برینی گەدە "قورحەی مەعیدە":
قورحەی مەعیدە (یان قورحەی دوانزەگرێ) یەکێکە لە نەخۆشیە باوەکانی جیهان کە ڕۆژانە خەڵک بەهۆیەوە سەردانی نەخۆشخانە و بنکەتەندروستیەکان دەکات.
ـ قورحە زۆر نیشانەی هەیە بەڵام دیاریترینیان ئازارە، ئازارەکە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ناوەڕاستی سک، دوای ژەمی خواردن ئازارەکە زیاددەکا(قورحەی گەدە) یان دوای برسیەتیەکی درێژ (قورحەی دوانزەگرێ). ئازارەکە زۆرجار سەخت و تیژە و خەو لە نەخۆشەکە تێک دەدات.
ـ هەندێ حاڵەتی قورحە جیا لە ئازاری سک، دڵەکزێ و تڕشەڵۆک و ڕشانەوە و ئازاری سنگ و خوێنبەربونی گەدەیان لەگەڵدا دەبێت.
ـ قورحە هۆکاری زۆرە، بەڵام باوترین هۆکار بەکتریای گەدەیە( بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری).
ـ دوەم باوترین هۆکاری قورحەی گەدە و دوانزەگرێ بەکارهێنانی درێژخایەنی دەرمانە وەکو دەرمانە قورسەکانی ئازارشکێن(ڤۆلتارین و گروپەکەی)، حەبی ئەسپرین و وارفارین، گروپی ستیرۆید.
ـ هۆکاری تر بۆ قورحە بریتیە لە جگەرەکێشان، مەی خواردنەوە، کافایین، بیبسی.
ـ دڵەڕاوکێ و سترێس و قەلەقی، سوتاوی سەخت، نەخۆشی سەخت و درێژخایەن، پاش نەشتەرگەری قورس، ڕێجیم کردنی سەخت و قورس، هەندێ نەخۆشی هۆرمۆنی، شێرپەنجەی کۆئەندامی هەرس، هۆکاری بۆماوەیی، ئەمانە هەمویان لەوانەیە ببنە هۆی قورحە.
ـ بۆ دەستنیشان کردنی بوون و هۆکاری قورحە هەندێ پشکنین پێویستە وەکو پشکنینی بەکتریای مەعیدە، پشکنینی خوێن، هەندێ پشکنینی هۆڕمۆنی.
ـ نازووری گەدە بۆ هەندێ حاڵەتی ئازاری گەدە پێویستە ئەگەر یەکێک لەم نیشانانەی هەبێت:کەم خوێنی، ڕشانەوەی بەردەوام، ڕەشبوونی پیسایی، کێش دابەزین، گران قووتدانی خواردن، پێشینەی شێرپەنجە لە خێزاندا.
ـ بۆ چارەسەری قورحەی مەعیدە هەندێ دەرمانی تایبەت بەکاردێت، لەگەڵ دوورکەتنەوە لە هۆکاری حاڵەتەکە وەکو جگەرەکێشان و هەندێ دەرمان.
ـ وا باشە نەخۆشەکە هەندێ خواردن نەخوات کە ئازاری گەدە یان دڵەکزێی بۆ زیاددەکا وەکو خواردنی زۆر تیژ و توون، بیبەری تیژ،ترشیات، خواردنی سورەوەکراو، لەفە و خواردنی فاست فوود، بیبسی و خواردنەوە گازییەکانی تر، وە هەر خواردنێکی تر کە ناڕەحەتی بکات پێویستە خۆی لێ بەدووربگرێ.
لەهەندێ حاڵەتدا چارەسەر بە نازوور یان نەشتەرگەری پێویستە بۆ بنەبڕکردنی قورحە.
((بەهیوای لەشساغی بۆ هەمووتان))
د.داهات حەوێزی
پسپۆری نەخۆشیەکانی هەناو و دڵ