پووک - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الجمعة، 19 أكتوبر 2018

پووک

#رەچەتە...

دکتۆر کاوە ئەکرەم سەنگاوی - پزیشکی پسپۆری ددان

پووك، یەكیكە لەو بەشانەی جـەستەی مرۆڤ كە رووبەڕووی كـۆمـەڵێک نەخـۆشیی جـۆرا و جـۆر دەبێتەوە ، یەكـێك لـەو نـەخـۆشیانەش، هـەوكردنی پـووكی ددانـە ، ئـەم نەخـۆشییە كـۆمەڵێك نیشانەو هـۆكاری تایبەتی هەیەو، دەكرێ چارەسەر بـكرێ لە قـۆناغێكدا و ریشەكێش بكرێ، پشتگوێ خـستنیشی دەكرێ كەسی توش بوو لە جوانی دیمەن ‌و لەزەتی ددانەكان بێ بەش بكات، لـەو بارەیەوە دکتۆر (کاوە ئەکرەم سەنگاوی) پـزیشکی پسپۆری ددان، بـۆ بــەشی راگـەیاندنی تەندروستی چەمچەماڵ، باس لەم حاڵەتە دەکـات و بەرچاو روونیی زیاتر دەخاتە روو. بە ئومێدی ئەوەی هـەموو لایەك لەم زانیارییانە سوودمەند بن و لەو نەخـۆشیە بە دوور بن. 

سەرەتا لەسەر هـەوکردنی پـووک دکتۆر کاوە دەڵێت : " ئـەم نەخۆشییە بریتیە لە سوربوونەوە و ئاوسان ‌و ئازاری پووكی دەوری ددانەكان و بە چەند نیشانەیەک دەست پێدەکات ،كە بە (نیشانە سەرتاییەكان) دادەنرین" :-

١- سوربوونەوەی پووك. 
٢- ئاوسانی پووك. 
٣- ئازاری پووك‌و ددان. 
٤- بۆنی ناخۆشی هەناسەو ناو دەم. 
٥- خوێنلێهاتنی پووك، بەتایبەت لەكاتی ددان شۆرین‌و  خواردنی خۆراکدا.
٦- گۆڕینی شێوەی پـووك‌و گەشەكردنی بەشێوەیەكی نا شروستی. 

ئەو پزیشکەی ددان،رێنمایی كەسی تووشبو دەکات کەلەکاتی دەرکەوتنی ئـەم نیشانانە پێویستە زۆر بە زووی چـارەسەری بكات، دەڵێت : " ئەگەر چارەسەری ئەم نەخۆشیە نەكرێ لەم قۆناغەدا، ئەوا سەردەكێشێ بۆ تەشەنەكردنی هەوكردنەكەو داخـورانی ئێسكی پـووك ‌و، دەركـەوتنی كـۆمەڵێك نیشانـەی قورستر كە رەنگە بە ئاسانی چارەسەر نەكرێ" لەوانە:-

١- داخورانی پووك. 
٢- رووت بوونەوەی رەگی ددان. 
٣- درێژ دەركەوتنی ددان. 
٤- هەستیاربوونی ددان بە ساری‌و گەرمی. 
٥- لەقینی ددان ‌و كەوتنی. 
٦- تووشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ. 

سەبارەت بە هـۆکارەکانی هـەوکردنی پووک، دکتۆر کاوە ،پاك رانەگرتن ‌و نەشوشتنی رۆژانەی دەم‌و ددان(نیشتنی توێژاڵی بـەكتریایە لـەسـەر پـووك ‌و دەووری ددان) بەسـەرەكیترین ‌و باوترین هۆكاری هەوكردنی پووك دادەنات رونی دەکاتەوەکە پاك رانەگرتن‌و نەشوشتنی رۆژانەی دەم‌و ددان ، دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی پاشماوەی خۆراك لەسەر پووك‌ و دەووری ددان، مـانەوەی ئەم پاشماوە خـۆراكیانەش یارمەتی دەردەبێت بـۆ تەشـەنكردنی بـەكتریـا‌ و نیشتنی بـە شێوەی تـوێژاڵ لـەسەر پووك ‌و دەوری ددان، باس لە چەند هـۆکارێکی تریش دەکـات کە دەبێتە هۆی هەوکردنی پووکی ددان وەک:- 

- دووگیان بـوونی ژنان، هـەندێ جـار دووگیـانی ژنان دەبێتە هۆی هەوكردنی پووك، ئەمەش بەهـۆی گۆڕانگاری هۆرمۆنی لەجەستەی دا. 

- بەكارهێنانی هەندێ دەرمان كەنەخۆش ناچارە بۆماوەیەكی درێژ لەسەری بمێنێتەوە. 

- بۆمـاوەیی، هــەندێ جـار كەسی توشبوو بەم نەخـۆشییە لە باوانەوە بۆ ماوەتەوە. 

- هەناسەدا لەڕێگەی دەمەوە،هەندێ جار كەسی توشبوو بەم نەخـۆشییە شـەوانە لەكـاتی خەودا بە دەم هــەناسە دەدات، ئەمـەش دەبێتە هـۆی ووشك بوونەوەی ناو دەم ‌و گــەشـەو تەشەنەكردنی بەكتریای زیان بەخش. 

- ناڕێكی لە ریزبوونی دانەكاندا، هـەندێ جـار كەسی توشبوو بەم نەخۆشییە بە هۆی نارێكی‌وخراپ ڕێزبونی دانەكانیەتی كە ناتوانرێ بە باشی دانەكانی پاك بكاتەوە. 

- بونی ددانی رزاوو لەكاركەوتو،مانەوەی دانی رزاو كۆتەرەی ددان لـە نـاو دەمـدا یەكێکی ترە لە هـوكارەكانی هـەوكـردنی پووك. 

- نەخۆشی شەكرە. 

- جگەرە كێشان. 

لە بارەی چـارەسەری هەوكردنی پووك ئەو پزیشکە پێی وایە چارەسەری ئەم نەخۆشیە لە كەسێكی توشبووە بـۆ كەسێكی تر جیاوازە بەپێی جیاوازی هۆكاری توشبوونەكە،بۆیە كەسی تووش بوو بەم نەخۆشیە پێویستە سـەردانی پزیشكی ددان، بــۆ وەرگـرتنی چـارەسەری گـونجاو ، چـونکە پـزیشكی ددان دەتوانی هۆكارەكە دەستنیشان بكات‌وبەپێی هۆكاری تووش بوونەكە چارەسەری بكات. 

لـە کـۆتایدا دکتۆر کاوە، رێنمای هـەموو لایەکمـان دەکـات کـە خـۆپاراستن پێش چـارەسەركردنە ، تاکـوو لەم نەخـۆشیە بـە دووربین، دەبێت خۆمان بپـارێزین پێش ئـەوەی تووشی ئـەم نەخـۆشییە ببین ‌و ناچاری چـارەسەرکردن ببین، ئەویش بـەم رێگایانەی خوارەوە:-

یەک - شـۆردنی دەم‌ و ددان رۆژانـە دووجـار شـەوانە پـێشی نوستن‌ و بەیانیان دوای لە خەو هەستان. 

دوو - بە كـارهێنانی دەزووی ددان بـۆ پـاكردنەوەی پـاشـماوە خۆراكیەكانی نێوان ددانەكان. 

سێ - بەكارهێنانی گیراوەكان ‌و وەردانی لە ناو دەم.