زیانەکانی لێدانی منداڵ لەڕووی دەروونیەوە
لێدانی منداڵ لەلایەن دایکان و باوکانەوە یاخود هەر ئەندامێکی دیکەی خێزانەوە یەکێکە لە خراپترین ڕەفتارەکان لەڕووی تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر داهاتووی منداڵەکە و کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی ون دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوە زانستی و دەروونیەکان لێدانی منداڵ زیانی خراپی هەیە، پسپۆڕانی بواری دەروونناسیش جەخت لە مەترسیەکانی دەکەنەوە و هۆشداری دەدەن لە لێدانی منداڵ لەلایەن خێزانەکانیانەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکان لە جیهاندا لە 51% منداڵان لە جیهاندا لەلایەن باوکیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە بەهۆی توڕەییانەوە، ئەگەر تا ئێستا لێدان بەکارهێناوە بۆ منداڵەکەت، ئەوا لەمەودوا هەوڵبدە واز لەو ڕەفتارە بهێنە لەبەر ئەم هۆکارانە:
1-لێدان دەبێتە هۆی دروستکردنی کەسایەتیەکی خراپ و توند ڕەفتار لە منداڵی و لە داهاتووشدا، چونکە وادەکات منداڵ ڕقی لەو کەسە بێتەوە کە توندوتیژە بەرامبەری، ئەمەش کاریگەری سلبی دروست دەکات لەسەر دەروونی، لەهەمانکاتدا بێ ڕێزی دەکات بەرامبەر خێزانەکەی بەتایبەت ئەو کەسەی لێیداوە و خۆشەویستی بۆی لەدەستدەدات.
2-زاناکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە توندوتیژی بەرامبەر منداڵ، کاریگەری گەورەی لەسەر مێشک و ژیری منداڵ و جەستەی هەیە، چونکە کەسایەتیەکی لاواز دروستدەکات بەجۆرێک ڕەنگە بە ئاسانی لەلایەن چواردەورەوە بقۆزرێتەوە بۆ هەموو کارێک، لەهەمانکاتدا خۆی بەکەم دەزانێت لەناو هاوڕێکانیدا و پەیوەندیەکانی خراپ دەبێت.
3-کاتێک گەورە دەبێت کەسایەتیەکی داخراو ڕقاوی لێ دروست دەبێت و ناتوانێت لەگەڵ چواردەورتدا خۆی بگونجێنێت، بەردەوام توڕەیە.
4-لێدان دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لێک تێگەیشتنی نەبێت بەرامبەر خێزانەکەی، هەمیشە هەست بە زوڵم دەکات و خۆشەویستی بۆ کەسەکانی نامێنێت و کاریگەری لەسەر گەشەکردنی دروست دەبێت لەڕووی ئەقڵی و جەستەییەوە.
5-بەهۆی لێدانەوە منداڵ بڕوا و متمانەی بە خۆی نامێنێت و هەمیشە لەهەموو کارێکدا شەرم دەکات و ناتوانێت زاڵبێت بەسەر مامەڵەی لەگەڵ کەسانی دیکە.
6- لێدان دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی هەستی ڕق و توڕەی و تۆڵەسەندنەوە.
هەر بۆیە گرنگە بەهەموو شێوەیەک واز لە توندتیژی بهێنیت بەرامبەر منداڵەکەت، چونکە هیچ زانست و توێژینەوەیەک تا ئێستا باسی لە سوودی لێدان نەکردووە و بە مەترسیەکی گەوە لە قەڵەم دەدرێت، هەمیشە بەکارهێنانی قسەی خۆش و گفتوگۆی گونجاو، هاوکات ڕەفتاری نەرمونیان باشترین هەنگاوە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی باش.
