قەڵەوی - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الجمعة، 31 أغسطس 2018

قەڵەوی

#کێش_زیادی (قەڵەوی)

⊙ کێش زیادی(قەڵەوی) چیە؟

-       کێش زیادی (قەڵەوی ): حاڵەتێکە کە تێیدا کەسێک بڕێکی زیاد لە پێویست  چەوری لەلەشیدا کۆدەبێتەوە . کە لەوانەیە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی کەسەکە ھەبێت .
- قەلەوی حاڵەتیکی زۆر بڵاوە , کە لە ئەمریکا لەنێوان ھەر ٣ کەسێکدا , کەسێکیان قەڵەوە یان کێشی زیادە ,
وە  لە ساڵی ٢٠١٤ دا نزیکەی %٣٧ گەنجانی ئەمەریکا کێش زیاد یا خوود قەلەوبوون .

⊙ چۆن بزانین کە ئایا  کێشمان  ئاساییە یان  زیادە ؟!😕

- بە ڕێگایەکی ئاسان دەتوانیت بزانیت کە ئایا تۆ کێشت ئاساییە یاخود نا! 
-  بە دیاریکردنی BMI کەت ,  بە ھاوکێشەیەک ,لەڕێگەی پەیوەندی نێوان کێش و باڵاوە دەبێت. 

- BMI دیاری دەکریت لەڕێی ئەم ھاوکێشەیەوە.   کێش دابەشی دووجای باڵا (بە مەتر)بکە.  

بۆ نموونە : کەسێک کێشی ٦٥ کم بێت و باڵای ١.٧٠م بێت  ئەوا :
٦٥/ ٢(١.٧٠) =٢٢.٨

*ئەگەر ڕێژەکە لەنیوان (18 - 24.9) بوو = حاڵەتی ئاسای کێش .
* ئەگەر ڕێژەکە لەنیوان (25 - 29.9)بوو = کێش زیادی .
*ئەگەر ڕێژەکە لەنیوان (30 - 39.9)= قەڵەوی .

⊙ ھۆکارەکانی قەڵەوی چین ؟
-  ھۆکارە گشتیەکانی قەڵەوی بریتین لە :
١) زۆر خواردن .
٢) جۆری خواردن (خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ڕێژەیەکی زۆر چەوری و شەکریان تێدایە)
٣) جۆر و شێوازی ژیان (کەمی جوڵەو وەرزش نەکردن ).

- ھۆکارەکانی تر:
١) ھۆکاری بۆماوەی : ھەندێک لەو کەسانەی کە کێشیان زیادە ھۆکارەکەی بۆماوەییە  , کە بەشێوەیەکی بۆماوەیەیی بۆی دەگوازرێتەوە لە دایک و باوکیانەوە .کە کار دەکاتە سەر ڕێژەی ھۆرمۆنەکان و حاڵەتی ھەرسکردنی خۆراک و بڕی خواردنی خۆراک .

٢) کۆمەڵێک نەخۆشی کە دەبنە ھۆی قەڵەوی  : وەک 
 Hypothyroidism(کەمی غودەی دەرەقی  ), Cushing’s syndrome
٣) کۆمەڵێک دەرمان کە دەبنە ھۆی قەڵەوی : وەک
دەرمانەکانی ( دژەخەمۆکیەکان ,پەرکەم ,ھەندێک دەرمانی شەکرە و بەرزی پەستان , کۆرتیکۆستیرۆیدەکان و ئەو دەرمانانەی بۆ مەنع بەکار دێت).
٤) تێکچوونی حاڵەتی دەروونی : ھەندێک کەس کاتێک توشی خەمۆکی یا سترێس و دڵە راوکێ دەبن ,پەنا دەبەنە بەر زۆر خواردن .
٥) سکپڕی : زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە دوو گیان دەبن کێشیان زیاد دەکات و وە دوای منداڵبونەکەش ,کێشەکەیان ناگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی , بۆیە توشی قەڵەوی دەبن .  
⊙ زیانەکانی قەڵەوی چین ؟
قەڵەوی دەبێتە ھۆی :
١) شەکرەی جۆری ٢ : بەھۆی پەیداکردنی بەرگری دژی ھۆرمۆنی ئینسولین کە بەرپرسیارە لە بە باڵانس ڕاگرتنی ڕێژەی شەکر لەخوێندا , بە پەیداکردنی بەرگر لەلایەن خانەکانەوە دژی ئینسولین , باڵانسی شەکر لە خوێندا تێک دەچێت 
٢) بەرزی پەستانی خوێن .
٣) بەرزی چەوری کۆلیستِڕۆڵ.
٤) جەڵدەی دڵ .
٥) نەخۆشیەکانی دڵ.
٦) دروستکردنی بەردی زراو .
٧) تەنگە نەفەسی لە کاتی خەودا . 
 
⊙⊙      چارەسەری قەڵەوی چیە ؟
کێش زۆری و قەڵەوی دەبێ وەک نەخۆشیەکی درێژخایەن سەیر بکرێت , چونکە ئەگەر  ھەوڵ بدەیت کێشت دابەزێنیت لەماوەیەکی کەمدا و دواتر وازی لێ بھێنیت ,ئەوا بە ئاسانی کێشەکەی جارانت بۆ زیاد دەبێتەوە , بۆیە وەک چۆن نەخۆشی درێژ خایەن ,چارەسەری درێژ خایەنی ھەیە , کێش زۆریش پێویستە چارەسەرو بەرنامەی درێژ خایەنی ھەبێت . 
ئەوانیش:
١) جوڵەو وەرزشی بەردەوام : یەکێکە لەڕێگە ھەرە سەرەکیەکان بۆ دابەزاندنی کێش , بۆ ئەوەی ئەو چەوریە زیادەیەی کە خەزنکراوە بکەیت بە وزەو سەرفی بکەیت .
- وەرزش و ڕاھێنانەکان : ٢٠ -٣٠ خولەک ڕۆژانە(ڕاکردن , پاسکیلسواری , ڕێکردن ,مەلەکردن )
٢) کەم خواردنی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەیەکی زۆر چەوری یان  شەکری تێدایە , چونکە:
- چەوری : ڕێژەیەکی زۆر وزەی(کالۆری)تێدایە .
– شەکر:دەبێتە ھۆی زیاتر دەردانی ھۆرمۆنی ئینسولین کە ئەویش دەبێتە ھۆی دەردانی ھۆرمۆنی گەشە , کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی کێش .
٣) پێویستە زیاتر ئەو خواردنانە بخورێت کە وزەیەکی(کالۆری) کەمتریان تێدایە . وەک (سەوزە  و میوە ھتد)
٤) کۆمەڵک دەرمانی تایبەت کە کێش دا دەبەزێنن.
پێویستە ئەوە بزانرێت کە رێگای سەرەکی بۆ دابەزاندنی کێش (وەرزش کردن , جۆری خواردنە) بەڵام ئەگەر کێش زیادەییەکە کێشەی جدی بۆ سەر تەندروستی کەسەکە دروست کرد ئەوا دەبێت  سەردانی دکتۆری تایبەت بکرێت و پاشان  دەرمان وەربگریت , چونکە ئەو دەرمانانەی کە بۆ کێش دابەزین بەکار دێن لایەنی خراپیان زۆرەو نابێت لەخۆوە بەکار بھێنرێن .
بۆیە لێرەدا باسی ھیچ دەرمانێک ناکەین , چونکە دەبێت بۆ ھەر حاڵەتێکی لەو جۆرە  , سەردانی دکتۆر بکرێت و
 بڕ و جۆری دەرمانی گونجاو  وەربگرێ تا کێشەی تەندروستی تری بۆ دروست نەبێت .
٥) نەشتەرگەری : لە ھەندێک حاڵەتی قورسدا , رێگای نەشتەرگەری بەکاردەھێنرێت بۆ دابەزاندنی کێش, ئەویش بە بچوککردنەوەی قەبارەی ناو گەدە تا وای لێدێت کەسەکە زوو ھەست بە تێری بکات و کەمتر خواردن بخوات , ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەزینی کێش.

بەهیوای تەندروستیەکی باش...

ئاکار عوسمان زەڵمی _خوێندکاری کۆلێژی دەرمانسازی