ناسۆری کلێنچکە چییە ؟
هۆکارەکانی توشبوون بە ناسۆری کلێنچکە چین؟
نیشانەکانی چین؟
خۆ پاراستن لە نەخۆشی ناسۆر؟
چارەسەرکردن بە بێ نەشتەرگەری
چارەسەرکردن لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە
ناسۆری کلێنچکە چییە ؟
ناسۆر بریتی یە لەدروستبوونی كیسێك یا بۆشایی یەك كە موو یا پیسی تێدا كۆدەبێتەوە، زۆربەی كات لەكۆتایی پشت لەنێوان هەردوو سمت كەپێی دەڵێن كلێنچكە دروست دەبێت، نزیكەی ٥ سم دەكەوێتە سەرووی كۆمەوە، دەكرێت لەچەند شوێنێكی تری وەك بن باڵ، نێوان پەنجەكان، ناوك و سەر سنگیش دروست ببێت. باوەڕ وایە لەئەنجامی لوولبوونی مووەكان و چوونە ناوەوەی بۆ ناو پێست لەو شوێنانەی كە باسكران دروست بێت پاشان نیشانەكانی دەردەكەون.
ئەم نەخۆشییە زیاتر لە ڕەگەزی نێرینەدا ڕوودەدات وەك لەڕەگەزی مێینە بەجۆرێك تا 1 كەس لە ڕەگەزی مێ تووش دەبێت 4 كەس لە ڕەگەزی نێر تووش دەبێت، بەتایبەت لەوكەسانەدا ڕوودەدات كە پێستیان سپی یە.
لەنێوان تەمەنی 15 بۆ 25 ساڵی دا بەڕێژەیەكی بەرچاو دەردەكەوێ، لەدوای تەمەنی 25 ساڵی یەوە ئەو ڕێژەیە بەرەو داكشان دەچێت، لەدوای تەمەنی 40 ساڵی یەوە زۆر بەكەمی دەبینرێ ئەمەش بەهۆی كەمبوونەوەی بەرگری لەش و گۆڕانكاری لە سیستەمی هۆرمۆنی لەش.
هۆکارەکانی توشبوون بە ناسۆری کلێنچکە چین؟
هۆكاری توشبوون بەنەخۆشی ناسۆر تائێستا بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام باوەڕ وایە کە کۆمەڵێک هۆکار بەرپرس بن لێی، لەوانە :
زۆری موو(لەو کەسانەی کە موویان زۆرە )
لولی و ناڕێكی موو یان گەشە كردنی موو بە پێچەوانەی لەش
پێستی سپی (لەسپی پێستەكان دا زیاترە)
ئارەق كردنەوەی زۆر و بەردەوام (لەوانەدا زیاد ئارەقە دەكەنەوە)
ئەو کارانەی پێویستیان بە دانیشتنی زۆرە بەتایبەتی ئەوانەی کە شۆفێرن و بۆ ماوەیەکی زۆر شۆفێری دەکەن و سمتیان تووشی ڕوشان و برینداربوون دەبێت، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمانیشدا ئەوانەی کە هۆگری بەکارهێنانی کۆمپوتەرن و زۆر بە دیاریەوە دادەنیشن.
ڕانەگرتنی پاكوخاوێنی
قەڵەوی
نەخۆشی شەكرە
تەمەنی گەنجی و ڕەگەزی نێر
قوڵی چاڵی نێوان هەردوو سمت (لەوانەی تووشی ناسۆری كلێنچك دەبن)
نیشانەکانی چین؟
ناسۆری کلێنچکە ڕودەدات کاتێک کە مووەکە پێست کون دەکات و دەچێتە ناوەوە، لەقۆناغەكانی سەرەتای نەخۆشیەكە پێش ئەوەی ببێتە دوومەڵ تەنها سوربوونەوە یا هەوكردنی سەلكی موو یا دەردانی درێژخایەن تێبینی دەكرێت كە دواتر گەشە دەكات و دەبێتە دومەڵ، ئنجا نەخۆشەكە هەست بەئازارێكی زۆردەكات. نیشانەکانی بوون بە دوومەڵ بریتین لە:
سوربوونەوە
ئاوسان
هاتنە دەرەوەی کێم و خوێناو بەشێوەی شلەیەکی زاردباو
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش (تا)
بۆنێکی ناخۆش لە برینەکە
دروستبوونی چەند کونێک یان بۆشایی تر لە تەنیشتی بۆشاییە سەرەتاییەکەوە .
خۆ پاراستن لە نەخۆشی ناسۆر؟
بە چەند ڕێگەیەک دەتوانین لە نەخۆشی ناسۆر خۆمان بپارێزین:
پاک و خاوێن راگرتنی ئەو شوێنانەی کە موویان زۆرە وەک کلێنچکە و بن باڵ و ناوک ، لانی کەم رۆژانە جارێک بە ئاوو سابوون بشۆردرێن و پاک بکرێنەوە .
لابردنی مووی زیادەی لەش و تاشینی ئەو شوێنانەی ئەگەری توشبوونیان هەیە بە نەخۆشی ناسۆر.
دووركەوتنەوە لەدانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر.
چارەسەری ناسۆری کلێنچکە:
چارەسەرکردن بەبێ نەشتەرگەری: ئەم چارەسەرە كاتێك دەكرێت كەنەخۆشییەكە تەشەنەی نەكردبێ و دومەڵی دروست نەكردبێ ئەویش بە پاك و خاوێن ڕاگرتنی شوێنی نەخۆشیەكە و شۆردنی بە ئاووسابون، وەلابردنی مووەكانی نزیك ناسۆرەكە لەگەڵا ئەوەشدا نەخۆش دەتوانێ چارەسەری ئازارشكێن و دژەبەكتریا بەكاربێنێ، بەمەش نیشانەكانی نەخۆشیەكە ون دەبن و ئازارەكە نامێنێ بەڵام ئەگەری دووبارە توشبوونەوەی نەخۆشییەكە هەر هەیە .
چارەسەرکردن بە نەشتەرگەری: ئەگەر ناسۆرەكە تەشەنەی كردبێ و دومەڵی دروستكردبێ، پێویست بە نەشتەرگەری دەكات لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە، ئەویش لەژێر بەنجی گشتی یان نیو بەنج. برینێك لەسەردومەڵەكە دەكرێ و ناسۆرەكە بەتەواوی پاكدەكرێتەوە لەخوێن وپیسی و موەكانی ناوی، وە برینەكە بەكراوەیی بەجێ دەهێڵرێ تاخۆی یەك دەگرێتەوە و چاك دەبێتەوە، لەو ماوەیەدا پێویستی بە پاككردنەوەی بەردەوام هەیە (لانی كەم دوو ڕۆژ جارێك) تابەتەواوی برینەكە یەك دەگرێتەوە.
ئەم نەشتەرگەریەش ئەگەری دوبارە توشبوونەوەی هەیە، لەوانەیە پێویست بكات لەقۆناغەكانی دواییدا نەشتەرگەری تەواوی بۆ بكرێت بۆئەوەی بەتەواوی بنەبر ِبكرێت و ناسۆرەكە سەرهەڵنەداتەوە .
#