غوودە - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الجمعة، 31 أغسطس 2018

غوودە

نەخۆشیەکانی ڕژێنی دەرەقی (غودە):
غودەی دەرەقی ئەندامێکی بچوکە دەکەوێتەوە پێشەوەی مل، فرمانەکەی بریتیە لەڕێکخستنەوەی زیندە چالاکیەکانی لەش و ڕاگرتنی پلەی گەرمی  و کێشی لەش و لێدانی دڵ و هاوسەنگ ڕاگرتنی کاری هۆڕمۆنەکانی تر.
غوەی دەرەقی بەچەند جۆرێک تووشی نەخۆشی دەبێ، وەکو:

ـ غودەی سام:
لەم حاڵەتەدا غودەی دەرەقی زۆر دەرئەدرێ، زۆربەی جار بەهۆی تێکچوونی سیستەمی بەرگری ئەم حاڵەتە دروست دەبێت،،هەندێ جاریش بەهۆی گرێ یان شێرپەنجە غودەی سام دروست دەبێ.

ئەو کەسانەی غودەی سامیان هەیە هەست بە دڵە کوتێ و دەست لەرزین و ئارەقەکردنەوە دەکەن،زۆر لە نەخۆشەکان بێ تەحەمول و قەلەق دەبن وزوو هەڵەچن ،دەروونیان گەرم دەبێ و بەرگەی گەرما ناگرن، ئیشتیهای خواردنیان زیاددەکا بەڵام کێشیان دادەبەزی،لە ئافرەتان تێکچوونی سووڕی مانگانە یەکێکە لە نیشانەکانی غودە.

بۆ دەستنیشان کردنی غودەی سام پێویستە پشکنینی فرمانی غودەکان و پشکنینی خوێن و هەندێ پشکنینی بەرگری  و سۆناری مل یش بکرێ.

چارەسەری غودەی سام بە دەرمانی تایبەت دەکرێ بەڵام پێویستە بۆ ماوەی ۱ـ۲ساڵ چارەسەر وەرگرێ بۆ ئەوەی حاڵەتەکەی سەرهەڵنەداتەوە. 
ئەگەر دوای ۲ ساڵیش لە وەرگرتنی عیلاج هەر باش نەبوو، یان غودەکەی زۆر گەورە و ناشیرین بوو یان تووشی تەنگەنەفەسی و نەخۆشی دڵی کرد، پێویست بە نەشتەرگەری دەکات بۆ لابردنی غودەکە. هەندێ حاڵەتی غودەی سام بە چارەسەری تیشکی عیلاج دەکرێن

غودەی تەمبەڵ (سستی غودە):ـ
ئەم حاڵەتە کاتێک دەبێت کە غودەی دەرەقی ئیش ناکا و ناچالاکە. زۆر حاڵەت هەیە لە زگماکیەوە وایە یان بەهۆی کەمی ئایۆدین یان بەهۆی تێکچوونی  بەرگری لەش یان دوای نەشتەرگەری لابردنی غودە یان دوای بەکارهێنانی هەندێ دەرمان تووشی غودەی تەمەڵ دەبن.

ئەو کەسانەی غودەیان تەمبەڵە دایمە هەست بە هیلاکی و شەکەتی و خەواڵوویی و هەڵوەرینی قژ و سەرما بردەڵەیی دەکەن، هەندێ نەخۆشی تر تووشی قەبزی و ئاوسایی قاچ و دەوری چاو و تەنگەنەفەسی و دڵ خاوبونەوە و دەنگ گڕبوون دەکەن.
زۆر لە نەخۆشەکانی سستی غودە  قەڵەو دەبن و چەوری خوێنیان زیاددەکا.

بۆ غودەی تەمبەڵ فەحسی فرمانی غودەکان و سۆناری مل و هەندێ پشکنینی بەرگری پێویستە.

تاکە چارەسەری غودەی تەمبەڵ حەبی ثایرۆکسینە، زۆر گرنگە وەرگرتنی ئەم حەبە دووربێ لە ژەمی خواردن، بەیانیان پێش نان یان شەوان درەنگ بخورێت.

هەندێ خواردن هەن باش نین بۆ ئەو کەسانەی غودەی تەمەڵیان هەیە و واپێویستە زیادەڕۆیی نەکەن لە خواردنی تور و قەرنابیت و کەلەرم و برۆکۆلی و شیلک و قۆخ و کافایین و خوێ و گۆشتی سوور و خواردنی سورەکراو.
بە لایەکی تر ئەو کەسانەی غودەیان ئیش ناکا وا باشە گرنگی زیاتر بدەن بە خواردنی ماسی و خواردنە ئاویەکان و سەوزە و ماست و هێلکە.

ـ هەوکردنی غودەی دەرەقی: 
ئەمەش حاڵەتێکی تری باوی غودەیە، ئەم هەوکردنە بەهۆی ڤایرۆس و بەکتریا و هەندێ دەرمان و چارەسەری تیشکی دروست دەبێت. 
لە هەوکردنی غودەدا نیشانەکانی وەکو تا و لەرز و ئازاری مل و کەم بوونی ئیشتیهای خواردن زۆر دیارن.

بۆ دەستنیشان کردنی هەوکردنی غودە جگە لە پشکنینی فرمانی غودەکان، پشکنینی گشتی خوێن و ئاستی هەوکردنی خوێن و سۆناری غودەش پێویستە.

چارەسەری هەوکردنی غودە بە دەرمانی ستیرۆید و ئەسپرین و هەندێ جار حەبی ڕێکخەری لێدانی دڵ دەکرێ.

" هەردەم لەشساغ بن"
د. داهات حوێزی
پسپۆری نەخۆشیەکانی دڵ و هەناوی