاو بۆ میزکردن. لەوانەیە سووتانەوەو کزانەوەی هەبێت لەکاتی میزکردندا ئەگەر هۆکارەکە التهابی میزەڵدان بێت. بەڵام هەنێ جار جگە لە ڕەنگی سوری میزەکە نەخۆشەکە هیچ نیشانەیەکی تری نیە. ئەم جۆرەیان زۆربەی کات بە هۆی شێرپەنجەی میزەڵدان ، گورچیلە یان پڕۆستاتەوەو دەبێت. 

لەبەر ئەوەی وەک ووتمان هەنێ جار هۆکاری بوونی خوێن لە میزدا شێرپەنجەیە، ئەبێ زۆر بە هەند وەربگیرێت و پشت گوێ نەخرێت و نەخۆش ئەبێت بە زووترین کات سەردانی دکتۆری پسپۆڕ بکات.

دەست نیشانکردنی هۆکارەکان

۱ـ نەخۆش ئەبێت لە لایەن دکتۆری پسپۆڕەوە ببینرێت و پرسیاری تەواوی لێبکرێت دەربارەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە پاشان پشکنینی لەش بۆ نەخۆشەکە بکات.

۲ـ پشکنینی خوێن و میز لە گەڵ زەرعەی میز.

۳ـ گرتنی ئەشیعە یان سۆنار یان ئە شیعەی تەنووری.

٤ـ ناظوری میزەڵدان یان گورچیلە

٥ـ پشکنینی میز بۆ بینینی خانەی شێرپەنجەیی

چارەسەر

چارەسەری تەواوەتی میزی خوێناوی پەیوەندە بە هۆکارەکەیەوە. ئەبێت هۆکارەکە دەستنیشان بکرێت و پاشان چارەسەری بکرێت. وەک پێشتر ووتمان زۆربەی کات  خۆشبەختانە هۆکارەکە هۆکارێکی سادەی وەک بەرد یان التهابە. لە هەمان کاتدا ئەگونجێ هۆکارەکەش  خوانەخواستە نەخۆشی شێرپەنجە بێت. لێکۆڵینەوە پزیشکیەکان دەریانخستوە لە ۲٥٪ ئەو نەخۆشانەی ڕەنگی میزەکەیان سوورە واتە بوە بە خوێن شێرپەنجەی کۆئەندامی میزەڕۆیان هەیە. وە تەنها لە ٥٪  ئەو نەخۆشانەی کە خوێنەکە لە میزەکەیاندا بەس بە شیکاری میز دەرئەکەوێت شێرپەنجەیان هەیە. 

ئەوەی مەبەستمە لەم نووسینە ئەوەیە کاتێ کە نەخۆش میزەکەی بوو بەخوێن یان پێی ووترا فحصی میزەکەی خوێنی تێدایە بۆ چەند جارێک ، پشتگوێی نەخات و زوو سەردانی دکتۆر بکات. چونکە ئەگەر هۆکارەکە شێرپەنجەبێت ئەتوانرێ زوو بە نەخۆشیەکە بزانرێت و بتوانرێت لە ڕێگەی نەشتەرگەریەوەو بنە بڕبکرێت و ژیانی نەخۆشەکە بپارێزێت بە کۆمەکی خوای گەورە.