دەردە رێوی،
حاڵەتێكە تێیدا مووی لەش (بەتایبەتی قژی سەر) هەڵدەوەرێت. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا تووشی چەند ناوچەیەكی دیاریكراوی پێستی سەر یان لەش دەبێت و ئەو ناوچە دیاریكراوانە كەچەڵ دەكات. لە 1-2%ی حاڵەتەكاندا هەموو پێستی سەر كەچەڵ دەكات. لە ژمارەیەكی كەمتری تووشبوواندا هەموو مووی لەش هەڵدەوەرێت. 1 تا 2 لە هەزاری خەڵكی بە پیاو و ئافرەتەوە تووشی ئەو دەردە دەبن دەبن، بەڵام لە ئافرەتاندا بڵاوترە.
هۆیەكانی
- بۆماوەیی: هەبوونی خزمی نزیكی تووشبوو ئەگەری تووشبوون زیاتر دەكات.
- پەیوەندی هەیە لەگەڵ تێكچوونی كۆئەندامی بەرگری، بەجۆرێك كۆئەندامی بەرگری ئەو كەسە بە هەڵە هێرش دەكاتە سەر چیكڵدانەكانی موو و گەشەی موو دەوەستێنێ و هەڵی دەوەرێنێ.
- فشاری دەروونی.
دەستنیشانكردن
- ناوچەیەك یان زیاتری بازنەیی لە پێستی سەر یان ریش یان هەر ناوچەیەكی دیكەی مووداری لەش، مووی پێوە نامێنێت. هەڵوەرینی مووەكە لە ماوەیەكی كورتدا روودەدات. هەندێجار ئازاریشی لەگەڵ دایە.
- لە قەراخی ناوچەكەوە، بە ئاسانی بەدەست دەتوانی موو هەڵبكەنی.
چارەسەر
50%ی تووشبووان بێ ئەوەی چارەسەری وەربگرن لە ماوەی ساڵێكدا مووەكەیان دێتەوە. 90%ی حاڵەتەكان لە كۆتاییدا موویان دێتەوە. ئەو 10%یەی دەمێنێتەوە، هەرگیز مووەكانیان نایەتەوە.
ئەگەر حاڵەتەكە توند بوو، پزیشك لە شێوەی كرێم یان دەرزیدا ماددەی ستیرۆید دەداتە نەخۆش، هەندێجار ماددەی مینۆكسیدیلت دەدرێتە تووشبوو، كە یارمەتی بەهێزبوونی قژ دەدات،
دەردەرێوی رێگا خۆشدەكات بۆ تووشبوون بە فشاری دەروونی و خەمۆكی و خۆبەكەمزانین و شەرم كردن. ئەركی پسپۆڕانی دەروونی و دەوروبەرە یارمەتی ئەوانە بدەن، كە موویان هەرگیز نایەتەوە خۆیان لەگەڵ ئەم بارەدا بگونجێنن و، چیدی چاوەڕێی چارەسەر نەبن.
چارەنووسی حاڵەتەكە
ئەوانەی چەند ناوچەیەكی بچووكی قژ رووتانەوەیان هەیە، ئەگەری چاكبوونەوەیان زیاترە، بەڵام ئەوانەی ناوچەگەلێكی فراوانیان كەچەڵ دەبێت، یان زۆر خێرا تەشەنە دەكات، ئەگەری ئەوەیان زیاترە حاڵەتەكە سەرجەم مووی سەریان یان تەنانەت هەموو لەشیان بڕوتێنێتەوە و ئەگەری ئەوە زیاترە لەو جۆرە بن، كە ئیدی موویان نایەتەوە.
دوای هاتنەوەی مووەكە، ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە و چەند بارە مووەكە هەڵبوەرێتەوە.