هەلامەت
هەڵامەت نەخۆشیەكی باوە ، دووچاری گەورە و منداڵ دەبێت بەڵام زیاتر منداڵان تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن ، ئەم نەخۆشیە لە هەموو وەرزەكاندا روودەدات بەڵام زیاتر لە وەرزە ساردەكاندا ئەگەری تووشبوون هەیە بەتایبەت سەرەتای پایز و كۆتایی بەهار .
ئاساییە منداڵ لە پێنج ساڵی یەكەمی تەمەنیدا ، ساڵانە ( 6 تا 8 ) جار تووشی هەڵامەت ببێت ، تەنانەت لە ( %10 بۆ %15 )ی منداڵان لە ساڵێكدا 12 جار ( واتە مانگی جارێك ) تووشی هەڵامەت دەبن .
لەگەڵ گەورەبوونی منداڵدا ، ژمارەی جارەكانی تووشبوونیش بەم نەخۆشیە كەم دەبێتەوە بەجۆرێك لە گەورە ساڵی ( 2 تا 3 ) جار هەڵامەت دەگرێت .
هۆكارەكانی تووشبوون بە هەڵامەت:
نەخۆشی هەڵامەت نەخۆشیەكی ڤایرۆسیە ، كۆمەڵێكی زۆر ڤایرۆس هەن كە دەبنە هۆی نەخۆشی هەڵامەت ، ئەم ڤایرۆسانە لە وەزرە ساردەكاندا زیاتر چالاكن .
ئەم ڤایرۆسانە لە رێگای كۆكە و پژمین و دەست لێدانەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێنەوە ، ئەو منداڵانەی دەچنە دایەنگا زیاتر تووشی هەڵامەت دەبن .
نیشانەكان:
دوای 1 تا 3 رۆژ لە تووشبوون نیشانەكانی هەڵامەت دەردەكەوێت كە بریتین لە:
1. ئازاری قورگ و خورانی قورگ .
2. لووت گیران و تەڕبوونی لووت .
3. كۆكە و پژمین .
4. سەرئێشە و بێتاقەتی .
5. تایەكی كەم .
نەخۆشی هەڵامەت بە شێوەیەكی گشتی بۆ ماوەی یەك هەفتە بەردەوام دەبێت و وردە وردە نەخۆشەكە باش دەبێت بەڵام لە هەندێك نەخۆشدا لەوانەیە بۆ ماوەی دوو هەفتە نەخۆشیەكە بەردەوام بێت .
ماكەكان:
هەڵامەت بە شێوەیەكی گشتی نەخۆشیەكی سوكەو لە زۆربەی هەرەزۆری نەخۆشیەكاندا بەبێ هیچ ماكێك لە ماوەی 1 تا 2 هەفتەدا چاك دەبێتەوە بەڵام لە هەندێك نەخۆشدا ئەگەر هەیە ببێتە هۆی نەخۆشی تر وەك:
1. هەوكردنی گوێ ی ناوەڕاست .
2. هەوكردنی كیسە هەواییەكانی دەووروپشتی لووت .
3. لەو نەخۆشانەی كە رەبۆ و هەستیاری كۆئەندامی هەناسەیان هەیە ، ئەگەرهەیە هەڵامەت ببێتە هۆی دەركەوتنی نیشانەكانی رەبۆ وەك كۆكە و تەنگە نەفەسی و سنگ تووندی .
چارەسەر:
بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشی هەڵامەت پێویستی بە داو و دەرمان و چارەسەرێكی ئەوتۆ نیە چونكە نەخۆش خۆی چاك دەبێتەوە ، باشتروایە لەكاتی هەڵامەتدا شلەمەنی و میوە زیاتر بدرێت بە منداڵ و چاودێری ( تا )ی بكرێت .
لەهەندێك نەخۆشدا نیشانەكان قورسن و نەخۆش بە تەواوی ماندوو دەكات و پێوستە چارەسەر وەربگرێت ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی هەندێك لە نیشانەكانی نەخۆشیەكە وەك سەرئێشە و تا و لووت گیران .
خۆپاراستن:
تارادەیەك دەتوانین منداڵەكانمان لە هەڵامەت بپارێزین ، بە تایبەت بە رەچاوكردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1. شیرپێدانی دایك ، ئەو منداڵانەی شیری دایكیان دەخۆن كەمتر دووچاری هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە دەبن .
2. دابینكردنی خواردن و ئاوی پاك .
3. نەكێشانی جگەرە لەناو ماڵ و نزیك لە منداڵ .
4. لەكاتێكدا ئەندامێكی خێزان بەتایبەت كاتێك گەورەكان تووشی هەڵامەت دەبن ، ئەوا پێویستە لەكاتی كۆكە و پژمین دا دەم و لووتیان داپۆشن .
5. زوو زوو دەست شۆردن .
wargirawa
#Aram_Nariman