ڕێژەی کەمی ئاسن - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأربعاء، 4 يوليو 2018

ڕێژەی کەمی ئاسن

کەمی ریژەی ئاسن و نیشانەکانی

ئاسن یەكێكە لە كانزا گرنگەكانی لەشی هەر مرۆڤێك و چەندین سود بە لەش دەگەیەنێت، بەڕای پسپۆڕەكانیش كەمبونەوەی ڕێژەی ئەو كانزایە لە لەشدا هۆكارێكە بۆ توشبوونی مرۆڤ بە چەندین كێشەی تەندروستی.

ئاسن یەكێكە لە گرنگترین كانزاكانی لەش و كەمییەکەی، كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ جێدەهێڵێت و دەبێتە هۆی هەستكردن بە ماندوێتی و تەمەڵی.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوە پزیشكییەكان كەمی ئاسن لە لەشدا جگە لەوەی هۆكارێكی سەرەكییە بۆ توشبوون بە كەمخوێنی، چەند كێشەیەكی دیكەی تەندروستی بۆ لەش دروست دەكات.

بەڕای پسپۆڕەكان ڕێژەی ئاسن بەهۆی خواردنی خۆراكی ناتەندروستەوە كەمدەبێتەوە، ئەمەش وادەكات چەند نیشانەیەك لەو كەسەدا دەربكەوێت كە دیارترینیان بریتییە لە هەستكردن بە ماندوێتیەكی زۆر لە كاتێكدا كە هیچ جۆرە كارێكی قورس ئەنجام نەدراوە، هەروەها كەمبونەوەی ئەو كانزایە دەبێتە هۆی نەمانی توانای وردبونەوە لە شتەكانی دەوروبەر و هەناسە توندی و هۆكارێكە بۆ كەمبونەوەی ڕێژەی ئۆكسجینی خوێن و هەڵوەرینی قژ و گۆڕانی ڕەنگی پێست.

بەپێی توێژینەوەیەكی ئەمریكی كەمی ئاسن یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشیەكانی زەهایمەر و خەڵەفان، بە تایبەت لای ئەو كەسانەی تەمەنیان سەروو 70 ساڵە.

هەمان توێژینەوە ئاشكرای دەكات كە ئەو منداڵانەی كێشەی قەڵەویان هەیە ڕێژەی ئاسن لە خوێنیاندا كەمدەبێتەوە، ئەمەش كێشە لە ڕەفتار و توانای بیری منداڵەكاندا دروست دەكات.

پسپۆڕە تەندروستییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە باشترە ئاسن لەڕێگەی خۆراكە سروشتییەكانەوە دەست لەش بكەوێت و پەنا نەبرێتە بەر ئەو ماددەی ئاسنەی وەك دەرمان لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێت.

توێژەرەكان ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن گرنگییەكی زۆر بدەن بە خواردنی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن و ڕێژەی ئەو ماددەیە لە خوێندا زیاد دەكەن و ڕۆژانە لە ژەمە خۆراكییەكاندا بونی هەبێت.

گرنگترین خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ئاسن بریتین لە برنج و پاقلەمەنییەكان و چەرەساتەكان هەروەها شیرەمەنی و خۆراكە دەریاییەكان بە تایبەت ڕۆبیان و گوێچكە ماسی.
-
ئاسن کانزایەکی سەرەکییە بۆ جەستە و لە گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ هەموو بەشەکانی لەش بەکاردێت.ئەگەر ڕێژەی ئاسن بۆ ماوەیەکی کەم دابەزێت کەمخوێنی و بێهێزی ڕوودەدات و لە ئەگەری درێژخایەنبوونی حاڵەتەکەدا ئەندامەکانی لەش لەکاردەکەون.

هەروەک چۆن کەمی مادەی ئاسن زیانی هەیە زۆریشی زیانی هەیە و دەبێتە هۆی دروستبوونی مادەی زیانبەخش بۆ ئەندامەکانی دیکەی لەش وەکو دڵ و جگەر.

لەشی مرۆڤ بە پێی پێویستی خۆی مادەی ئاسن لە خواردنی ناو بۆرییەکانی هەرسەوە وەردەگرێت و زیادەڕۆیی لەم ڕووەوە دەگمەنە. ئەوەی دەبێتە هۆی زۆری ئاسن لە لەشدا زیاتر لە ڕێگەی خواردنی ماددە و حەپەکانەوەیە کە ئاسنی زۆریان تێدایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەشی مرۆڤ ئاسن لە خواردنە گۆشتییەکانەوە زیاتر وەردەگرێت وەک لە سەرچاوە ڕووەکییەکان. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاسنی ناو گۆشت لە پێکهاتەیەکی تایبەتیدایە کە پێی دەوترێت هیم (Heme) بەڵام لە ڕووەکدا بەو شێوەیە نییە.

هەندێک لەو خواردنانەی کە دەوڵەمەندن بە ئاسن بریتین لە (جگەر، خواردنی دەریایی، گوڵەبەڕۆژە، کاشیۆ و ئالمۆند، نۆک و فاسۆلیا، گۆشتی گا، دانەوێڵە بە گشتی، ئەو سەوزانەی ڕەنگی گەڵاکانیان سەوزی تۆخە وەکو سپیناخ، قاوەی ڕەش).
ڕێکخراوی ئێف دی ئەی ئەمەریکی تایبەت بە دەرمان و خواردن (FDA) ڕێژەی مادەی پێویستی لە ژەمێکی خواردنەکاندا دیاری کردووە بەراورد بەو بڕەی پێویستە لە ڕۆژێکدا وەربگیرێت. ئەم ڕێژەیەش کە پێی دەوترێت دی ڤی (Daily Value - DV) بە نسبەت ئاسنەوە بۆ هەریەکە لە 
خواردنەکانی سەرەوە بەم جۆرەیە
ئاسن یەکێکە لە کانزا سەرەکیەکان لەلەشی مرۆڤدا و کاری گرنگ ئەنجامدەدەن، گرنگترینیان بەرهەمهێنانی خڕۆکەی سوری خوێنە کەدەبێتە هۆی هەڵگرتنی ئۆکسجین و گواستنەوەی بۆ بەشەکانی دیکە، پێویستە هەمیشە پارێزگاری لە ڕێژەی ئاسنی لەش بکرێت، چونکە کەمی دەبێتە هۆی تووشبوونی بە ئەنیمیا، لەهەمانکاتدا هۆکارێکە بۆ ژەهراوی بوون و حاڵەتی مەترسیدار.

پێویستە ئەو کەسانەی تووشبوونی کەمی ئاسنن سەردانی پزیشک بکەن و ڕێنمایی تەندروستی وەربگرن.

نیشانەکانی تووشبوون بە کەمی ئاسن لەخوێندا چین؟

یەکێک لە نیشانە باوەکان بێتاقەتی و ماندووبوونی زووزووە، چونکە ڕێگەنادات ئۆکسجین بە باشی بگوێزرێتەوە بۆ خانەکان و ئەندامەکانی دیکەی لەش.

ڕەنگی پێست گۆڕانی بەسەردا دێت تاریک دەبێت یاخود پەڵەی شین لەسەر لەشت دورستدەبێت، یان ژێر چاوەکانت ڕەش دەبێت و لێوەکانت ڕەنگی دەگۆڕێت.

هەناسەدانت تێکدەچێت و هەست بە توندی ئامێری هەناسەدانت دەکەیت بەتایبەتی کاتێک دەڕۆیت بە پێ یان کەمێک ماندوو دەبیت.

کەمی ئاسن هۆکارێکە بۆ تێکچوونی لێدانەکانی دڵ و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیەکان زیاد دەکات، ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت.

بەهۆی نەگەیشتنی ئۆکسجین بۆ مێشک تووشی سەر ئێشەیەکی زۆر دەبیت و بێزاردەکات، لەهەمان کاتدا هەستی دڵەڕاوکێ و دوودڵی زیاد دەکات بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت هەست بە تووڕەبوون و نائارامی دەکەیت.

یەکێکی دیکە لە نیشانەکان هەڵوەرینی قژتە وردە وردە، چونکە نەگەیشتنی ئۆکسجین بۆ بەشەکانی دیکە هێواش هێواش گەشەکردن خاو دەکاتەوە.

خانمانی دووگیان پێویستە زۆر بە ئاگابن، ئاگاداربن لەوەی ئاسنی خوێنیان گونجاوە یاخود نا، چونکە زیانەکانی زیاترن

ڕەنگی زمانت دەگۆرێت یان تووشی هەوکردن دەبێت، لەهەمانکاتدا ئامێری هەرس کێشەی تێدا دروست دەبێت و ڕیخۆڵە و کۆڵۆنت تووشی هەوکردن دەبن
تیبینی لەسایتەکانەوە وەرگیراوە

بەوهیوایەم تەندروستی هەمولایەک باشبیت