سۆنەر - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الثلاثاء، 29 مايو 2018

سۆنەر

ســــۆنەر    (Ultrasound)
💎 بەشی یــــەکـــەم
ســـۆنەر  ( Ultrasound ) چییە ؟
سـۆنەر یان Ultrasound هەروەها پێشی دەڵێن Sonogram : بریتییە لە فەحسێکی پزیشکی ئەنجامدەدرێت بە بەکارهێنانی شەپۆلی دەنگی بەرز بۆ بینین و پیشاندانی ئەندام و پێکهاتەکانی ناوەوەی لەش ، وە دیاریکردنی حاڵەت و کێشەی تەندروستی لەو ئەندامانەدا ئەگەر هەبێت.

سۆنەر بۆ چ مەبەستێک بەکاردێت ؟
دکتۆری پسپۆڕ بەکاریدێنێت بۆ بینینی دڵ و لوولە خوێنەکان بە بەکارهێنانی(Echo ، سۆنەری تایبەت بە دڵ) ، هەروەها گورچیلە و جگەر و ئەندامەکانی دیکە... ، هەروەها لە ماوەی قۆناغی دووگیانی بە کاردێت بۆ بینینی کۆرپەلە (Fetus) ، سۆنەر وەک ئەشیعە (X-ray) نییە چونکە تیشکدانی نییە ، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بۆ بینینی گەشەی منداڵ بەکاردێت لە ماوەی قۆناغی دووگیانیدا ، هەروەها ئەگەر ئازار یان ئاوساوی یان هەر حاڵەتێکی دیکە هەبێت لە ئۆرگان و ئەندامەکانی ناوەوەی لەشدا ئەوا زۆرجار سۆنەر بەکاردێت بۆ پشکنینی ئەو حاڵەتانە.
سۆنەر بەکاردێت بۆ پشکنینی ئەم بەش و ئەندامانەی لەش : (میزەڵدان ، مێشک لە منداڵاندا ، چاوەکان ، زراو ، گورچیلە ، جگەر ، پەنکریاس ، سپڵ ، منداڵدان ، لوولە خوێنەکان ، ڕژێنی غوددە ،..).
لە ماوەی فەحسی سۆنەردا کەسەکە پاڵدەکەوێت لەسەر جێگایەک دکتۆرەکە ئامێرێک دەجوڵێنێت بەسەر بەشەکانی لەشدا بەو ئامێرە دەڵێین (Transducer) ، ئەو ئامێرە (Transducer) شەپۆلی دەنگەکە دابەش دەکات و بازدەدات و تێپەڕ دەبێت بۆ شانەکانی ناوەوەی لەش ، هەروەها ئەو ئامێرە (Transducer) شەپۆلە دەنگیە گەڕاوەکە  دەگرێت ، ئامێری سۆنەرەکە وێنەیەک درووست دەکات لەو شەپۆلە دەنگیانە.