ئەگزیما - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 18 أكتوبر 2018

ئەگزیما

ئیگزیما چیە ؟ ئایە ئەتوانرێت ڕێگەی لێ بگیرێت؟

بریتیە لە نەخۆشیەکی درێژخایەنی پێست کە پێک دێت لە ووشک بوونەوە و سووربونەوەو خورانێکی زۆری پێست کە بە پێی تەمەن شوێنی نەخۆشیەکە لە پێستی نەخۆشەکە لەوانەیە بگۆرێت ( لە وێنەکەی دامان ناوە دەرئەکەوێت ) ٫ بەڵام لە منداڵی بچوک بەهیچ شێوەیەک لە ناوچەی دایبی دەرناکەوێت.

ئیگزیما زۆرتر لەو منداڵانەدا دەردەکەوێت کە لە خێزانەکانیاندا حاڵەتی هەستیاریان ( حەساسیەت) هەبێت وەک ئیگزیما ٫ ڕەبۆ یان هەر حاڵەتێکی هەستیاری پێست یان کۆئەندامی هەناسە.

پێدەچێت نەخۆشیەکە بەهۆی کێشە لە درووست بوونی یەکێک لە پڕۆتینەکانی پێستەوە بێت کە پێی ئەووترێت فیلاگرین.

هەرچەندە نەخۆشیەکە درێژخایەنە و بەپێی کات زیادو کەم ئەکات ٫ بەڵام زۆرێک لەو منداڵانەی نەخۆشیەکەیان هەیە لەگەڵ گەورەبوون نەخۆشیەکەیان  نامێنێت.
بۆ دڵنیابوون لە دیاری کردنی نەخۆشیەکە ئەبێت سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت.

چارەسەرکردن:
هەندێک دەرمان و کرێمی نەرمکەرەوەو شێدارکردنی پێست هەیە کە پێویستە  پزیشک بۆ منداڵەکەت بنووسێت ٫ تکایە لە خۆتەوە هیچ دەرمانێک بۆ منداڵ بەکارنەهێنیت ٫ چونکە بچوکترین هەڵە لە پێدانی بڕو جۆری دەرمانەکە ژیانی منداڵەکەت ئەخاتە مەترسیەوە.

ئەو زانیاریانەی کە دایک و باوک زۆر گرنگە بیزانن بۆ ڕێگە گرتن لە ئیگزیما:

۱- نابێت زوو زوو منداڵەکە بشۆریت.
۲- ئەبێت ماوەی شۆردنەکە واتە مانەوە لە حەمام کەمتر بێت لە ۱۰ دەقیقە.
۳- ئەبێت زوو زوو کرێمی شێدارکردن و نەرمکەرەوەی پێستی بە گوێرەی ڕێنمایی پزیشک بۆ بەکار بهێنیت بە تایبەت دوای شۆردن.
٤- شۆردن بە ئاوی شیلەتێن واتە نابێت زۆر گەرم  بێت.
۵- سابونی زۆر بە کەمی بۆ بەکاربهێنرێت.
٦- نابێت بۆن و موعەتەرو هەموو ئەو شتانەی کە خورانی پێست زیاد ئەکەن بۆ منداڵێک کە ئیگزیمای هەبێت بەکار بهێنرێت.
۷- نابێت جلەکانی خوری بێت یان فایبەری زۆر بێت بەڵام لۆکە باشترە.
۸- ئەو خواردنانەی مەدەرێ  یان زۆر کەم بیدەرێ کە هەستیاری زۆر  دروست ئەکەن وەکو هێلکە ٫ گوێز.
۹- ئەگەر منداڵەکە لەکاتی ئیش کردنی ڕۆژانەی دەستی زۆر خستە ناو ئاوەوە ٫ ئەوە پێویست ئەکات کە دەستکێشی بۆ بۆ لەدەست بکەیت.
۱۰- هەوڵ بدە لەو چالاکیانە دووری بخەیتەوە کە ئارەق کردنەوەی زۆری تێدایە.
۱۱- پێویستە ئامێری شێدارکردنەوە بەکار بهێنیت لە ماڵەوە بەتایبەتی ئەگەر لە وەرزی زستاندا ئامێری گەرمکەرەوەکە هەوای ماڵەوەی ووشک کردبۆوە یان لە وەرزی هاویندا ئامێری فێنک کەرەوەکە شێداری ماڵەکەتی کەم کردبۆوە.
۱۲- شوێنی خەوتنی منداڵەکە پێویستە فێنک بێت چونکە ئارەق کردنەوە خوران و ئیگزیماکە خراپتر ئەکات.

تکایە شەیرو تاگی هاوڕێکانت بیر نەچێت بۆ ئەوەی زۆرترین دایک و باوکی منداڵە چاوگەشەکان سوودی لێ ببینن.

د.پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان
بۆرد(دکتۆرا) لە نەخۆشیەکانی منداڵان و تازە لەدایک بووان
بەکالۆریۆس لەپزیشکی هەناوی و نەشتەرگەری گشتیدا
                                 M.B.CH.B   F.K.B.M.S(PED)
سلێمانی-شەقامی ابراهیم پاشا-بەرامبەر مزگەوتی سەلیم بەگ-تەنیشت نەخۆشخانەی بەرزی و تەلاری چرۆی پزیشکی

07501023000