جگەر و نەخۆشییەکانی
جـــگـــەر Liver
پێویستە لە سەرەتادا زانیاری بزانیت لەسەر پێکهاتە و فرمانە گرنگەکانی جگەر
جگەر یەکێکە لە ئەندامە گرنگەکانی لەش ،دادەنرێت بە گەورەترین ئەندامی ناوەکی لەش ،هەروەها وەک ڕژێنێکیش پۆلێندەکرێت چونکە شلەی بایل (Bile)دەردەدات، ئەگەر باسێکی کورتی فرمانی (Bile) بکەین ئەوا شلەیەکە پێکدێت لە چەندین ماددە وەک ئاو و ماددەی کیمیایی...،ئەم شلەیە لە ناو تورەکەی زراو هەڵدەگیرێت کاتێک خۆراک گەیشتە بەشی یەکەمی ڕیخۆڵە باریکە (Duodenum) ئەوا ئەم شلەیە دەردەدرێ بۆناو ڕیخۆڵە بۆ یارمەتیدان و ئاسانکردنی کرداری هەرسکردن.
جگەر تاکە خانەیە کەتوانای درووستبونەوەی هەیە ،بەڵام ئەگەر بەشێکی زۆری نەمابێت ئەوکاتە ئەم کردارە قورس دەبێت.
شوێنی جگەر لە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک پارێزراوە بە پەراسووەکانی قەفەزەی سنگ ،جگەر پێکدێت لە دوو پل یان دوو بەشی سەرەکی کە ئەمانیش درووستدەبن لە پلی بچوکتر ، خانەکانی جگەر لە دوو سەرچاوەی سەرەکی جیاوازەوە لوولەکانی خوێنیان پێدەگات ، یەکەمیان خوێنبەری جگەر ( Hepatic artery) کە خوێنی پاک و تێر ئۆکسجین دەگات بە خانەکانی جگەر کاتێک لە سکۆڵەی چەپی دڵەوە پەمپی خوێن دەکرێت ، وە دووەمیان بریتییە لەو لوولە خوێنەی کە ماددەکیمییایەکان و خۆراکە ماددەکان لە ڕیخۆڵە و ڕێڕەوی هەرسەوە دەهێنێت بۆ جگەر کە ناودەبرێت (Portal Vein).
بەشێوەیەکی ئاسایی کاتێک دەڵێین خوێنهێنەر (Vein) ئەوا مەبەستمان پێی لەو لوولە خوێنانەیە کە خوێنی کەم ئۆکسجین لە بەشە جیاوازەکانی لەشەوە دەگێڕنەوە بۆ دڵ بەڵام کاتێک باسی (Portal vein) دەکەین ئەوا فرمانی گواستنەوەی خۆراکە ماددە و ماددە کیمیاییەکانی دیکەیە لە ڕێڕەو و سیستمی هەرسەوە بۆ جگەر بۆ تێپەڕبوونی بە کرداری شیبونەوە و مێتابۆلیزمی و پاڵاوتن پێش ئەوەی بچێتە سوڕی گشتی خوێن ، هەروەها Portal vein ئەو ماددە کیمایی و پرۆتینانە وەردەگرێت کە خانەکانی جگەر پێویستییەتی بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی کۆلیسترۆڵ و کلایکۆجینی پێویست بۆ بەڕێوەچونی فرمانی ئاسایی لەش.
جگەر کۆمەڵێک فرمانی سەرەکی و گرنگی هەیە لەلەشدا لەوانە:
✏بەرهەمهێنانی شلەی زەرداو (Bile) کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە سیستمی هەرسکردندا بەتایبەت بۆ چەورییە ماددە.
✏خەزنکردن و هەڵگرتنی گلوکۆز یان شەکری زیادە بەشێوەی گلایکۆجین ، وە پاشان دەتوانێت گلایکۆجین دووبارە بگۆڕێت بۆ گلوکۆز ئەگەر لەش پێویستی بە ووزە بوو.
✏بەرهەمهێنانی فاکتەرەکانی خوێن مەیاندن.
✏بەرهەمهێنانی ترشە ئەمینیەکان (amino acidd) ،کە ترشە ئەمینییەکان بنچینە و پێکهاتەی دروستبوونی پڕۆتینەکانی لەشە.
✏هاندەر و خەزنکەری ماددەی ئاسنی پێویستە بۆ دروستبونی خانەکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.
✏دروستکەری کۆلیسترۆڵ و ماددە کیمیاییەکانی دیکەیە کە پێویستن بۆ گواستنەوەی چەورییە ماددە.
✏گۆڕینی پاشەڕۆ و پاشماوەی زیندەچالاکی و میتابۆلیزمی بۆ یوریا (Urea) و کردنەدەرەوەی لە ڕێگەی میزەوە.
✏گۆڕینی دەرمانەکان بۆ شێوەی چالاک کە لەش بەکاریبهێنێت.
نەخۆشییەکانی جگەر Liver Diseases
نەخۆشی جگەر بریتییە لە هەر تێکچون و حاڵەتێک کە کاریگەری بکاتە سەر فرمانی ئاسایی جگەر، جگەر بەرپرسە لە کۆمەڵێک فرمانی گرنگ لەلەشدا بۆیە هەر نەخۆشی و تێکچونێک ڕووبدات لە جگەردا ئەوا کاریگەری درووست دەکات لەسەر لەش.
✏هۆکارەکانی نەخۆشی جگەر چیــن؟
جگەر زیانی بەردەکەوێت و تێکدەشکێت بە جۆرەها هۆکار لەوانە :
- کاتێک خانەکانی جگەر توشی هەوکردن و التهابات ببێت Hepatitis.
- گیران و داخرانی ڕێڕەوی شلەی بایل( Bile).
- کۆبونەوە و کەڵەکەبوونی کۆلیسترۆل و چەورییە ماددە.
- باش نەڕۆشتنی خوێن بۆ جگەر.
- خانە و شانەکانی جگەر لەوانەیە تێکبشکێن و زیانیان بەربکەوێت بەهۆی ماددەی کیمیایی یان خوێی کانزایی ، هەروەها هەندێ جار بە بوونی خانەی نا ئاسایی بۆ نموونە خانەکانی شێرپەنجە( Cancer Cell).
ئەم خاڵانەش دەگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە وەک :
✏خراپ بەکارهێنانی ئەلکهول
بەکارهێنانی ئەلکهول و خراپ بەکارهێنانی باوترین هۆکارە لە باکوری ئەمەریکا بۆ توشبون بە نەخۆشیەکانی جگەر ، ئەلکهول بەڕێگایەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ژەهراویبونی جگەر کە ئەمەش دەبێتە هۆی هەوکردن ، ئەگەر بۆماوەیەکی زۆر و درێژخایەن ئەلکهول بە نادروستی بەکاربهێنرێت ئەوا دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی چەوری لە خانەکانی جگەر کە ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر فرمانی جگەرو لاوازی دەکات.
کاتێک جگەر بۆماوەیەکی درێژخایەن نەخۆش بێت ئەوا بەم حاڵەتە دەڵێین (Cirrhosis) کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی جگەرە هۆکارەکەی بەهۆی ئەلکهوولەوەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر و بە نادرووستی بەکاربهێنرێت.
چەند حاڵەتێکی دیکەی نەخۆشی جگەر..👇
✏Hemochromatosis
ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە ڕێژەی ئاسنی خەزنکراو لە لەشدا بەشێوەیەکی نائاسایی بەرزبێتەوە (iron overload) ، ئەو ماددە ئاسنە زیادەیە کەڵەکەدەبێت لە شانەکانی جگەردا و دەبێیە هۆی هەوکردنی درێژخایەنی جگەر و نەخۆشی جگەر و عجزی جگەر ،هەروەها ئەم ماددە ئاسنە زیادەیەش زۆرجار لە پەنکریاس و دڵدیشدا کۆدەبێتەوە و دەبێیە هۆی درووستبونی گرفت، ئەم حاڵەتە دەکرێت نەخۆشییەکی بۆماوەیی بێت.
✏Gilbert's Disease
ئەم حاڵەتە بریتییە لە نائاسایی میتابۆلیزم و شیبونەوەی بیلیروبین لە جگەردا ، ئەم نەخۆشییە بە حاڵەتێکی باوو دادەنرێت بە تایبەت لە باکوری ئەمریکا کاتێک زیاتر لە %7 ی دانیشتوانیان کاریگەربوون بەم نەخۆشییە ، ئاساییانە بێ نیشانەیە ، وە زۆرجار پشکنین و تشخیصی بۆ دەکرێ لە ڕێگەی فەحسی خوێن کاتێک ڕێژەیی بیلیروبین بەرزدەبێتەوە.
چەند جۆر هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر هەیە؟ 👇
هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر
Liver (part 3)
مەبەستمان لە دەستەواژەی (Hepatitis) بریتییە لە التهابات و هەوکردنی جگەر کاتێک کە خانەکانی جگەر هەودەکەن بەهۆی هەر ماددەیەکی نامۆ یان ڤایرۆسەوە بێت.
