نەخۆشی غودە چییەو بۆچی هەندیك كەس توشدەبن :
ئەو ئەندامە گرنگەی جەستەیە كە شێوەیەكی پەپولەیی ھەیەو دەكەوێتە بەشی پێشەوەی ملەوە لەپێش بۆری ھەناسەوە.
غودە لەڕێی ھۆرمۆنەكانی (TRIJODTHYRONIN(T٣و (THYROXIN(T٤و CALCITONIN كاریگەری گەورەی لەسەر تێكڕای جەستەی مرۆڤ ھەیە.
غودە بۆ دروستكردنی ئەو ھۆرمۆنانە پێویستی بەمادەی یۆد ھەیە كە لەڕێی خۆڕاكی پڕ یۆدەوە پێیدەگات.
خواردنی ماسیو گیانلەبەرە ئاویەكان بەگشتی رێژەیەكی باش لەیۆدمان پێدەبەخشێت، خواردنی ١-٢ جار ماسی لەھەفتەیەكدا سەرچاوەیەكی باشی یۆدە. ھەروەھا سپێناغو شیرو بەروبومەكانی رژەیەكی كەم یۆدیان تێدایە.
كەمی مادەی یۆد لەجەستەدا دەبێتەھۆی نەخۆشكەوتنی غودەو ھەڵئاوسانیو دروستبونی گرێو لوو تێیداو تێكچونی ئاستی ھۆرمۆنەكانی، ھەربۆیە لەزۆرینەی وڵاتە رۆژئاواییەكان رێنمایی دەدرێت بەدروستكردنو بەبازاڕكردنی خوێی چێشتی پڕ یۆد بۆ پڕكردنەوەی بەشێكی پێداویستی بەكارھێنەران بەمادەی یۆد.
جێی ئاماژەپێدانە بەھۆی بونی مادەی Zyanid لەجگەرەدا، كە رێگری لەوەرگرتنی یۆد لەلایەن غودەوە دەكات، جگەرەكێشان زیانی زۆر بەغودە دەگەیەنێت.
كارابونی غودەو توانای دروستكردنی ھۆرمۆنەكانیو لەكاتی پێویستدا، رژاندنی ئەو ھۆرمۆنانە بۆ ناو خوێن لەڕێی ھۆرمۆنی THS كە لەبەشێكی خوارەوەی مێشكدا (HYPOPHYSE) دروستدەكرێت، بەڕێوەدەچێت.
ئەركەكانی غودە
لەپاڵ دروستكردنی سێ ھۆرمۆنی لەسەرەوە ئاماژەپێكراودا بەشداری لەنەشونمای ئێسكو مێشكو دەمارو ماسولكە، بەشداری لەسوڕی گۆڕینی خۆراك بۆ وزەو لەو رێیەوە پێدانی گەرمی بە لەشو ھەروەھا دابەزاندنی رێژەی چەوریو كاربۆھیدرات لەخوێندا، بەرزكردنەوەی پەستانی خوێنو لێدانی دڵ، راگرتنی ھاوسەنگی رادەی كالیسۆمو فۆسفات لەنێوان خوێنو ئێسكدا، كاریگەری لەسەر چالاكبونی ریخۆڵە ھەندێك لەئەركو كاریگەریەكانی غودەن لەسەر جەستە لەڕێی ئەو ھۆرمۆنانەی دروستیدەكات.
ئەو نەخۆشیانەی دوچاری غوددە دەبن و توانای كاركردنی سنوردار دەكەن زۆرو ھەمەجۆرن، لێرەدا تیشك دەخەمە سەر دوو جۆری سەرەكی لەو نەخۆشیانە، كە بەڕزگاركردن (HYPERTHYREOSE)و نزم كاركردنی غودە (HYPOTHYREOSE) ناسراون.
بەرز كاركردنو نیشانەو گرفتەكانی گەورەبونو ھەڵئاوسانی بەرچاوی ملو غودە، خێرا لێدانی دڵ، دابەزینی خۆنەویستی كێش، ھەڵەشەییو توڕەبونو نائارامی، لەڕزینی جەستە، سكچون، ئارەقكردنەوەی زۆر، دەنگنوسان، تێكچونی ریتمی خەوتن، بەرزبونەوەی پەستانی خوێن، ئازارو لاوازی ماسولكە، تێكچونی سوڕی مانگانەی خانمان، نزمبونەوەی ئارەزوی سێكسكردن، گەورەبونی گلێنەی چاو و سوربونەوەی چاو، ھەندێكجار بینی دوو وێنەیی دیمەنەكان...ھتد.
نزم كاركردن (ھێواشو لاواز)و نیشانەكانی
ھەمیشە ھەستكردن بەسەرمابون، ھەمیشە ماندویی، خەمۆكیو دابڕان لەكۆمەڵگە، زیادبونی كێشو بەرزبونەوەی رێژەی چەوری لەلەشدا، زیادبونی پێداویستی بەخەوتن، بیركۆڵی، ئاوسانی قاچو قۆڵو دەموچاو بەھۆی پەنگخواردنەوەی ئاوی لیمفەكانەوە، لاوازی نینۆكو قژ، قژڕوتانەوە، دەنگنوسانو خاوبونەوەی قسەكردنو دەنگ گڕی، ھەمیشە قەبزبون، ھەندێكجار ھەڵئاوسانی غوددە، كۆبونەوەی ئاوی لیمفەكان لەناو پێڵوی چاودا، تێكچونی سوڕی مانگانەی خانمان، لاوازبونو كەمبونەوەی خواستی سێكسی، پیاوان ھەندێكجار توشی نەزۆكی دەبن، خاوبونەوەی لێدانی دڵ، نزمبونەوەی پەستانی خوێنو ھەندێكجار بەرزبونەوەی، لاوازبونی ماسولكەی دڵ، كۆبونەوەی ئاو لەناو پەردەی دڵدا.