سەوەفان - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الثلاثاء، 26 يونيو 2018

سەوەفان

بەهیوای سودبینین...

٭٭٭نەخۆشی داخورانی جومگە ( سەوەفان)


سەوەفان حاڵەتێكی درێژخایەنی جومگەكانە و بەهۆی داخورانی كڕكڕاگەی كۆتایی ئێسكەكان روودەدات، زیاتر پەیوەندی بەتەمەنەوە هەیە و بە نەخۆشییەكی بەربڵاو دادەنرێت لەنێو كەسانی بەتەمەندا.

نیشانەكانی  :

- جومگەكە تووشی ئازار دەبێت لەكاتی جوڵاندن و ئیش پێكردنی .

- رەقبوونی كورتخایەنی جومگەكان دوای ماوەیەكی زۆر  لە پشوودان ئیش پێنەكردنی.

- نەمانی جووڵەی جومگەی تووشبوو بەشێوەی ئاسایی پێشوی خۆی .

- هەستكردن  بە قرتە كردن لەكاتی جوڵانی جومگەی تووشبوودا.

- دروستبوونی ئێسكی زیادە  لە جومگە تووشبووەكەدا كە لەوانەیە وەكو گرێیەكی رەق هەستی پێبكەیت .

هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشی (سەوەفان)

لەدیارترین هۆكارەكانی تووشبون بە نەخۆشی :

1- تەمەن: ئگەری تووشبوون بەسەوەفان زیاتر دەبێت لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا.

2- رەگەز: ئافرەتان زیاتر تووش دەبن

3- شێواوی یان ناڕێكی لە ئێسكدا: هەندێك كەس  كە لەدایك دەبن هەندێ ئێسكیان ناڕێك یان شێواوە، ئەوانە زیاتر تووشی سەوەفان 
دەبن.

4- برینداربوونی جومگە: ئەو كەسانەی تووشی پێكان دەبن، لەوانەش وەرزشوانان، یان ئەوانەی بەهەر رووداوێك تووشی پێكان ببن.

5- قەڵەوی: ئەوانەی قەڵەون و كێشیان زۆرە ، زیاتر كێش دەخەنە سەر جومگەكانی لەشیان بەتایبەتی جومگەی ئەژنۆ .

6- پیشە: ئەوانەی هەندێك ئیشی قورس دەكەن ، كە كاریگەری لەسەر جومگەكانیان جێدێڵێت  زیاتر تووشی سەوەفان دەبن.

7- هەندێ نەخۆشی دیكە لەو كەسەدا: وەك  شەكرە، غودە، دائولملوك، ئەم نەخۆشیانە ئەگەری تووشبوون بە سەوەفان زیاتر دەكەن .

چارەسەری نەخۆشی سەوەفان:

1- دەرمان: لەڕاستیدا دەرمانێك نییە بەتەواوی نەخۆشی داخورانی جومگە (سەوەفان) بنبڕ بكات و كڕكڕاگە داخوراوەكە دروست بكاتەوە، ئەو چارەسەرانەی دەدرێت تەنیا بۆ كەمكردەوە و نەمانی ئازار و گەڕانەوەی جوڵەی ئاسایی جەمگە تووشبووەكەیە. 

2- چارەسەری سروشتی (فیزیایی): وەك هەندێك وەرزش بۆ بەهێزكردنی ماسولكەی دەوری جومگەكە و ئاسانكردنی جووڵەی جومگەكە.

3- گۆڕینی پیشەكەت: ئەگەر پیشەیەكی قورست هەبوو كاری كردبوە سەر جومگەكەت پێویستە  بیگۆڕیت .

4- بەكارهێنانی پێڵاوی تایبەت كە پزیشكەكەت بۆت دەستنیشان دەكات بۆ ئەوەی كەمترین زەبر بكەوێتە سەر جومگە تووشبووەكە.

5- دەرزی ستیرۆید  كە پزیشكەكەت بە دەرزیەك مادەی ستیرۆیدەكە دەكاتە ناو جومگە تووشبوەكە و ئازارەكەی نامێنێت . بەڵام پێویستە بزانیت دەرزی جومگە نابێت 3 جار زیاتر بكرێت لە ساڵێكدا بۆ ئەو جومگەیە.

6-گۆرینی جومگە بە نەشتەرگەری :لەو كەسانەی بە دەرمان و چارەسەری فیزیایی و دەرزی نێو جومگە باش نابن.

 هەندێك رێنمایی بۆ تووشبووان بە سەوەفان:

1- پشوو: ئەگەر هەستت بە ئازاری زۆر و بەردەوام كرد لە جومگە تووشبووەكانت، پێویستە پشوو بدەیت و ئەو جومگەیە زۆر بەكارنەهێنیت . 

2-وەرزش: ماسوولكەكانی دەوری جومگە تووشبووەكە بەهێز دەكات  و جومگە تووشبووەكەش جێگیرتر دەكات، مەلەكردن و پایسكل  لێخوڕین.

3-دابەزاندنی كێشی لەش :ئەوانەی قەڵەون و كێشیان زۆرە  زیاتر كێش دەخەنە سەر جومگەكانی لەشیان بەتایبەتی جومگەی ئەژنۆ  و زیاتر تووشدەبن بە سەوەفان, لەبەر ئەوە هەوڵ بدە كێشت كەم بكەوە.

4- بەكارهێنانی گەرمی یان ساردی بۆ دامركانەوەی ئازاری جومگەكەت.

5- بەكارهێنانی كرێم یان جێڵی ئازار شكێن وەك جێڵی ڤۆڵتارین .

6- بەكارهێنانی ئامراز یان هۆكاری یارمەتیدەر وەك بەكارهێنانی گۆچان بۆ ئەوەی هێز زۆر نەكەوێتە سەر جومگە تووشبوەكەت، یان بەكارهێنانی سپلینتی تایبەت یان پێڵاوی تایبەت. یان بەكارهێنانی كۆلەر بۆ ئەو كەسانەی سەوەفانی فەقەراتیان هەیە .

7- هەندێك سەرچاوە دەڵێن یۆگاش سودی هەیە بۆ پەیداكردنی توانای خۆكۆنترۆڵكردن و هەستكردنی كەمتر بە ئارامی