ئەم نەخـۆشییە زیاتر لە رەگەزی نێرینەدا روودەدات، تا یەک كەس لە رەگەزی مێ توش دەبێت چوار كەس لە رەگەزی نێر تووش دەبێت، بە تایبەت لەوكەسانەدا كە پێستیان سپی یە.
راگەیاندنی :: تەندروستی چەمچەماڵ
ناسۆر بریتی یە لەدروستبوونی كیسێك یا بۆشاییەک كە موو یا پیسی تێدا كـۆدەبێتەوە، زۆرجار لە كۆتایی پشت لە نێوان هەردوو لای سمت كە پێی دەڵێن (كلێنچكە) دروست دەبێت، نزیكەی(٥)سم دەكەوێتە سەرووی كۆمەوە، دەكرێت لە چەند شوێنێكی تری وەك (بنباڵ،نێوان پەنجەكان،ناوك و سەرسنگ) یش دروست ببێت.
باوەڕ وایە لەئەنجامی لوولبوونی مووەكان و چوونە ناوەوەی بۆ ناو پێست لەو شوێنانەی كە باسكران دروست بێت پاشان نیشانەكانی دەردەكەون.
نەخۆشی ناسۆر لەتەمەنی(١٥-٢٥) ساڵیدا بەڕێژەیەی بەرچــاو دەردەكەوێ، لەدوای تەمەنی(٢٥) ساڵییەوە ئەو رێژەیە بەرەو داكشان دەچێت،لەدوای تەمەنی (٤٠)ساڵی یەوە زۆر بەكەمی دەبینرێ بەهـۆی كەمبوونەوەی بەرگری لەش و گـۆڕانكاری لە سیستەمی هۆرمۆنی لەش.
هۆکاری نەخۆشییەکە کامانەن؟
هۆكاری توشبون بەم نەخۆشیە تائێستا بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام باوەڕ وایە کە کۆمەڵێک هۆکار بەرپرسبن لێی، لەوانە :ـ
١- کـارکردن لەسەر کۆمپێوتەر و شۆفێریکردن بۆماوەکی زۆر کاتێک سمتیان تووشی روشان و برینداربوون دەبێت.
٢- رانەگرتنی پاكوخاوێنی و زۆری و لوولی و ناڕێكی موو یان گەشە كردنی موو بە پێچەوانەی لەش.
٣- لەسپی پێست و لەو کەسانەدا کە زیاد ئارەقە دەكەنەوە و
قەڵەو و نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
نیشانەکانی ناسۆر چۆنە؟
ناسۆری کلێنچکە روودەدات کـاتێک کە مووەکە پێست کوون دەکات ودەچێتە ناوەوە،لەقۆناغەكانی سەرەتای نەخۆشیەكە پێش ئەوەی ببێتە دوومـەڵ تەنها سوربوونەوە یا هـەوكردنی سەلكی موو یا دەردانی درێژخایەن تێبینی دەكرێت كە دواتر ئەمە گەشە دەكات و دەبێتە دومەڵ،ئنجا نەخۆشەكە هەست بە ئازارێكی زۆردەكات. نیشانەکانی بوون بە دوومەڵ بریتین لە:-
١- دروستبونی چەند کون یان بۆشای تر لەتەنیشتی بۆشاییە سەرەتاییەکەوە.
٢- سوربوونەوە و ئاوسان بوونی بۆنێکی ناخۆش لە برینەکە.
٣-هاتنە دەرەوەی کێم و خوێناو بەشێوەی شلەیەکی زەردباو.
٤- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش (تا).
چارەسەری ناسۆر چۆن دەکرێت؟
كاتێك نەخۆشیەكە تەشەنەی نەكردبێ بەپاكوخاوێن راگرتنی شوێنی نەخۆشیەكە و شۆردنی بەئاوسابون، لابردنی موەکان نیشانەكانی نەخۆشیەكە ون دەبن و ئازارەكە نامێنێ.
ئەگەر نەخــۆشی ناسـۆر دوومەڵی دروستكردبێ، پێویست بە نەشتەرگەری دەکات لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە،نەخـۆشەکە بەنجی گشتی یا نیو بەنجی بۆ دەکرێت.دواتر برینێك لەسەر دوومەڵەكە دەكرێ و ناسۆرەكە بەتەواوی لە خوێن وپیسی و مووەكانی ناوی پاكدەكرێتەوە ،وە برینەكە بەكراوەیی بەجێ دەهێڵرێ تاخۆی یەكدەگرێتەوە و چاكدەبێتەوە،لەو ماوەیەدا پێویستی بە پاككردنەوەی بەردەوام هەیە (لانی كەم دو رۆژ جارێك) تابەتەواوی برینەكە یەك دەگرێتەوە.