Nausea and Vomiting
هێڵنجدان و ڕشانەوە
هێڵنجدان حاڵەتێکی قورس و نائاسانییە لە گەدەدا بەزۆری لەپێش ڕشانەوە ڕوودەدات ، ئەمە لەکاتێکدا ڕشانەوە بریتییە لە حاڵەتێکی تووند کە دەکرێت بە خواست یان بێ خواستی خۆمان بێت بۆ بەتاڵبون و فڕێدانی پێکهاتەی ناو گەدە لە ڕێگەی دەمەوە.
هۆکاری هێڵنجدان و ڕشانەوە چییە؟
لەڕاستیدا هێڵنجدان و ڕشانەوە نەخۆشی نین بەڵکو نیشانەو دەرکەوتەیە بۆ هەندێ حاڵەت و نەخۆشی ،هەندێک لە و حاڵەتانە وەک :
- لە قۆناغی سەرەتایی سکپڕی ، هێڵنجدان ڕوودەدات بەنزیکەی لە %50 بۆ %90 لە هەموو ئافرەتێکی دووگیاندا، و ڕشانەوە بەڕێژەی %25 بۆ %55 ڕوودەدات.
-دەرمان ، ئەوانەی کە ڕشانەوە درووستدەکەن.
-ئازارێکی تووند.
- وروژان و پەستانی دەروونی وەک ترس.
- نەخۆشی زراو.
- خۆراکی پیسبوو یان ژەهراوی.
- هەوکردن و تێکچونی گەدە.
- زیادەخۆری و زۆر خۆری.
- کاردانەوە و هەستیاربوون بەرامبەر هەندێ بۆن.
- جەڵدەی دڵ.
- هەندێ حاڵەت کە بەسەر مێشکدا دێت.
- بەکارهێنانی زۆر و ژەهراویبوون بە ئەلکهوول.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هۆکاری ڕشانەوە ئەگۆڕێت بەپێی تەمەنەکان ، لە منداڵاندا ڕشانەوە حاڵەتێکی باوە بە بوونی ڤایرۆس یان ژەهراویبونی خۆراک ، هەروەها هەستیاربوون بە جۆری شیر ، لەگەڵ زۆر خۆری..، بلۆکبونی ڕیخۆڵەکان و نەخۆشی کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی بەڕاددەیەکی زۆر.
* زۆرجار کاتی ڕشانەوەکە هۆکارەکەی دەستنیشان ئەکات ، بۆ نموونە ئەگەر بە ماوەیەکی کەم لەدوای نان خواردن ڕشانەوە ڕووبدات لەوانەیە هۆکارەکان یەکێک بێت لەمانە : خۆراکی پیس بوو ناپاکژ ، هەوکردنی گەدە یان برینی گەدە ، ..
ڕشانەوە لە دوای کاتژمێرێک بۆ هەشت کاتژمێر دوای نان خواردن لەوانەیە بەهۆی بەکتریا بێت بەتایبەت بەکتریای سالمونیلا یان خۆراکی پیسبوو..
ئایا ڕشانەوە مەترسیدارە !!!
ڕشانەوە خۆی لەخۆیدا مەترسیدار نییە ، بەڵام هەندێ جار لەوانەیە نیشانە و دەرخەرێک بێت بۆ حاڵەتی مەترسیدار وەک هەوکردنی پەردەی مێشک یان تێکچونەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە مێشکەوە ، گیران و بلۆکبونی ڕیخۆڵەکان ، هەوکردنی ڕیخۆڵە کوێرە.
مەترسی و گرفتێکی دیکە بریتییە لە ووشکبونەوە واتە کەمبوونەوەی شلە و فلودی لەش ، بۆ کەسێکی پێگەشتوو مەترسی ووشکبونەوە کەمە چوونکە هەست بە نیشانەکانی دەکات و ئاگادار دەبێت لێی نیشانە گرنگەکانی ووشکبونەوە بریتیین لەمانە : زیادبوونی تینوێتی و ووشکبونەوەی لێو و دەم .. ، بەڵام مەترسی ووشکبونەوە زیاتر لە منداڵی بچووکدا ڕوودەدات بەتایبەت کاتێک سکچونیشی لەگەڵدابێت ، چونکە نیشانەکان بەڕوونی هەست پێناکرێت تێیدا ،بۆیە لەم کاتانەدا پێویستە کەسانی دەوروبەر ئاگاداری گۆڕانکارییەکان بن کە لە منداڵەکاندا ڕوودەدات وەک ، وشکبونی لێو و دەم بێهێزی چاوەکان و داخرانی ، خێرا هەناسەدان یان خێرا لێدانی دڵ...هەروەها لەمنداڵی تازە لەدایکبوودا چاودێری کەمبوونی ڕێژەی میزکردنی بکە ..
* زۆر دووبارەبونەوەی ڕشانەوە لە ئافرەتی دووگیاندا حاڵەتی مەترسیدار درووستدەکات کە ناودەبرێت بە Hyperemesis gravidarum کە تێیدا ناهاوسەنگی لە ئەلیکترۆلایتەکانی لەشدا ڕوودەدات و مەترسی بۆسەر ژیانی کەسی دووگیان و تەنانەت مەترسی لەدایک نەبوونی منداڵەکەشی لێدەکەوێتەوە..
* لە هەندێ حاڵەتی دەگمەندا ڕشانەوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی دڕانی ناوپۆشی سورێنچک ، ئەم حاڵەتە ناسراوە بە Mallory-weiss tear ، ئەگەر سورێنچک ڕەبچەربوو ئەوا حاڵەتێکی تەواری و ئیمیرجینسییە کە ناودەبرێت بە Boerhaave's syndrome.
* چ کاتێک پێویست بەوە دەکات سەردانی پزیشک بکەیت بۆ هێڵنجدان و ڕشانەوە :
- کاتێک هێڵنجدان لە چەند ڕۆژێک زیاتری خایاند یان گوومانی دووگیانبوون هەبوو.
- کاتێک ووشکبونەوە ڕوویدا ، یان بەهۆی زەبر بەرکەوتنی سەر ڕوویدابوو.
- بۆ کەسێکی پێگەشتوو ئەگەر ڕشانەوە لە ڕۆژێک زیاتری خایاند پێویستە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشک بکات ، یان سکچوون و ڕشانەوە زیاتر لە ۲٤ کاتژمێر بەردەوام بوو چوونکە مەترسی ووشکبوونەوە هەیە.
* ئەگەر لەگەڵ ڕشانەوەدا ئەم حاڵەتانە ڕوویاندا ئەوا ئاگاداربە و پزیشک ئاگادار بکەرەوە:
- ڕشانەوە خوێنی پێوەبێت.
- سەرئێشەیەکی تووند.
- ڕەقبوونی مل.
- بێهێزی و گێژی و ووڕی و کەم ئاگایی.
- ئازاری تووندی سک.
- سکچوون.
- خێرا لێدانی دڵ و زیادبوونی هەناسەدان.
چارەسەر و خۆپارێزی چییە بۆ هێڵنجدان و ڕشانەوە ؟
سەرەتا ئەگەر باسی لایەنی چارەسەرییەکەی بکەین ئەوا بریتییە لە ڕەچاوکردنی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە :-
- خواردن و خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی بە شێوەیەکی تەدریجی و ووردە ووردە ، واتە بڕەکەی ووردە ووردە زیاد بکەین .
- دوورکەوتنەوە لە خواردنی شێوە ڕەق هەتا ئەوکاتەی ڕشانەوەت نامێنێت و تێدەپەڕێت.
- سەبارەت بە ڕشانەوەی پەیوەندیدار بە شێرپەنجەوە ، ئەوا چارەسەرییەکەی لە ڕێگەی جۆری دیاریکراوی دەرمانەوە دەبێت لەژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ...
چۆن خۆمان بپارێزین لە هێڵنجدان :-
ئەم خاڵانەی خوارەوە چەند ڕێگایەکە بۆ خۆپاراستن و ڕێگری کردن لە درووستبوونی هێڵنجدان ...
- خواردنی بڕێکی کەم لە ژەمە خۆراکییەکان لەجیاتی ئەوەی سێ ژەمی گەورە بخۆیت.
- خواردن و خواردنەوە بە هێواشی و لەسەرخۆیی.
- لە دوای نان خواردن ئیسراحەت وەربگرە و سەرت بەرزتربێت لە ئاستی قاچت بە نزیکەیی ۲٠ ئینج .
- شلەمەنی و خواردنەوەکان زیاتر لە نێوانی ژەمە خۆراکییەکان بخۆرەوە نەک لە کاتی خۆراک خواردن.
- هەوڵبدە لەو کاتانەدا خواردن بخۆیت کە هەست بە هێڵنجدان ناکەیت و دڵ تێکەڵهاتنت نییە.
چۆن خۆمان بپارێزین لە ڕشانەوە کاتێک هەستمان بە هێڵنجدان کرد ؟
کاتێک هەستت بە هێڵنجدان کرد دەتوانی ڕەچاوی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بکەیت بۆ کەمکردنەوە و ڕێگری کردن لە ئەگەری ڕشانەوە...
- خواردنەوەی شلەمەنی خاوێن بۆ نموونە سۆدا یان شەربەتی میوەکان جگە لە شەربەتی پرتەقاڵ و ترێ .
- پشوو بدە بە شێوەی دانیشتن یان پاڵدانەوە ، چوونکە جوڵەو ئەکتیڤی لەو کاتانەدا لەوانەیە ببێتە هۆی ڕوودانی ڕشانەوە.
بۆڕێگریکردن لە هێڵنجدان و ڕشانەوە لە منداڵاندا یان زۆرجار لای کەسی گەورەش باوە ئەم حاڵەتە کە لە سەیارەدا تووشی دڵ تێکەڵهاتن دەبێت ، ئەوا واباشترە سەیری جامی پێشەوەی سەیارەکە بکەیت و ڕووت لێی بێت چونکە سەیرکردنی ئەو جووڵە خێرایانەی کە ڕوودەدات لە لاتەنیشتەکانەوە مەترسی دڵ تێکەڵهاتن زیاددەکات ، هەروەها سەیرکردنی ڤیدیۆ یان یاریکردن بە ئامێرەکان لەناو سەیار دڵ تێکەڵهاتن زیاددەکات.
- ڕێگە مەدە منداڵ لەیەک کاتدا نان بخوات و یاریش بکات.
وەرگیراوە
#