"مایەسیری"
مایەسیری چی یە هۆکارەکەی و چارەسەری
-----------------------------
"مایەسیری" نەخۆشییەكە كە زۆربەی تووشبووانی شەرم لە باسكردنی دەكەن. زۆربەی خەڵك بە درێژایی ژیانیان، بە لانی كەمەوە جارێك ئێش و ئازاری ئەو نەخۆشییەیان چەشتووە. لێكۆڵینەوەكان ئاشكرای دەكەن كە نەخۆشیی "مایەسیری" زیاتر لە نێو ژن و پیاوی بەساڵاچوودا بەرفراوانە.
كاتێك ریخۆڵە بە لاوازی كار دەكات، نەخۆشیی "مایەسیری" لێ دەكەوێتەوە. ئەگەر كەسێك لە ماوەی سێ رۆژدا جارێك نەچێتە ئاودەست، پیسایی لە ناو ریخۆڵەدا توند دەبێ و بەو هۆیەشەوە بە ئەستەم دەتوانێ پیساییەكەی لە لەشی دەربكات.
هۆیەكانی تووشبوون
ژیانی شاری، رەنگە سەرەكیترین هۆكاری تووشبوونی تاك بەو نەخۆشییە بێت. نەخواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە فایبەر، خواردنی كەمی ئاو و شلەمەنی، بێ جووڵەیی و نەچوون بۆ ئاودەست لە كاتی خۆیدا، لە هۆكارەكانی تری تووشبوون بە مایەسیرین.
جیا لەوەی ئەو نەخۆشییە لە نێو كەسانی بەساڵاچوودا باوە، بەڵام هەندێ جار منداڵانیش تووشی مایەسیری دەبن. ئەوان كاتێك سەرەتا دەچنە قوتابخانە، پێیان شەرمە بۆ چوونە ئاودەست داوای مۆڵەت بكەن، ئەوەیش هۆكارێكە بۆ تووشبوونیان بە مایەسیری.
لە نێو بەساڵاچووانیشدا ئەو كەسانەی دەرمانی ئازاربڕ، رەوانكردنی میز، كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن و دژی خەمۆكی دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە مایەسیری زیاترە.
رێگە سەرەتاییەكان بۆ چارەسەركردن
خواردنی هەڵووژە
ئەو میوەیە، وەك باشترین دەرمانی سروشتی بۆ چارەسەركردنی مایەسیری دەناسرێت. هەڵووژە، بڕێكی زۆری مادەی فایبەر و "سۆربیتۆل"ی تێدایە كە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكە و جیا لەوەیش دەبێتە هۆی دابەزینی رێژەی كۆلۆسترۆڵ.
وەرزش
نەبوونی جووڵانەوە، ئەگەری تووشبوون بە مایەسیریی لێ دەكەوێتەوە. هەر تاكێك ئەگەر وەرزش بكات، كەمتر تووشی دڵڕاوكەیی دەبێ، دڵڕاوكەیی كاریگەری زۆری لەسەر تووشبوون بە مایەسیری هەیە.
ئەگەر وەرزش دەكەن، هەوڵ بدەن لە ماوەی سەعاتێك مەودای نێوان وەرزشكردن و نانخواردن بێت. ئەو كەسانەی لە ماوەی هەفتەیەكدا سێ جار و بۆ ماوەی نیو سەعات پیاسە بكەن، ئەگەری تووشبوونیان بە مایەسیری كەمتر دەبێت.
خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی
خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی، دەبێتە هۆی ئەوەی لەش بە رێژەی پێویست، ئاوی پێ بگات. بێ ئاویی لەش، یەك لە هۆكارەكانی تووشبوون بە مایەسیرییە.
بەكارهێنانی دەرمان
هەندێ جار دەتوانن سوود لەو دەرمانانە وەربگرن كە رەوانتان دەكات و دەتوانن بە هۆیەوە، لە ماوەی چەند رۆژێكدا بچنە ئاودەست. ئەوە بە ماوەیەكی كاتییە، بەڵام ئەگەر ویستتان بۆ ماوەیەكی درێژ لەو دەرمانانە بەكار بێنن، دەبێ سەردانی پزیشكی تایبەت بكەن و بە پێی رێنماییەكانی دەرمان بخۆن.
چاو و قاوە
ئەو راستە كە خواردنی قاوە و چا و خواردنە گازییەكان، كاری كۆئەندامی هەرس خێراتر دەكەن، بەڵام كێشە لەوەدایە كە مرۆڤ بە خواردنی ئەوانە، زیاتر میز دەكات و هەر بەو هۆیەشەوە رێژەی ئاو لە لەشدا كەمتر دەبێت، ئەمەیش بێگومان كاریگەری لەسەر سەرهەڵدان یان تەشەنەكردنی مایەسیری دەبێت. هەر لەبەر ئەو هۆكارانە، پێویستی خواردنی قاوە و چا كۆنترۆڵ بكرێت.