گرنگی مادەی ئاسن بۆ جەستە
در
ئاسن مادەیەکی زۆر گرنگە بۆ جەستەی مرۆڤ، بونی لەجەستەدا پێویستە بۆ وەرگرتنی ئۆکسجینو گەیاندنی بەخانەکانی لەش، چالاکبونی خانەکان، ھەروەھا بەدەستھێنانی وزەو سوڕی گۆڕینی خۆراک بۆ وزە لەجەستەدا.
جەستەی مرۆڤ توانای دروستکردنی ئاسنی نیە، ھەر بۆیە پێداویستی بەو مادەیە تەنھا لەڕێی خۆراکەوە دابیندەکرێتو دابەزینی ئاستی پێویست ئاسن لەجەستەدا کە بەبڕی ٤-٥ گرام مەزەندەدەکرێت، کێشەی تەندروستی گەورەی لێدەکەوێتەوە. پێداویستی مرۆڤەکان بەئاسن بەپێی رەگەز، تەمەنو قۆناغەکانی ژیان دەگۆڕێت. پێویستی رۆژانەی خانمێکی پێگەیشتوو بەئاسن ١٥ میللیگرامە، نێرینەیەک ١٠ ملگم، خانمی دوگیان ٢٥ ملگم. بەگشتی خانمان بەھۆی لەدەستدانی بڕێک خوێن لەسوڕی مانگانەدا لەپیاوان زیاتر دوچاری کەمخوێنیو بەو ھۆیەوە کەمبونەوەی ئاسن لەجەستەدا دەبنەوە.
بەو پێیەی ھیمۆگڵۆبینی خوێن رێژەی لەسەدا ٦٠ی تێکڕای ئاسنی جەستەی لەخۆگرتوە، ھەرکەمبونەوەیەک یان لەدەستدانی خوێن کەمبونەوەی ئاسنی لێدەکەوێتەوە.
ھۆکارەکانی کەمبونەوەی ئاسن لەجەستەدا:
١. ھەندێکجار پێدانی شیری دەستکرد، بەتایبەتی شیری مانگا، لەبری شیری دایک بەکۆرپەلە، کەمبونەوەی ئاسنی لێدەکەوێتەوە.
٢. لەسوڕی مانگانەدا خانمان بەھۆی لەدەستدانی خوێنەوە رێژەی ئاسن لەجەستەیاندا دادەبەزێت.بەپێی پسپۆڕان خانمێک لەھەر سوڕێکی مانگانەدا نزیکەی ١٥ ملگم ئاسن لەگەڵ خوێندا لەدەستدەدات.
٣. خواردنی شیرو بەروبومەکانی دەبنەھۆی لاوازی گلدانەوەی ئاسن لەخۆراکداو کەمبونەوەی لەجەستەدا، کە بەڕێژەیەکی زۆر لەڕیخۆڵەباریکەداو بەڕێژەیەکی کەم لەکۆڵۆنو گەدەدا وەردەگیرێتەوە.
٤. کەسانی ڤیجیتاری (واتە ئەو کەسانەی گۆشت ناخۆنو زیاتر بەروبومی روەکی دەخۆن) زیاتر دوچاری کەمی ئاسن دەبن، بەوپێیەی جەستە دەتوانێت ئاسنی ناو گۆشت باشتر لەئاسنی روەکی گلبداتەوە.
٥. دوگیانی ھۆکارێکە بۆ زیادبونی پێداویستی خانمان بەئاسنو کەمبونەوەی لەجەستەیاندا.
٦. بەھۆی بەخشینی خوێنەوە مرۆڤ لەگەڵ ھەر نیولیترێک خوێندا بڕی ٢٥٠ ملگم ئاسن لەدەستدەدات.
٧. لەدەستدانی خوێن بەھۆی برینداربونی گەدەو ریخۆڵەوەو ھەروەھا بونی نەخۆشی لەو دوو ئەندامەدا ھۆکارن بۆ لەدەستچونی ئاسنو لەدەستدانی توانای گلدانەوەی.
٨. ماندوکردنی جەستە بەوەرزشی زۆر دەبێتەھۆی لەدەستدانی ئاسنو زۆر مادەی مینیڕاڵی دیکە لەڕێی گورچیلەکانەوەو لەگەڵ ئارەقکردنەوەدا. بەھۆی وەرزشکردنی زۆرەوە پێداویستی جەستە بەئاسنو مەگنیسیۆمو کالیسیۆم زیاد دەکات.
٩. خوێنبەربون بەھۆی نەشتەرگەری، پێکان یان ھەر ھۆکارێکی دیکەوە، کەمبونەوەی ئاسنی بەدوادادێت.
١٠. سکچون بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، بەھەمان شێوە بەکارھێنانی زۆری دەرمانی دژەقەبزیو رەوانی
ھۆکارن بۆ بەفیڕۆچونی مادەی ئاسنو چەندین جۆر ڤیتامینو مادەی مینێڕاڵی دیکە.
١١. ھەندێک دەرمانی وەک دژەھەوکردن (Antibiotika)، ھەروەھا دەرمان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی ترشەڵۆکی گەدە (Antiazida) رێگرن لەئاست وەرگرتنەوەی ئاسن لەجەستەدا.
نیشانەکانی کەمی ئاسن لەجەستەدا:
لاوازی نینۆکو قژ، قژ روتانەوە، وشکبونی پێست، برینداربونو قڵیشانی ھەردوو گۆشەی دەم، کزانەوەی زمان، تێکچونی روپۆشی توێژاڵی ناو قوڕگو بۆری سورێنچک، کەمخوێنیو نیشانەکانی کەمخوێنی وەک (سپی ھەڵگەڕانی پێست، ھەمیشە ھەستکردن بەماندوی، نائارامی دەرونی، لاوازی، ھەناسەتوندی، گێژبون، سەرئێشە، سڕبونو بونی تەزو لەدەستو قاچدا، دابەزینی بەرگری سروشتیو ھەمیشە سەرمابون).
خۆپاراستنو چارەسەری کەمی ئاسن:
١. ڤیتامین C یەکێکە لەو ڤیتامینانەی یارمەتیدەرە بۆ گلدانەوەی ئاسن لەجەستەدا.
٢. خواردنەوەکانی وەک کۆلا، شیر، شەرابی سور، کاکاو، قاوە، چای رەش، بەربەستن لەئاست وەرگرتنی ئاسن لەخۆراک، ھەربۆیە باشتروایە لایەنی کەم ٣٠ خولەک پێشو پاش خواردن خۆمان لەو خواردنەوانە بەدوربگرین.
٣. خۆراکی وەک گۆشت، جگەر، ماسی، ناوکەکولەکە، کونجی، فاسۆلیا، فستق، زەردێنەی ھێلکە، حێل، نەعناو کەرەوزی وشککراوە، دارچینی، نیسک، سپێناغ، بادام، ھەنجیری وشک،..ھتد دەوڵەمەندن بەمادەی ئاسن.
٤. ھەندێکجار پێدانی مادەی ئاسن لەشێوەی دەرماندا لەلایەن پزیشکەوە رێگەچارەیەکی گونجاوە.
توێژینەوە:
- بەپێی توێژینەوەیەکی ٢٠٠٩ ی بڵاوکراوە لە New England Journal of Medicine چەند نەخۆشێک بەلاوازی دڵو لەھەمان کاتدا دوچاربوی کەمی ئاسن، دڵیان لەپێدانی ئاسن زۆر سودمەندبوە، بەو پێیەی ئاسن بەشێکە لەپێکھاتەی میۆگڵۆبین (Myoglobin)، کە بریتیە لەپڕۆتینی سەرەکی ماسولکەی دڵ.
- لەتوێژینەوەیەکی Cleveland Clinic لە Ohio/ USA کە لەساڵی ٢٠٠٦دا بڵاوکراوەتەوە، پسپۆڕان سەلماندویانە پەیوەندیەکی گەورە لەنێوان قژڕوتانەوەو کەمی ئاسندا ھەیە، ئەو بەشداربوانەی دوچاری قژڕوتانەوەبونو لەھەمان کاتدا مادەی ئاسن لەجەستەیاندا کەمبوە، لەپێدانی ئاسن قژیان زۆر سودمەند بوە.