ڕشک و ئەسپێ - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 19 أبريل 2018

ڕشک و ئەسپێ

ڕشک وئەسپێی سەر(pediculosis capitis)
چییە و چۆن پەیدا دەبێت

زۆر جار هەندێک کەس گیرۆدەى حاڵەتێکى بێزارکەر و نەخوازراو کەلەناو خەڵکدا بە (رشک و ئەسپێ)  ناسراوە دەبنەوە بەتایبەت کچان ، بەوتەى پزیشکەکان هۆکارەکانی سەرهەڵدان و زیادبوونی ئەم زیندەوەرانە لە رێگەی بەرکەوتنی سەر بالیف و شانە و کڵاو و جلکی هاوبەش دەگوازرێتەوە.
بۆ زانیارى زیاتر و ناسینى ئەم حاڵەتە (دکتۆر فەرهاد محمد) پزیشکى پسپۆرى پێست لە دیمانەیەکیدا بۆ بەشى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى چەمچەماڵ هۆکار و چارەسەرییەکانى ئەم نەخۆشییە دەخاتە روو.

بەشى راگەیاندن : رشک و ئەسپێ چییە؟
دکتۆر فەرهاد : رشک واتە هێلکەی ئەسپێ (nit) ئەسپێش زیندەوەرێکی زۆر ورد و بچوکە و دەچیتە لەشی مرۆڤ و هەندێ گیان لەبەری خوێن گەرمی ترەوە و(warm blooded) لەسەر مژینی خوێن دەژی وهەندێ جار مەترسیدارە و نەخۆشی تری وەک (گرانەتا) لەگەڵ خۆیدا دەگوازێتەوە.

بەشى راگەیاندن : لەچ بەشێکی لەشى مرۆڤ ئەم نەخۆشیە پەیدا دەبێت؟
دکتۆر فەرهاد :لە مرۆڤدا بە زۆری لە قژی سەردا دەبینرێت ،ڕۆژانە جارێک یان چەند جارێک خوێنی پێستی سەر دەمژێت وبەهۆی ئەو لیکەی کە لەکاتی خوێن مژینا دەیڕێژێت خورانێکی زۆر لە پێستی سەردا دروست دەکات وهیلکەکانی بە تالەکانی قژی سەرەوە دەنوسێت وهەر هیلکەیەکیش دواتر هەڵدێت (دەتروکێت) ودەبێت بە ئەسپێیەکی پێگەیشتوو.

بەشى راگەیاندن : زیاتر لە چ تەمەنێک روبەروی رشک و ئەسپێ دەبنەوە؟
دکتۆر فەرهاد :منداڵانى تەمەن (٣ بۆ١٠) ساڵ و بەتایبەت منداڵانی نێو باخچەی ساوایان و قوتابی قۆناغە بنەڕەتیەکان بەزۆری توشی ئەم حاڵەتە دەبن ،چونکە تەنها بەبەریەکەوتنی قژی سەری منداڵى توشبوو راستەوخۆ نەخۆشیەکە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵێکى توش نەبوو.

بەشى راگەیاندن :چۆن ئەم نەخۆشیە دەناسرێتەوە و نیشانەکانی چین؟ 
دکتۆر فەرهاد :نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بریتیە لە خورانی پێستی سەر کەدوو بۆ سێ هەفتە دوای توش بوون بەنەخۆشیەکە دەس پێدەکات و هەندێ جار بەهۆی ئەو خورانەوە پێستەکە سووردەبێتەوەوهەودەکات و کێم وجەراعەت دەکات بەهۆی نینۆکی پیسەوە.

بەشى راگەیاندن :بە چ رێگایەک نەخۆشیەکە دەستنیشان دەکرێت؟
دکتۆر فەرهاد :بۆئەوەى بەزووترین کات چارەسەر بکرێت دەبێت بەزوترین کات نەخۆشیەکە دەستنیشان بکرێت چ لەلایەن پزیشکەوە  یان دایک وباوکی منداڵەکەوە بێت ،ئەوەش زۆر ئاسانە بەداهێنانی قژەکە لەڕێى شانەیەکی وردوسفتەوە ئەسپێکە بەزیندوی یان هیلکەکانی بە تالەکانی قژەکەوە بەجوانی دەببینرێت.

بەشى راگەیاندن :بەیەکجارى بنەبڕى ئەم حاڵە دەکرێت چارەسەرەکان چین؟
دکتۆر فەرهاد :لەرێگاى بەکارهێنانی ئەو شامپۆو گیراوانەی تایبەتن بە لەناوبردن قەلاچۆکردنی ئەم نەخۆشیە حاڵەتەکە چارەسەردەکرێت ،ئەگەرچی لەراستیدا ئاسان نیە کە بتوانییت سەد لەسەد وبەیەکجاری چارەسەری بکەیت ،بەڵام زیاتر لەیەک ڕیگەمان هەیە بۆ ئەو مەبەستەو لەهەموو حالەتەکانیشدا پێویستە چارەسەر ژینگەو هۆکاری توشبوونەکەش بکەین بەشیوەیەکی گشتیش بڕینی قژەکە و بەکارهینانی گیراوە یان چەند جۆرێکى شامپۆی وەک (پیرمیسرین وبێنزایلبینزوات وئیسانۆل) وزۆر مەوادی تر لە ژێر چاودێری پزیشکى پسپۆر.

پزیشکانى پسپۆر پێیان باشە شانەکردنی قژ بە شانەی دارین یاخود ئاسنین بێت، بە هیچ شێوەیەک نابێت شانەی پلاستیک بەکار بهێنن، دوابەدوای شانەکردنی قژ پێویستە شانەکە بە ئاو و سابوون پاک بکەنەوە، تا پاشماوەی ئەسپێ لەنێوانیاندا نەمێنێت. لە کاتی بۆیە ودەرمانکردنی سەر پێویستە هەموو جلکەکان بە پاککەرەوە بشۆن و بالیف و دۆشەکە و بەتانی بۆ ماوەی دوو رۆژ لەبەر تیشکی خۆر هەڵبخەن.