مایەسیری - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 19 أبريل 2018

مایەسیری

زانیاریی پێویست لەبارەی مایەسیری

نەخۆشی مایەسیری بریتییە لە ئاوسانی لوولەکانی خوێن لەناو کۆمدا، هەندێکجار ئاوسانی ئەم لوولانە دەبێتەهۆی دروستکردنی ئازار و ناڕەحەتی لەکاتی هەبوونی جوڵە لە ناوچەی حەوزدا یان دانیشتن.
دوو جۆری جیاوازی نەخۆشی مایەسیری بوونی هەیە:
١-مایەسیری ناوەکی: ئەم جۆرە دەکەوێتە بەشی ناوەوەی کۆم و ناتوانرێت هەستی پێبکرێت یان بە چاو ببینرێت.
ئەم جۆرە نابێتەهۆی دروستکردنی ئازار بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر کەم لە هەستەوەرە خانەکان لە بەشی ناوەوەی کۆم، بەڵام ئەم جۆرەی مایەسیری هەندێکجار گەشە دەکات و بەرەو دەرچەی کۆم بڵاودەبێتەوە، لەم کاتەدا نەخۆشەکە هەست بە ئازار دەکات، چونکە لە نزیک دەرچەی کۆمدا ژمارەیەکی زۆر لە هەستەوەرە خانەکانی تایبەت بە ئازار بوونیان هەیە، کاتێک بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرەی مایەسیری روودەدات، نەخۆشەکە هەست بە شتێکی شێداری پەمەیی دەکات لەسەر پێستەکەی.
٢-مایەسیری دەرەکی (دەرچەی کۆم): ئەم جۆرە لە مایەسیری ئازاربەخشە و ئاوسانەکە زۆر جار لە دەرچەی کۆمەوە بەرەو دەرەوەی کۆم بڵاودەبێتەوە.
هەندێکجار لەناو ئاوسانەکەدا خوێن دەمەیێت و ئازارێکی زۆرتر دروستدەکات. لەم کاتەدا رەنگی ئاوسانەکە (مایەسیرییەکە) دەگۆڕدرێت بۆ مۆر یان شین و رەنگە خوێنیشی لێ بێت.
هۆکارەکانی تووشبوون بە مایەسیری
پزیشکەکان تائێستا بۆیان روون نەبووەتەوە کە هۆکاری سەرەکی تووشبوون بە نەخۆشی مایەسیری چییە.
هەندێک لە زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەخۆشی مایەسیری زیاتر لەو کەسانەدا سەر هەڵدەدات کە خوێنهێنەرەکانی ناوچەی کۆمیان لاوازە.
یەکێکی تر لە هۆکارەکان بریتییە لە زۆربوونی پەستانی ناو سک. پەستانی زۆری ناو سک دەبێتەهۆی ئاوسانی خوێنهێنەرەکان و بەمەش چانسی تووشبوون بە نەخۆشی مایەسیری زیاتر دەبێت.
زیادبوونی پەستانی ناو سک دەکرێت بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بێت لەوانە:
١- قەڵەوی
٢- دووگیان بوون
٣- بە پێوە وەستان یان دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر
٤- پژمین
٥- رشانەوە
٦- کۆکین
٧- گرتنی هەناسە لەو کاتەی کارێکی قورس ئەنجام دەدەیت.
دەتوانی رێگریی لە نەخۆشی مایەسیری بکەیت؟
ئەو خواردن و خواردنەوانەی دەیانخۆیت کاریگەریان دەبێت لەسەر نەخۆشی مایەسیری.
١-فایبەری زۆرتر بخۆ
یەکێک لە رێگاکانی کەمکردنەوەی چانسی تووشبوون بە نەخۆشی مایەسیری بریتییە لە زۆر خواردنی ئەو خۆراکانەی فایبەرییان زۆر تێدایە و هاوکاری کرداری هەرس دەکەن، وەک سەوزە و میوە و گوێز و پاقلەمەنی.
٢-ئاو زۆر بخۆرەوە
گەر ئاوی زۆر نەخۆیتەوە و رێژەی ئاوی ناو جەستەت داببەزێت، لەکاتی پاشەڕۆکردندا تووشی ناڕەحەتی زۆر دەبیت بەهۆی رەقتربوونی پیساییەوە، بەمەش چانسی ئاوسانی خوێنهێنەرەکانی ناو کۆم زیاتر دەبێت و رەنگە ببێتەهۆی مایەسیری.
چارەسەر:
دەرمان/ هەندێکجار نەخۆشی مایەسیری دەکرێت بە کرێم و لەزگەی تایبەت چارەسەر بکرێت.
نەشتەرگەری/ گەر بەکارهێنانی دەرمان و کرێم سەرکەوتوو نەبوو لە لابردنی مایسیرییەکە، ئەوا پەنا دەبرێتە بەر بەکارهێنانی نەشتەرگەری.

******************