قەستەرەی دڵ چییە؟؟
Cardiac Catheterization
قەستەرەی دڵ كردارێكە، پشكنینێكە، كە: بە هۆیەوە سۆندەیەك (Catheter) ڕەوانە دەكرێت بۆ ناو دڵ لە ڕێگای خوێنبەر یان خوێنهێنەرێك لە پەلەكان و لەگەلیدا لێدانی ماددەیەكی ڕەنگاوڕەنگ (Contrast) بۆ ڕەنگ كردنی بۆشاییەكانی دڵ و موولوولە خوێنبەرەكان(Coronary Angiography) بۆ قەستەرە كردنی سكۆلەی چەپ و موولوولە خوێنبەرەكانی دڵ، كەواتە: قەستەرەی دڵ چارەسەركردن نییە بەڵكو هۆكارێكە و پشكنینێكە بۆ دیاریكردنی نەخۆشی.
* چۆن قەستەرە دەكرێت؟
دوای ئەوەی نەخۆش بەنجێكی كەمی دەدرێتێ و قەستەرەكە (سۆندەكە) لە ڕێگای خوێنبەری پەلەكان (خوێنبەری قاچ یان خوێنبەری دەست)، سۆندەكە دەخرێتە خوێنبەرەكەوە و لەو ڕێگایەوە سۆندەكە پاڵی پێوە دەنرێت تا دەگاتە شاخوێنبەر و دواترسكۆلەی چەپ، بە هۆی كامێراوە (fluroscopy) چاودێری چۆنیەتی
سازدانی قەستەرەكردنەكە دەكرێت.
* بەكارهێنانەكانی قەستەرە:
1. پێوانی فشاری ناو بۆشاییەكانی دڵ، فشاری ناو بۆشاییەكانی دڵ بەرز دەبێتەوە بە هۆی كەم كاركردن وخراپی فەرمانەكانی دڵ.
2. پێوانی ڕێژەی خوێنی هەڵگری ئۆكسجین (هەوا) لە بۆشاییەكانی دڵ.
3. دۆزینەوە و دیاریكردنی شێرپەنجەكانی دڵ.
4. دۆزینەوە و دیاریكردنی نەخۆشییەكانی زمانەكانی دڵ.
5. پێوانی كار و چالاكی سكۆلەی چەپ، ئەویش بە پێوانی ڕێژەی فشاری خوێن لە سكۆلەی چەپ كە زیاترە لە (50%) لە قەبارەی خوێن.
6. دۆزینەوە و دیاریكردنی نەخۆشی ڕەقبوونی خوێنبەرەكانی دڵ.
7. دۆزینەوە و دیاریكردنی نەخۆشییە زگماكییەكانی دڵ.
* ماكەكانی (ئاڵۆزییەكانی) قەستەرەی دڵ:
1. ڕاوەستان و لە كار كەوتنی دڵ (Heart Attack).
2. ناڕێكی لە كارەباییاتی دڵ (خێرا لێدانی سكۆلەكان و لەرزینی گوێچكەلەكان و...هتد).
3. بوورانەوە بە هۆی هەستەوەری بە ماددە ڕەنگاوڕەنگەكە (Contrast).
4. هەوكردن ئەگەر ئامێرەكان خاوێن نەبوون.
5. مەیینی خوێن و دروست بوونی قەتماغە.
* چۆنیەتی ئامادە كردنی نەخۆش بۆ قەستەرەكردن: كەسێك قەستەرەی بۆ بكرێت بەمجۆرە ئامادە دەكرێت:
1. گوێڕایەلی بوون بەوەی كە هیچ بە دەم نەخوات (NPO) لەدوای دوانزدەی شەو.
2. پشكنینی خوێنی بۆ بكرێت، وەك: پشكنینی خوێن بۆخەپلەكانی خوێن و پشكنینی مەیینی خوێن و كاتی مەیین (PT &PTT).
3. ڕاگرتنی ئەو دەرمانانەی كە خوێن شل دەكاتەوە پێش دوو سەعات لە نەشتەرگەرییەكە.
4. ڕوون كردنەوە و باسكردنی قەستەرەكە چۆن بۆ نەخۆشەكە دەكرێت.
5. قەستەرە كردن ماوەی دوو سەعات تا چوار سەعاتی دەوێت.
6. لە كاتی قەستەرە كردنەكە دەبێت نەخۆشەكە خۆ نەجولێنێت و لە شێوەی ڕاكشان لە سەر گازەری پشت (SUPINE POSITION)بێت.
7. لەوانەیە نەخۆشەكە هەست بە زیاد بوونی لێدانی دڵ بكات بەتایبەتی، كە: سۆندەكە دەگاتە ناو سكۆلەی چەپ یان هەست بە گەرمییەك بكات یان بە سەرئێشان بەتایبەتی دوای لێدانی ماددە ڕەنگاوڕەنگەكە (Contrast).
8. ئەگەر نەخۆشەكە ڕاڕا بوو، وە دەترسا، ئەوا: دەتوانرێت لە شەوی پێش نەشتەرگەرییەكە شورنقەی هێوركەرەوەی وەك ڤالیۆمی بدرێتێ.
9. تراش كردنی مووی پێست لەو شوێنەی قەستەرەكەی لێوە دەچێتە ژوورێ.
10. دەتوانرێت دەرمانەكانی كە دەبێتە هۆی كشانی موولوولە خوێنەكان (vasodilators)بەگوێرەی پێویست بدرێت بە نەخۆشەكە.
11. قەستەرەی دڵ لە شوێنی پێویست و دیاریكراو دەكرێت.
* چاودێریكردنی نەخۆش دوای قەستەرە:
1. نەخۆش دوای قەستەرە تەواو ئارام بێت و بحەوێتەوە.
2. ئەو شوێنەی سۆندەی قەستەرەی لێ چووەتە ژوورەوە چاودێری بكرێت نەوەك تووشی خوێن بەربوون یان خوێن تێزان بێت.
3. گرتن و چاودێری كردنی لێدانی دڵ لە خوار شوێنی چوونە ژوورەوەی قەستەرەكە.
4. پلەی گەرمی لەش و پلەی گەرمی ئەو قاچەی قەستەرەكەی لێكراوە وەربگیرێت.
5. نیشانەكانی، وەك: ئەگەر نەیدەتوانی پەنجە بجولێنێتەوە یەكسەر بۆ پزیشك بگووترێت.
6. چاودێری كردنی نیشانە زیندەگییەكانی نەخۆشەكە (وەك: لێدانی دڵ و فشاری خوێن و هەناسەدان).
7. زوو دەست نیشان كردنی هەر ناڕێكییەك لە لێدانی دڵ و چارەسەركردنی.
8. نەخۆش ئامۆژگاری بكرێت زۆر نەجولێتەوە چونكە لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەر بوون.