سەرئێشە - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الأربعاء، 31 أكتوبر 2018

سەرئێشە

سەرئێشە دوو جۆری سەرەكی هەیە:
یەكەم/
سەرئێشەی یەكەمی: ئەم جۆرەیان تەنیا سەرئێشەیە و هیچ هۆكارێكی دووەمی لەپشت نییە، كە ئەمانە دەگرێتە خۆی(( سەرئێشەی هێشوویی، سەرئێشەی لاسەر(شەقیقە) و كرژبوونە سەرئێشە و چەند جۆرێكیتری سەرئێشە  كە زۆر باو نین.))

دووەم/
سەرئێشەی دووەمی: ئەم جۆرەیان سەرئێشەكە نیشانەیە بۆ نەخۆشییەكی تر، واتا نەخۆشییەكە لەشوێنێكی ترە و سەرئێشەكە نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیە، كە ژمارەیەكی یەكجار زۆر نەخۆشی دەگرێتەخۆی لەوانە(( ووشكبونەوەو كەمخواردنەوەی ئاو، كەمخەوی، برسێتی زۆر بەجۆرێك شەكر و وزەی تەواو نەگات بە مێشك، خورانی بڕبڕەكانی مل(سەوەفان)، هەوكردنی قورگ و لووت و بۆری هەوا، هەوكردنی گوێی ناوەڕاست و دەرەوە، هەوكردنی پەردەكانی مێشك، خوێنبەربوونی مێشك، بەرزبوونەوەی پەستانی ناومێشك، گرێی شێرپەنجەیی و ........هتد))

هەموو جۆرێكی سەرئێشە مەترسیدا نییە و دەكرێ تەنیا بەپشوودانێك یا رێگایەكی ئاسان چارەسەر ببێت. 
بەگشتی هەر سەرئێشەیەك ئەم نیشانانەی لەگەڵدابوو، پێویستە گرنگی پێبدرێت و سەردانی پزیشك بكرێت:
سەرئێشە لەگەڵ یەكێك یا زیاتر لەمانە+

•تا.
•رشانەوەی زۆر.
•سڕبوون و لەكاركەوتنی پەلەكان(دەست و قاچ).
•تێكچوونی بینین.
•گەشكە.
•تێكچوونی قسەكردن.
•سەرئێشەیەك كە بەهێزترین سەرئێشەبێت لە ماوەی تەمەندا.
•سەرئێشەیەك كە لەسەرووی پەنجا ساڵییەوە تووشی 
هاتبێتی.
•سەرئێشە لەو كەسانەدا كە دەرمانی وارفارین بەكاردێنن و خۆیان سەرێشەی یەكەمیان نییە.
•سەرئێشەیەك دوای رووداوێك تووشی بێیت(رووداوی هاتووچۆ یا زیانباربوونی سەر).
•سەرئێشەیەك كە لەپڕ درووست دەبێت و دەگاتە لووتكەی ئازار بە چەند خولەكێك.
•سەرئێشە لەو كەسانەدا كە نەخۆشی شێرپەنجە یاخود (ئایدز)یان هەیە یاخود هەڵگری ڤایرۆسی(ئێچ ئای ڤین).

چارەسەری هەرجۆرێكیان بەندە بە دەستنیشانكردنی تەواوەتی جۆری سەرئێشەكە و دەبێت پزیشكی پسپۆڕ جیای بكاتەوە.

د.محمد سیدعلی بەرزنجی -كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی