خۆپارێزی نەخۆشی شەکرە - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 7 يونيو 2018

خۆپارێزی نەخۆشی شەکرە

خۆپارێزی نەخۆشی شەکرە:
نەخۆشی شەکرە کە بەهۆی کەمی هۆرمۆنی ئەنسۆلین(شەکرەی جۆری یەک) یان ناچالاکی ئەنسۆلین(شەکرە جۆری دوو) دروست دەبێت زۆر ناڕەحەتی و ماکی مەترسیدار دروست دەکات، کەڵەکەبوونی شەکری ناو خوێن دەبێتە هۆی ڕەقبوونی خوێن بەرەکان و جەڵتەی دڵ و مێشک و لەکارکەوتنی گورچیلە و تێکچوونی تۆڕەی چاو و بەرزبوونەوەی چەوری خوێن. 

یەکێک لە هەنگاوەکانی چارەسەری شەکرە. جگە لە چارەسەری دەرمانی و وەرزشکردن، بریتیە لە خۆپارێزی:
ـئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە نابێ ئەو جۆرە  خواردنانە زۆر بخۆن کە کاربۆهیدراتی زۆر تێدایە وەکو شیرینی دروستکراو، پاقلاوە، بیبسی، ئایس کریم، گەنمەشامی، پەتاتەی سورەوەکراو.

ـوا باشە هەفتەی ۳ ژەم زیاتر برنج نەخۆن، کە خواردیشیان یەک کەوگیر زیاتر نەبێ و نابێ نانی پێوە بخۆن. لەجیاتی برنج دەتوانن ساوەر، قەرەخەرمان، شۆربا یان گۆشتی کەم چەوری بخۆن.

ـ نانی تیری تەنک و برژاو باشترین هەڵبژاردەیە بۆ نانی بەیانی و ئێوارە، دەتوانرێ بە ماست و پەنیر و گوێزەوە بخورێت، نانی جۆ باشترە لە نانی گەنم، کولێرە و سەمون هەویری زۆر تیایە و شەکرە بەرز دەکەنەوە، سەرتوێژی ماست و قەیماغ و کەرە خراپە بۆ شەکرە.

ـ لە میوەکان هەنجیر و ترێ و کاڵەک و شووتی شەکرە زۆر بەرز دەکەنەوە و پێویستە لێی دوورکەونەوە، میوەکانی تری وەکو سێو و هەرمێ و مۆز و قۆخ دەتوانرێ بخورێ بەڵام زیادەرۆیی تیا نەکرێ و وا باشە جۆرە میوەیەک بخورێ کە زۆر نەگەییبێ و کەمێک ڕەق بێت.
میوە ووشکراوەکان و مێووژ و کشمیش شەکرەکەیان زۆر خەست و خراپە و لەپڕ شەکرە بەرز دەکەنەوە.
سەوزەکان بەسوودن بۆ نەخۆشی شەکرە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرە و دابەزاندنی چەوری ناو خوێن.

ـوا باشە چا و قاوە و نیسکافە بە تاڵی بخورێن یان حەبی تایبەت بە چا بەکاربهێنرێ.

ـ لەبەر ئەوەی شەکرەی زیادە لەخوێندا دەگۆردرێ بۆ چەوری و نەخۆشانی شەکرەش زۆریان کێشی لەشیان زۆرە، وا پێویستە ئەم نەخۆشانە شتی چەور و سورەکراو زۆر نەخۆن. هەموو جۆرەکانی چەرەزات باشن ،جگە لە گوڵەبەڕۆژە کە چەوری خراپ زیاددەکات لە خوێندا.

ـوا پێویستە نەخۆشانی شەکرە ئاو زۆر بخۆنەوە و دوورکەونەوە لە جگەرەکێشان و ماددە کحولیەکان و زۆر خەفەت خواردن.

"بەهیوای تەندروستیەکی باش بۆ هەموو لایەک"
د.داهات حەوێزی



پسپۆری نەخۆشیەکانی هەناوی و دڵ.