کەمی ئاسنی خوێن - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الجمعة، 31 أغسطس 2018

کەمی ئاسنی خوێن

تەندروستی
سێزدە نیشانەی كەمی ماددەی ئاسن لە جەستەدا

جیاوازی ده‌ستێكی ئاسایی و یه‌كێكی كه‌مخوێن به‌هۆی كه‌می ئاسن
جیاوازی ده‌ستێكی ئاسایی و یه‌كێكی كه‌مخوێن به‌هۆی كه‌می ئاسن
رووداو-فۆكس نیوز

كەمخوێنی بەهۆی كەمی ماددەی ئاسن، بڵاوترین جۆری كەمخوێنییە. هەندێكجار نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە ناڕوون و گشتین و تایبەتمەند نین.

ئاسن لە ماددانەیە كە پێیان دەوترێ بنچینەیی، واتە جەستە بەشی پێویستیان لێ درووستناكات و دەبێت بە خۆراكی تەندروست وەری بگری. دوای وەرگرتنیشی بەكاردەهێنرێ لە درووستكردنی خڕۆكەی سووری خوێن كە بەهۆی پێكهاتەی هیمۆگڵۆبینەوە ئۆكسجین لە سییەكانەوە وەردەگرێ و بۆ بەشەكانی دیكەی جەستەی دەگوازێتەوە.

ئەمانە 13 نیشانەی كەمخوێنین بەهۆی كەمیی ئاسنەوە:

1-هەست بە ماندوێتی كردن:
ئەمە بڵاوترین نیشانەی كەمخوێنییە، كەسەكە بەردەوام هەستدەكات جەستەی داهێزراوە. واتە ماندووبوونەكە بەردەوامە" نەك پەیوەندیدار بە گوشاری دەروونیی و چاكیی جەستەییەوە.

2-بێرەنگی:
بە تەماشاكردنی لینجەپەردەی كەناری چاو، بۆت دەردەكەوێت لە كەسی كەمخوێندا رەنگە سوورەكەی نامێنێ و كاڵ دەردەكەوێ. رەنگە سوورە ئاساییەكە لە ئەنجامی رۆیشتنی خوێنی پێویستە بۆ ئەو شانەیە، كاڵبوونەوەشی نیشانەی ئەوەیە خوێن وەك پێویست بۆ ئەو شانەیە و شانەكانی دیكە ناڕوات، ئەویش لە ئەنجامی كەمخوێنییەوە.  هەروەك روخسار و نێولەپی دەستەكان و بەشەكانی دیكەی پێستیش رەنگیان كاڵ و بزڕكاو دەبێت. 

3-هەناسەتوندی:
ئەگەر بە وەرزشكردنی سادە یان سەركەوتن بەسەر قادرمە یاخود هەڵگرتنی شتگەلێك كە بۆ خەڵكی ئاسایی قورس نین بەڵام تۆ تەنگەنەفەس دەكەن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئۆكسجینی پێویست ناگاتە شانەكانی جەستەت، كەمخوێنیش یەكێكە لە هۆكارە بڵاوەكان. جگە لەوە رەنگە هەست بە سەرسوڕان و بورانەوە بكەی.

4-دڵەكوتێ:
لە حاڵەتی ئاساییدا هەست بە لێدانی دڵمان ناكەین، بەڵام لە كەمخوێنیدا هەست بە دڵەكوتێ و تەپەتەپی دڵت دەبێت.

5-تەزینی پەلەكان:
لە كەمخوێنیدا، ئەو بڕە خوێنەی كە هەیە زۆرتر رەوانەی ئەندامە بنچینەییەكانی وەك دڵ و مێشك و گورچیلە و جگەر دەكرێت، ئەوەش لەسەر حیسابی ئەو بڕە خوێنەی كە لە پەلەكان دەگیرێتەوە. كەمبوونەوەی خوێن لە شانەكانی پەلەكاندا، هەستی سڕبوون و مێروولەكردن درووستدەكات.

6-تێكچوونی سوڕی خوێن:
هەبوونی گرێی منداڵدان وادەكات ئافرەتی تووشبوو بڕێكی زۆری خوێن بەشێوەیەكی ناڕێك لە سوڕی مانگانە دابنێ، ئەوەش بڵاوترین پاڵنەرە بۆ كەمخوێنی لە خانماندا. 

7-ئارەزووكردنی خواردنی شتی سەیر:
ئەوانەی كەمخوێنی زۆریان هەیە، پێدەچێت ائرەزووی خواردنی شتگەلێك بكەن كە ئاسایی ناخورێن، وەكو حەزچوونە سەر خواردنی قوڕ، كاغەز. هەندێكی دیكەیان نەریتی دیكە پەیدادەكەن وەك كرماندنی سەهۆڵ بە بەردەوامی.

8-كەمبوونەوەی زرنگیی:
ئەگەر گرفتت هەیە لە تەركیزكردن، بیركەوتنەوەی شتەكان یان هەستتكرد چیدی وەكوو جاران مێشكێكی چالاك و زرنگت نییە، مەرج نییە بەهۆی چوونەسەری تەمەن بێت، بەڵكوو دوورنییە بەهۆی كەمیی ماددەی ئاسن بێت لە جەستەتدا.

9-ژانەسەر:
ژانەسەر لە كەسانی ئاساییدا نامۆ نییە، بەڵام ئەگەر تووشی ژانەسەرێكی  بەردەوام و دورودرێژ بووی و بە دەرمانی دژە ئازاریش ژانەسەرەكە تەواو بنەبڕ نەدەبوو، ئەوە سەرێك لە پزیشكەكەت بدە تا بۆ هۆكارەكانی بگەڕێت كە دوور نییە یەكمێكیان كەمیی ئاسن بێت.

10-ئازاری قاچ:
حاڵەتێك هەیە كە پێیدەگوترێت قاچی نائارام، كە حاڵەتێكی پەیوەسن بە هەستەدەمارەكانە و تێیدا كەسەكە هەست بە ئازاری قاچ و نائارامییان دەكات و دەخوازێت هەردەم لە جووڵەدا بێت. هەرچەندە هۆكاری ئەم حاڵەتە بە وردی نەزانراوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی نێوەندی تەندروستیی جۆن هۆپكینز 15%ی تووشبووەكان كەمی ماددەی ئاسنیان هەیە.

11-ئاڵۆزبوونی دووگیانی:
كەمخوێنیی بەهۆی كەمیی ئاسن بڵاوترین جۆری كەمخوێنییە لە ژنانی دووگیاندا، ئەگەر چارەسەریش نەكرێت ئەوا رێگا خۆشدەكات بۆ لەدایكبوونی منداڵ بە ناكامی و كەمیی كێشی منداڵ.
ئەوەش دوو هۆكاری سەرەكیی هەیە: یەكەم لەكاتی دوگیانیدا بڕی ئاو لەنێو جەستە زیاد دەكات و بەوەش بۆ هەمان قەبارە لە خوێن بڕێكی كەمتر لە ئاسن و خڕۆكەی سوور لە بەردەست دەبێ، دووەم پێداویستیی جەستە بۆ ئاسن زیاد دەكات چونكە هەریەكە لە وێڵاش و كۆرپەلە پێداویستیی خۆیان لە ئاسن لە جەستەی دایكەكەوە وەردەگرن.

12-قژرووتانەوە:
ئەگەر قژت زیاتر لە جاران دەڕووتێتەوە و موویەكی زۆرتر بە شانەكەتەوە بەجێدەمێنێت، دوورنییە بەهۆی كەمیی ئاسنەوە كەمخوێن بیت. بەڵام قژ رووتانەوە هۆكاری دیكەشی هەن، وەك پاڵنەری بۆماوەیی، ناتەواویی هۆرمۆنیی و كەمیی هەندێك ڤیتامینی دیكە.

13-رەشبوونی پیسایی:
رەشبوونی پیسایی رەنگە بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە و ریخۆڵەوە بێت، كە دەبێتەهۆی كەمیی ئاسن و سەرەنجام كەمخوێنی.
وەرگیراوە لە سایتی ڕووداو
سەروەر سالار