#پشکنینی_زینک_Zink_Test
زینک(Zinc) بە یەکێک لە توخمە پێویستەکان دادەنرێت بۆ جەستە ، کە دەوور دەبینێت لە سیستمی بەرگری لەش دژی نەخۆشی و دروستکردنی خانەی نوێ ، یارمەتی زوو ساڕێژ بوونەوەی برین و درووستکردنی شریتی (DNA) ی نوێ دەدات ، ئەگەر بڕی پێویستی زینک (Zinc) لە ڕێگەی خواردنی ڕۆژانەوە وەرنەگیرێت دەبێتە هۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک گرفتی لاوەکی وەک هەڵوەرینی قژ ، کەمبوونەوەی هۆشیاری و هەستی تامکردن و بۆنکردن.
• نیشانەکانی کەمی توخمی زینک Zink
*کەمبوونەوەی کێش (بەبێ بوونی هیچ بەرنامە و هۆکارێکی دیاریکراو).
*کەمبونەوەی توانای تام کردن و بۆن کردن.
*سکچوون.
*کەمبوونەوەی هۆشیاری.
*کەمبوونی ئارەزووی خواردن.
*دروست بوونی کێم لە برینەکانی لەش و درەنگ ساڕێژ بوونیان.
• زیانە لاوەکیەکانی کەمی زینک:
لە هەندێک حاڵەتدا کەمی توخمەکە ڕەنگە کێشەی تەندروستی دروست نەکات ، بەڵام ڕەنگە کۆمەڵێک گرفتی لاوەکی دروست بکات لەوانە هەڵوەرینی قژ ،کەمی زینک لە کەسانی دووگیان یان دایکانی شیردەر دا دەبێتە هۆی دواکەوتن و باش گەشە نەکردنی کۆرپەکە ، دروست کردنی کێشەی سێکسی لە پیاواندا چونکە کەمی زینک (Zinc) پەیوندەی ڕاستەوخۆی هەیە بە هۆرمۆنی نێرەکی (Testosterone)(بەڵام زینک تاکە هۆکار نییە کە کار لەم هۆرمۆنە بکات) ، لاواز بوونی هەستەکانی بۆنکردن و تامکردن.
• چارەسەر:
*گۆڕینی ژەمە خۆراکی ڕۆژانە و زیادکردنی خواردنی ئەو خۆراکانەی کە زینک یان تێدایە:
(گۆشتی سور ، گۆشتی پەلەوەر ، گەنم ، گوێچکەماسی ، قارچک , ماست )
(دانەوێڵە و دەنکۆڵەی تۆوەکان وەک چەرەسات و پاقلەمەنی ).
*زۆرینەی ئەو کەسانەی دوچاری کێشەی کەمی زینک دەبن ئەوانەن کە زیاتر خۆراکە گیاییەکان دەخۆن ، چونکە ناتوانن ڕێژەی پێویستی زینکیان دەستبکەوێت لەوجۆرە خۆراکانەوە ، هەربۆیە پێویستە ژەمەکان هەمەچەشنەبن.
*وەرگرتنی زینک (Zinc) لەڕێگەی حەبەوە.
• زیانەکانی بەرزی ڕێژەی زینک:
بەرزی ڕێژەی زینک (Zinc) دەبێتە هۆی سەرئێشە و دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە ، ئەگەر هەستت کرد بڕێکی زیادت زینک (Zinc) وەرگرتوە لە ڕێگەی حەبەوە پێویستە بەزووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت و پشکنینی زینک (Zinc) ئەنجام بدەیت ، چونکە بەرزی ڕێژەی زینک دەبێتە هۆی کەمبوونی تەخمی مس (Copper) و کاریگەریش لەسەر ڕێژەی ئاسن (Iron Levels)دەکات.
ڕێژەی ئاسای ئەم پشکنینە 60 ___ 100 micro gram/dl
