ئینزیلاق
مەبەست لە خزانی دیسكی نێوان بڕبڕەكان ئەوەیە، ئەو دیسكەی لەنێوان هەر دوو بڕبڕەیەكی پشتدا هەیە تووشی تێكشكان دەبێت و سەرەنجام فشار دەخاتەسەر دڕكەپەتك یان لقەدەمارەكانی، ئەوەش دەبێتەهۆی پشتئێشە، ملئێشە و ئازار و سڕبوون و مێروولەكردن و لاوازبوون لەو ناوچانەی دیكەی لەش كە دەمارە پەستێوراوەكە هەستیان پێدەبەخشێ، بەتایبەت پەلەكان. لەم بابەتەدا ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەو جۆرەیانە كە لە پشتتدا روودەدات، نەك ئەوەی مل.
ناساندن:
دڕكە پەتك پێكهاتەیەكی لوولەییە و لە مێشكەوە دەستپێدەكات و بەنێو بڕبڕەكانی پشتدا تێپەڕدەبێت و زۆربەی بەشەكانی لەش بە مێشكەوە دەبەستێتەوە. دڕكەپەتك بە بڕبڕەكان دەپارێزرێت كە پارچەی ئێسكین و كەناڵێكیان تیادایە بۆ تێپەڕبوونی دڕكە پەتك. لەنێوان بڕبڕە ئێسكییەكاندا دیسكێك هەیە، كە بەرگەكەی توێكڵێكی ریشاڵیی بەهێزە و ناوەكەی نەرم و شلە، ئەو دیسكە یارمەتی ئاسان جووڵانی پشت و بڕبڕەكان دەدات.
كاتێك توێكڵە ریشاڵییەكەی دیسكەكە لە شوێنێكیەوە تەنك و لاواز دەبێ، ناوە نەرم و شلەكە لەو شوێنەوە دەردەپەڕێ (وەك فتق) و پەستان دەخاتە سەر ئەو دەمارەی بە تەنیشتیدا تێپەڕ دەبێ و سەرەنجام لەو شوێنەی جەستە كە ئەو دەمارە هەستی پێدەبەخشێ (بە زۆری پەلەكان) ئازار، سڕبوون، مێروولەكردن و لاوازبوون درووستدەبێ. هەندێ جار دیسكەكە لە شوێنی دەرپەڕینی ناوكەكەیدا هەو دەكات و ئازارەكە توندتر دەكات.
ئەوانەی زۆرتر تووشدەبن
بڵاوترین تەمەنی تووشبوون بریتییە لە 30 تا 50 ساڵان و پیاوان لە خانمان زۆرتر تووش دەبن.
هۆكارە رێگەخۆشكەرەكان:
بە وردی نەزانراوە بۆچی هەندێك كەس زۆرتر تووشی خزانی دیسكی نێوان بڕبڕەكان دەبن لەچاو هاوتەمەن و هاوپیشەكانیان. پێدەچێ بە هۆكاری جیاوازی وەك پاڵنەری بۆماوەیی توێكڵە ریشاڵییەكەی دیسكی ئەو كەسانە لاواز بێت.
هەندێك هۆكار رێگا خۆش دەكەن بۆ دەرپەڕینی ناوەڕۆكە شلەكە لە توێكڵە ڕیشاڵییەكەی دیسكەكەوە، لەوانە: لەپڕ پژمین، چەمانەوە بۆ پێشەوە، هەڵگرتنی قورسایی كاتێك بۆ پێشەوە نووشتاویتەوە.
ئەو هۆكارانەی دیكە كە وادەكەن زیاتر تووش ببی بریتین لە: جگەرەكێشان، قەڵەوی و چوونە تەمەن.
نیشانەكانی:
1-پشتئێشە: ئازارەكە توندە و لەپڕ دێت. بە چەماندنەوەی پشت، زۆر دانیشتن، زۆر بەپێوە راوەستانی بێ جووڵە و پژمین و كۆكین زیاد دەكات، كەچی بە پاڵكەوتن كەمدەكات، پیادەڕەویكردنیش ئازارەكە زیادناكات.
2-ئازاری پەلەكان: ئەو دەمارەی لە دڕكە پەتكەوە دێت بۆ پەلەكانی خوارەوە(ڕان، پوز، پێ) دەكەوێتە ژێر پەستان بەكاری دیسكە دەرپەڕیوەكە یان ئەو هەوكردنەی تووشی هاتووە. دوورنییە لەگەڵ ئازارەكەدا، سڕبوون و لاوازبوونی پەلەكەش هەستی پێبكرێ.
3-تێكچوونی میزكردن و پیسایی كردن: ئەمە دەگمەنە و كاتێك دەبێت دیسكەكە فشار بخاتە سەر ئەو دەمارانەی بۆ ڕیخۆڵە و میزڵدان دەچن و سەرەنجام توانای میزكردن و میزڕاگرتن كەمدەبێتەوە و ئەگەر چارە نەكرێ تواناكە هەر نامێنێ، لە ڕیخۆڵەكانیشدا هەمان كار لە توانای پیسایی كردن دەكات، بۆیە ئەمەیان هێڵی سوورە و زۆركات پزیشكەكان لەمبارەدا خێرا بڕیاری نەشتەرگەری دەدەن بۆ لابردنی فشاری سەر دەمارەكە.
4-هەندێك كەس ئازاریان نییە! هەندێ كەس دیسكەكانیان دەرپەڕیوون و هیچ ئازاریان نییە. وا دیارە لەو كەسانەدا دەرپەڕینەكە فشاری نەخستووەتە سەر دەمارەكانیان.
چارەنووسی حاڵەتەكە:
لە زۆربەی حاڵەتەكاندا لە چەند هەفتەیەكدا ئاوساوی و دەرپەڕینەكە كەمتر دەبێتەوە و سەرەنجام كەسەكە هەست بە باشبوون دەكات، بەڵام دوورنییە لە داهاتوو دووبارە دەستپێبكاتەوە و كەسەكە ساڵانە نۆرەیەك یان زیاتری بۆ بێتەوە. بەڵام 10%ی حاڵەتەكان دوای 6 هەفتە تێپەڕین بەسەر تووشبوون بە ئازارەكەدا هەر بە توندی بەردەوام دەبێت، ئەوەش یەكێكە لە پاڵنەرەكان بۆ ئەوەی پزیشك بیر لە نەشتەرگەری بۆ كەسەكە بكاتەوە.
وەرزش و رێكردن:
بەپێی توانات ئەركەكانی ڕۆژانەت جێبەجێ بكە. پیادەڕەوی وەرزشێكی بەسوودە بۆ پشت و ماسولكەكانی، ماسولكەی بەهێزی پشت یارمەتیدەرێكی باشە بۆ بڕبڕەكان تاكو فشاری زۆر نەخەنە سەر دیسكەكان.
تاكوو زیاتر بجووڵێیت و بەپێ بڕۆی ئەگەری چاكبوونەوەت زیاترە، بۆیە ئێستا پزیشكەكان رێنمایی تووشبووان دەكەن تەنیا كەمتر لە پێنج رۆژ پاڵبكەون لەكاتی نۆرەی ئازارە توندەكاندا. بۆ شێوازی نووستنیش كامەیان زۆر ئاسوودەت دەكات ئەوەیان جێبەجێ بكە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك رێنمایی گشتیی هەن لەوانەیە بۆ زۆرینەی تووشبووان باش بن، لەوانە: راكشان لەسەر بێدێكی نیمچەرەق نەك ئیسفەنجی، هەروەها راكشان لەسەر لا و پشتییەك بخەیتە نێوان هەردوو ئەژنۆت.
چارەسەری دەرمانی:
لە چەند رۆژی نۆرە ئازارەكاندا بە رێنمایی پزیشكەكەت بە ڕێك و پێكی دەرمانی دژی ئازار و هەوكردن بخۆ، نەوەك تەنیا كاتێك ئازار بێزارت دەكات. لە نموونەی ئەوانە پاراسیتۆڵ و پرۆفینە،موبیک.
هەندێكجار دنەرمانی خاوكەرەوەی ماسولكەشت بۆ دیاریدەكرێ.
جگە لەوانە دەرمانی دیكەش زۆرن كە ئەگەر پێویستی كرد پزیشك بۆماوەی دیاریكراو دەیاننوسێ.
چارەسەری سرووشتی و فیزیایی:
لە هەندێ لە حاڵەتەكاندا ئەو وەرزشە تایبەتییانەی لەڕێگەی پسپۆڕی چارەسەری سرووشتییەوە فێریان دەبی سوودێكی دیاریكراویان هەیە، هەروەك چارەسەری فیزیاییش هەن كە بۆ هەندێك لە تووشبووان بەسوودن.
نەشتەرگەری:
ئەگەر نۆرەی ئازارەكە لە 6 هەفتە زیاتری خایاند بێ چاكبوونەوە و شێوازی ژیانی كەسەكەی شێواند، یان سەرەڕای چارەسەرەكانی دیكە هەر بەرەو خراپی دەچوو، یاخود لەمپەر بۆ میزكردن و پیساییكردن درووستبوو، پزیشك بیر لە رێگەچارەی نەشتەرگەری دەكاتەوە.
نەشتەرگەرییەكە بۆ ئەوەیە ئەو بەشە دەرپەڕیوەی دیسكەكە ببڕێت و فشاری سەر دەمارەكە نەهێڵرێت.
لە هەندێ كەسدا دوای نەشتەرگەریش ئازار هەر بەردەوام دەبێت و تەواو چاك نابێتەوە.
بەگشتی 90-95%ی حاڵەتەكانی ئینزیلاق بەبێ نەشتەرگەری كۆنترۆڵ دەكرێن.
رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی نۆرەكانی ئازار:
1-پیادەڕەوی و وەرزشی ئاسایی باشترین رێگەن.
2-هەروە
