هۆکارەکانی سەرئێشە لە چاودا
ocular headache
سەرئێشە هۆکاری زۆرە، بەشێک لەو هۆکارانە پەیوەستن بە نەخۆشی و گرفتەکانی چاوەوە. لەوانە:-
۱- چاوکزی: دابەزینی ئاستی بینین چەند جۆرێکی هەیە و سەرجەمیان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەبنە مایەی سەرئێشە، بە تایبەت لە دوای عەسران و شەوان، یان دوای ئیشکردنی نزیک و بەکارهێنانی چاو بۆ ماوەیەکی زۆر.
۲- نەبوونی توانای تەرکیزکردن: واتە کاتێک بتەوێت بخوێنیتەوە یان ئیشێکی وردەکاری بکەیت، پاش چەند خولەکێک چاوت ڕێچکەپێکە بکات و شتەکان لەبەرچاوت ببن بە دوان، یاخود سێبەریان بۆ درووست ببێت. ئەمەش بەهۆی هەبوونی کێشە لە ماسولکەکانی جوڵێنەری تۆپەی چاو یان جوڵێنەری بیلبیلەوە درووست ئەبێت.
۳- زۆر بەکارهێنانی عەدەسەی چاو، جا هاوێنەی جوانی بێت یان هاوێنەی پزیشکی. چونکە ئەبنە هۆی ڕووشانی گلێنەی چاوەکە.
٤- بەرزبوونەوەی کتوپڕی پەستانی ناو چاو
٥- هەوکردنی ناوچاو: وەکو هەوکردنی ڕەنگینەی چاو
٦- ڤایرۆسی دەماری پێنجەم: کە پشتێنەیەک لە تلۆقی ئاگرین لەسەر پێستی لایەک لەسەر و چاوێک ئەگرێتەوە و سەری تلۆقەکان ئەتەقن و ئەبن بە برین و ئازارێکی زۆر درووست ئەکەن.
۷- هەوکردنی کتوپڕی پێڵووی چاو یان نەرمە شانەکانی دەوری تۆپەی چاو.
۸- ماندوبوونی چاو بەهۆی زۆر بەکارهێنانی شاشە، یان درەنگ خەوتن، یان زۆر خواردنەوەی چا و قاوە.
۹- برینداربوونی گلێنەی چاو بەهۆی هەوکردن یان بەرکەوتنی شتێک یان تیشکی لەحیم.
۱۰- زۆرجار هەورکدنی گیرفانە هەواییەکانی ڕوخسار (جیوب) یان شەقیقە لەگەڵ بوونی چاوکزی پێکەوە سەرئێشەیەکی بەردەوام درووست ئەکەن.
دکتۆر ماکۆک محمد
پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو
11/12/2018