ئاوی سپی چاو - ماڵپەڕی کورد کلینیك

بابەتی نوێ

الخميس، 11 أكتوبر 2018

ئاوی سپی چاو

#ئاوی_سپی_چاو

#زانستی_پزیشکی
 #soran_q_m
مەبەست لەم حاڵەتە، لێڵبوونی هاوێنەی چاوە. هاوێنە لەپشت گلێنە هەڵكەوتووە و ئەو رووناكییەی پێیدەگات، رێكی دەخات و بەهۆیەوە وێنەیەكی روون دەگەیەنێتە تۆڕی چاو.

 
#چۆن_روودەدات؟

هاوێنەی چاو بەشێوەیەكی سەرەكی لە ئاوو پرۆتین پێكهاتووە. پرۆتینەكە بەشێوەیەكی زۆر وورد و ئەندازەیی رێكخراوە كە یارمەتی هاوێنەكە دەدات ئێجگار ڕوون بێت. هەر هۆكارێك ریزبوونی ئەندازەیی ئەو پرۆتینانە تێكبدات (پرۆسەی چوونە تەمەن بڵاوترین هۆكارە) ئەو ڕوونییەی هاوێنەكە كەمدەبێتەوە. 

#نیشانەكانی:

1-لێڵبوونی بینین: كەسەكە وا هەست دەكات لە پەنجەرەیەكی هەڵماویی یان سەهۆڵبەندانەوە شتەكانی بەردەمی دەبینێ.
2-درووستبوونی شەپۆل بە چواردەوری رەنگەكاندا
3-سەختیی بینین لە شەواندا
4-دوو بینی لە یەك چاودا: واتە هەر شتێك لەپێشچاوت دەبێتە دوان

#هۆكارە رێخۆشكەرەكان:

دوای تەمەنی 40 ساڵی، لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ئەگەری تووشبوون زیاد دەكات. جگە لە تەمەن ئەم هۆكارانەی دیكە ئەگەری ڕوودانی زیاتر دەكەن:
1-هەندێ‌ نەخۆشی وەك شەكرە
2-هەندێ‌ خووی ناتەندرووست وەك جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحولی
3-ژینگەو دەوروبەر، وەك بەركەوتنی درێژخایەنی تیشكی خۆر
4-هۆكاری بۆماوەیی: هەبوونی نەخۆشییەكە لە كەسە نزیكەكانت
5-چاو زەبری بەربكەوێ
6-نەشتەرگەری پێشووتری چاو
7-قەڵەویی
8- بەرزیی فشاری خوێن
9-زۆر بەكارهێنانی دەرمانە ستیرۆیدییەكان

#خۆپاراستن:

1-بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی كە ڕێگە بگرێت لە تێپەڕینی تیشكی سەرو وەنەوشەیی
2-خواردەمەنی دەوڵەمەند بە كانزا و ڤیتامینەكان
3-جگەرەنەكێشان
4-لە تەمەنی 60 ساڵیدا پشكنینێكی هەمەلایەنەی چاوت بكرێت لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە
چارەسەر:
لە قۆناغە سەرەتاییەكانی نەخۆشییەكەدا دەكرێت بە بەكارهێنانی چاویلكەی پزیشكی حاڵەتەكەت باش ببێت. ئەگەر ئەمە بێسوود بوو، یاخود نەخۆشییەكەت پێشڕەوییەكی زۆری كردبوو ئەوا نەشتەرگەریت بۆ ئەنجام دەدرێت ئەویش بە لابردنی هاوێنە لێًڵەكە و دانانی هاوێنەیەكی ڕوونی دەستكرد لە جێگەیدا
. نەشتەرگەرییەكە تا پلەیەكی بەرچاو هەم سەلامەتە و هەم بە جۆرێك سەركەوتووە كە 90%ی ئەوانەی بۆیان ئەنجام دەدرێت بینینیان بەشێوەیەكی بەرچاو چاك دەبێتەوە.
#زانستی_پزیشکی
 #soran_q_m