ئاوی ڕەشی چاو - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الاثنين، 14 مايو 2018

ئاوی ڕەشی چاو

ئاوی ڕەشی چاو

مەبەست لەم حاڵەتە زیانگەیشتنە بە دەماری چاو كە هۆكارێكی سەرەكی ئەوەش بەرزبوونەوەیەكی ترسناكی فشاری ناوەوەی چاوە.

ئەم بەرزبوونەوەیە لە فشاری ناوەوەی چاودا پەستان دەخاتە سەر ئەو دەمارەی زانیارییەی بیناییەكان بۆ مێشك دەگوازێتەوە و سەرەنجام لەگەڵ تێپەڕینی كات پەكیدەخات.

ئاوی ڕەشی چاو لە هۆكارە بەربڵاوەكانی لەدەستدانی بینایی چاوە.

نیشانەكانی:

لە ژمارەیەكی بەرچاوی حاڵەتەكاندا تووشبووەكە هەست بە هیچ نیشانەیەك ناكات تاوەكوو زیانێكی بەرچاو بە دەماری گوازەرەوەی زانیارییە بیناییەكان نەگات و پلەیەك لە دەستچوونی بینایی ڕوونەدات.

لە هەندێ‌ حاڵەتی دیكەدا فشارەكە خێرا بەرزدەبێتەوە و دەبێتە حاڵەتێكی كتوپڕی و چەند نیشانەیەك دەدات وەك لیڵبوونی بینایی، ئازاری توندی چاو، درووستبونی شەپۆل بە چواردەوری بینینی رووناكیدا، ئێڵنج و رشانەوە. ئەگەر ئەم نیشانانەت هەبوو، سەردانی نزیكترین یەكەی فریاكەوتن بكە تاوەكوو ڕێگە بگیرێ‌ لە زیانگەیشتنی هەمیشەیی بە چاوت.

ئەو هۆكارانەی رێگا بۆ تووشبوون خۆشدەكەن:

1-بەرزیی فشاری ناوەوەی چاو: هەندێك كەس ئەو فشارەیان لە كەسانی دی زیاترە، بەوەش ئەگەری تووشبوونیان زیاد دەكات.
2-تەمەن: لە تەمەنی 40 ساڵییەوە ئەگەری تووشبوون زیاتر دەكات
3-بۆماوە: هەندێك كەس ناتەواوییەك لە جینەكانیان هەیە، وایان لێدەكات لە كەسانی دیكە ئەگەری تووشبوونیان زیاتر بێ. ئەگەر ئەندامێكی بنەماڵەكەت، یان كەس و كاری نزیكت ئاوی رەشی چاویان هەبێ، ئەگەری تووشبوونی تۆش زیاترە.
3-نەخۆشیی درێژخایەن: ئەوانەی شەكرە، بەرزیی فشاری خوێن، تەمبەڵیی رژێنی دەرەقی و نەخۆشییەكانی دڵیان هەیە زۆرتر تووشدەبن.
4-نەخۆشیی دیكەی چاو: وەكوو زەبرگەیشتنی پێشووتر بە چاو، وەرەمی چاو و هەندێن نەخۆشیی هاوێنەی چاو
5-زۆر بەكارهێنانی دەرمانە ستیرۆیدییەكان

دەستنیشانكردن:

بە بەكارهێنانی ئامێری تۆنۆمیتەر، فشاری ناوەوەی چاووت دەپێورێت و دیاری دەكرێت كە ئاخۆ تووشی ئەم حاڵەتە هاتویت یان نا.

بەرزبوونەوەی فشاری ناوەوەی چاو دەربڕی ئەو ڕاستییەیە كە چاووت بڕێكی زیاد لەپێویستی ئاو درووستدەكات، یاخود ئەو كەناڵانەی گیراوون كە هاتو چۆ بەو ئاوە دەكەن.

فشاری ئاسایی ناوەوەی چاو دەبێ‌ لە 21 ملم.جیوە كەمتربێت.  

جگە لە تۆنۆمیتری، پزیشك هەندێ‌ پشكنینی تری چاوت بۆ دەكات، تا هەم توانای بیناییت دیاری بكات و هەم بڕی ئەو زیانە دیاری بكات كە بەهۆی حاڵەتەكەتەوە بە چاو و دەماری بیناییت گەیشتووە.

چارەسەر:

بەپێی توندی حاڵەتەكە جۆرەكە دەگۆڕێ‌: دەرمان، نەشتەرگەری و لەیزەر. لە نموونەی دەرمانەكان  قەترەیە كە فشاری بەرزی ناوەوەی چاو دادەبەزێنێت.

لەبەرئەوەی ئاوی ڕەشی چاو نیشانە و ئازارێكی ئەوتۆی نییە، هەندێ‌ لە تووشبووان كەمتەرخەمی دەكەن لە بەكارهێنانی قەترەكانیان و بەو جۆرە وردەی پزیشك بۆی دیاری كردوون بەكاری ناهێنن و لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە ئەم كەمتەرخەمییە هۆكارێكی ڕێگا خۆشكەرە بۆ كوێربوونی تووشبووان.
ئەگەر بەكارهێنانی قەترەكە بە هەر جۆرێك بێزارت دەكات، لە بەكارهێنانی مەوەستە تاوەكوو ڕاوێژ بە پزیشكەكەت دەكەیت و لەو بارەیەوە ڕێوشوێنی زانستیت پیشاندەدات.