شێرپەنجەی مەمک - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الاثنين، 2 يوليو 2018

شێرپەنجەی مەمک

شێرپەنجەی مەمك (بەشی یەکەم)

وشەی شێرپەنجە کۆمەڵە نەخۆشیەك لەخۆ ئەگرێت کە تێیاندا چەند خانەیەك ئەگۆڕێن بۆ جۆرە خانەیەك کە ئەتوانن بەشێوەیەکی ناتەندروست گەشە بکەن و زۆر ببن، وە زۆربەی جار ئەو زۆربوونە ئەبێتە هۆی دروست بوونی گرێیەك. ئەگەر ڕێگە لە زۆر بوون و تەشەنەکردنی ئەو خانانە نەگیرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی کەسەکە. شێرپەنجە بەپێی شوێنی سەرهەڵدانی خانە ناتەندروستەکان ناوی لێ ئەندرێ، بۆ نموونە ئەگەر لە مەمك سەرهەڵبدەن پێی ئەڵێن شێرپەنجەی مەمك، وە ئەگەر لە گەدە سەرهەڵبدەن پێی ئەڵێن شێرپەنجەی گەدە، وە هەروەها.

ڕێژەی تووش بوون:
لە ئەمریکا، تێبینی کراوە لە هەر سێ کەس یەکێك تووشی شێرپەنجە ئەبێت لە ماوەی ژیانی، وە شێرپەنجە دووەم هۆکاری مردنە لە گەلانی دانیشتووی ئەمریکا دوای نەخۆشی دڵ. شێرپەنجەی مەمك باوترین شێرپەنجەی ئافرەتانە، وە دووەم باوترین هۆکاری مردنی ئافرەتانە بە شێرپەنجە لە دوای شێرپەنجەی سیەکان. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە هەر هەشت ئافرەت یەکێك تووشی شێرپەنجەی مەمك ئەبێت.

پێکهاتەی مەمك لە ئافرەتان وە شوێنی سەرهەڵدانی شێرپەنجە لە ناو مەمك: 
مەمك لە چوار جۆر شانە پێك دێت: شانەی چەوری، بەستەرە شانە، شانە لیمفیەکان، وە ڕژێنەکان. 
- چەوریەکە شوێنێکی گونجاوە بۆ ڕژێنەکان کە تێیاندا وەزیفەی خۆیان ئەنجام بدەن، وە بەستەرە شانەکانیش شێوەی مەمك ڕائەگرن و پاڵپشتن بۆ ڕژێنەکان کە لە شوێنی خۆیان نەجووڵێن. 
- ڕژێنەکان: لە هەر مەمکێك ١٢-٢٠ ڕژێن هەن کە  لە کاتی شیردان شیریان تێدا دروست ئەبێت. هەر ڕژێنێك لە ٢٠-٤٠ یەکەی بنەڕەتی پێك هاتوە کە پێیان ئەڵێن (TDLU= Terminal Duct Lobular Units)، کە بریتین لە شوێنی پێکەوە لکانی بەشێکی بچووکی ڕژێنەکە لەگەڵ بۆڕیەکی بچووك کە شیرەکەی ئەگوازێتەوە. لە ناوپۆشی هەر (TDLU) ێك چەن خانەیەك هەن پێیان ئەڵێن (Luminal cells)، لە زۆربەی حالەتەکان، ئەو خانانەن کە ئەگۆڕێن بۆ خانەی شێرپەنجەیی. 

لە بەشی دووەم، هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك ئەخرێنە ڕوو

ئەگەرخوێندنەوەی ئەو بابەتە سوودی هەبوو بۆت، تکایە شێیری بکە بۆ ئەوەی خەڵکی تریش سوودی لێ ببینن.

بە ھیوای تەندروستیەکی باش بۆ ھەمووان

دکتۆر سەرکەوت خۆشناو
پسپۆری گرێ و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە
MBChB, MSc and PhD in Oncology (UK), MRCP(UK)