نوستنی مناڵ - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأحد، 13 يناير 2019

نوستنی مناڵ

نوستنی مناڵ لە ساڵی یەکەمی تەمەندا:

١) مناڵی تازەبوو ( ڕۆژی یەکەم ـــ ٣ مانگی)
 نزیکەی ١٦ـــ٢٠ کاژێر ئەنوێت، هەموو نوستنێکی ١ـــ٤ کاژێر ئەخایەنێت و پاشان ١ــ٢ کاژێر بەخەبەر ئەبێت..کاتەکانی نوستن لە شەو و ڕۆژدا یەکسانن.

٢) مناڵی تەمەن ٣ــ١٢ مانگ 
کۆی نوستنی مناڵ لەم تەمەنەدا بەدرێژایی شەو و ڕۆژ نزیکەی ١٣ـــ١٥ کاژێرە. ٢ــ٤ کاژێری لە ڕۆۆژدایە بە دوو بەش. وە ماوەی ( درێژیی ) هەر نوستنێکیان بام شیوەیەی خوارەوەیە:
 لە ٣ مانگدا ٣ــ ٤ کاژێر
لە ٤ــ٦ مانگدا  ٦ــ ٨ کاژێر 
لە ٩ مانگدا ٪٧٠ ــــ  ٪٨٠ نوستن لە شەودا ئەبێت.

نوستن لە پێڕۆکەکاندا ( مناڵی تەمەن ١-٣ ساڵ)
کۆی کاتەکانی نوستن لەم تەمەنەدا ١٢-١٤ کاژێرە بە سەرخەوێکی ١.٥-٣.٥ کاژێریی لە ڕۆژدا.
لەم تەمەنەدا بەخەبەربونەوەی شەوانە سەرهەڵئەداتەوە و ترسی شەوانیش دروست ئەبێت، کاتێکیش بە خەبەر ئەبنەوە دەگرین. لێرەدا داوا لە دایکان و باوکان ئەکەم نەچن بەدەمیانەوە وشیریان پێنەدەن، گریانەکەیان زۆر ناخایەنێت و ئەنونەوە، ئەگینا خوو بەم شیرخواردنەوە ئەگرن و تا تەمەنێکی زۆر وازی لێناهێنن. ئەشێ ئەم خووە هۆکاری نوستنی ناتەندروست بێ بۆ هەموو ئەندامانی خیزان و هۆکاری سەرەکی کلۆربونی ددانەکانیشە. بۆ ئارام کردنەوەیان ئەتوانرێ بوکەڵەیەک کە حەزی پێئەکەن لە تەنیشتیانەوە دابنرێت بەڵام ئەمەش کاتێ کاریگەر ئەبێت کە بە باوەش و بە نوستویی نەخرێتە ناو جێگاکەوە باشترە ئەو کاتەی کە هەستئەکەیت گێژ بووە بیخەیتە ناو جێگاکەیەوە و ئنجا جێی بهێڵیت. بەم کارەش پشت بە خؤی ئەبەستێت و ترسەکەی کەمئەبێتەوە. 
هەرگیز تا ئەوکاتەی کە بە تەواوەتی چاوەکانی لێکئەنێ لە لای مەمێنەرەوە.

نوستن لە تەمەنی پێش قوتابخانە (٣-٦ ساڵی)
کۆی گشتی نوستن لەم تەمەنەدا نزیکەی ١١-١٢ کاژێرە.
سەرخەوی ڕۆژ کەمدەبێتەوە و لە ٥ ساڵیشدا هەر نامێنێ.
بەخەبەربونەوەی شەوانە تەنها لەنێو  ٪٢٠ ئەم تەمەنەدا ڕووئەدات.
ناڕێکییەکانی نوستن لەم تەمەنەدا بریتین لە:

١) ڕۆیشتن بە نوستویی، لێرەدا پێویستە دایک و باوک پێشئەوەی خۆیان بنون دلنیابن لەوەی کە دەرگای سەرەکیی ماڵەکەیان  لۆک کراوە و ترسی ئەوە نیە مناڵەکەیان بەدەمخەوەوە بچێتە دەرەوەی ماڵەکە و زیانی پیبگات. ناڕێکییەکی کاتییە و پاش ماوەیەک نامێنێ. 

٢) تۆقینی نوستن (ترۆری نوستن)، لێرەدا مناڵ بە گریان و ترساوییەکی زۆرەوە خەبەری ئەبێتەوە، کاری گرنگ و زانستی ئەوەیە کە مناڵەکە بەخەبەر نەکەنەوە ونەیدوێنن چونکە بە ئاگا نیە و قسەکردن لە گەڵیدا هیچ سودێکی نیە. پێویستە دایک و باوک ئارام بن و پاش کەمێک مناڵەکە ش ئارام ئەبێتەوە و بۆ ڕۆژی دواییش هیچی بیرنایاتەوە، بۆیە ئەگەر ڕۆژی دوایی لێی بپرسن کە چی ڕویدابوو و بۆ گریاوە؟ لەوەڵامدا ئەڵێ؛ چی بووە؟

نوستن لە ناوەڕاستی تەمەنی مناڵیدا (٦-١٢ ساڵی)

کۆی گشتی نوستن لەم تەمەنەدا ١٠ کاژێرە.
کەمێک ئاستی خەواڵوییەتی لەم تەمەنەدا هەستی پیدەکرێت و جیاوازی ماوەی نوستن لە نێوان شەوانی هەبونی قوتابخانە وشەوانی نەبونی قوتابخانەدا هەیە.
ئەشێ کێشە ڕەفتاریی و کێشەکانی قوتابخانە هۆکاری کێشەکانی نوستن بن.
پەستانە دەرونییەکان کاریگەرییان لە سەر نوستن هەیە و کەمنوستنیش کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر فێربونی لیهاتوییەکان هەیە، واتا کاتێ کە مناڵەکان ئەچنە فیرگە و قوتابخانەکان پێویستە باش نوستبێتن.
   لە پیناو نوستنێکی دروستدا پێویستە تەلەفزیون و وروژێنەرە ئەلکترۆنییەکانی تریش لە ژوری نوستندا نەبن، هەروەها بەرلەوەی مناڵەکان بچنە ژوری نوستنەکان باشترە یەک کاژێر پێش ئەوە تەماشای تەلەفیزۆنیان نەکردبێت و یاری ئەلکترۆنیشیان نەکردبێت.

نوستن لە هەرزەکاریی دا ( تەمەنی ١٢ و بەرەو ژور)

کۆی کاژێری نوستن بە حساب ٩ کاژێرە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها ٧ کاژێر ئەنون.
نوستن لەم تەمەنەدا ناڕێک و پێکە وشێوازی ژیانیان کاریگەری لەسەریان هەیە.  درەنگ ئەچنە جێگاوە و لە دەسپێکی هەرزەییدا درەنگ خەویان لیئەکەوێت و زووش هەڵئەستن. 
هەروەها لە ناوەراستی هەرزەکارییدا زیتەڵیی و وریایی ڕۆژ کەمئەبیتەوە.

کێشەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە:
١) کەمی نوستنی
٢) درەنگ چونە خەوەوە.
٣) زۆر خەویی  
٤) زۆر جوڵانی قاچ لە ناو جێگادا